▪ زۆلم و زۆرداری تا سەر بەردەوام نابێت .

ھشیار شکاک خورشید

راپەرینی ١٩٩١ دەنگی یەکگرتووی میللەتی مەزلۆمی کورد بوو ، دژی ئەو زۆلم و ستەمەی کە سەدەھای ساڵە رووبەرووی ئەم گەڵە بووتەوە لە لایەن رژێمێکی شۆڤێنی و زورداری عێراق کە ھەر چی چەکی قەدەغەکراو و تاوان ھەیە دەستیان لێ نە پاراستووە ، دژی ئەم گەلە کردوویانە ، کەچی ئەم گەلە ھەر زیندووە و نەمردووە ، بەلام پرسیار ئەمەیە ئێستا ئەوان لە کوێن ؟ ئێمە لە کوێن ؟ ئەگەر بتەوێ لە ھەر تاکێکی ئەم نیشتیمانە بپرسی ئەرێ ھۆکاری سەرکەوتنی ئەم رووداوە چی بوو ؟ گۆمانی تێدا نییە ھەر ھەموویان ھۆکار بۆ یەک دەنگی ئەم گەڵە دەگێرنەوە کە لە سەرجەم شارەکانی کوردستان تەبلی ئازادی و سەربەستی لێدرا و ژێر دەستی و مەڵکەچکردن رەت کرایەوە ، پیشانیاندا گەلێک گەر ئارەزووی سەربەخۆ بوونی ھەبێت ، ئەوا چەکێکی گەورەی ناوێ ، بەلکۆ دەنگێکی یەکگرتووی سەربەخۆ بوون و گیان فیدایی دەوێ ، زۆر پێوویستە لایەنەکانی کوردستان رووداوی لەو جۆرە بکەنە بنەمای یەکگرتنی داھاتووی کارەکانیان ، لە بەر ئەوەی بۆ گەلێکی ستەم دیدە و مەزلۆمی وەک کورد یەک دەنگی و یەک ھەڵوێستی زۆر پێوویست و گرنگە ، وەک ئەوە وایە تۆ لە بیابان بیت ، تێنوویەتی وگەرمی تیشکی خۆر کاریگەری خراپی لە سەر ھەموو ئەندامەکانی لەشت دروست کرد بێت ، ھێزت لێ برا بێت ، دواتر لە ناکاو ئاوت دەست بکەوێت ، وەک ئەوە وایە دووبارە لە دایک ببیت ، دیسان ھێز و گۆروتین بخیتەوە بەر ئەندامەکانی لەشت ، وەک چوون لە ساڵی ١٩٩١ گەڵی کورد ھەموو دەنگ و رەنگ و بیری خۆیان کۆکردەووە ، دواتر کرا بە بۆمبێک بەوانەدا تەقاندووە کە دەنگ و باوەر و بیر و ھزرێکی ستەمکارانە و زۆردارانەی ھەبوو ، بەمەش پیشانی ناوچەکە و جیھانیاندا کە زۆلم و زۆرداری تا سەر بەردەوام نابێت ، بەشی دەسەلاتێکی لەو شێوەیە ھەر لە ناوچوون وگۆر بە گۆری دەبێت .

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.