▪ گرنگی سازش نەکردن مەسرور بارزانی بە نموونە…

فرسەت سەید شکور

١٦ی ئاداری ٢٠٢٣
لە دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، یەکێک لەو پەیڕەو و بنەمایانەی مەسرور بارزانی کاری لەسەرکردوون، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەیاندنی یاسای چاکسازی بووە بە پەرلەمان و لەدوایدا هەوڵە چڕەکانی بۆ جێبەجێکردنی بڕگە و خاڵەکانی ئەو یاسایە، کە دواتر بە قازانجی هاوڵاتیاندا شکایەوە و پێشوازی گەورەی لەلایەن خەڵکەوە لێکرا.
وەک ڕوون و ئاشکراشە دوای چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم، گۆڕانکاری زۆر ئەرێنی لە پرۆسەی ئیدارەدانی دامەزراوەکاندا کراوە. ئەمە جیالەوەی سەڕەرای ڕێگری و تەگەرەکان داھاتی ناوخۆ ڕێکخرایەوە و شەفافییەتی داھاتی نەوتیش بۆ ھاوڵاتیان سەلمێندرا. ھەموو ئەمانە و بەردەوامیدا بە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و خستنەڕووی پرۆژەی نوێ بۆ بازاڕی کار و گەنجان و پرۆسەی بە دیجیتاڵ کردن و فراوانکردنی پەیوەندییە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لە ھەرە بەرەوپێشچوونەکانی کابینەی نۆیەم بوون، ئەوەشمان لەیاد نەچێت سەڕەڕای دروستکردنی ئاستەنگی بەردەوام لەلایەن حکوومەتی عێراقی و گرووپە دەسەڵاتدارەکان بەڵام حکوومەتی ھەرێم مووچەی فەرمانبەرانی دوانەخست و لە کاتی خۆیدا دابەشیان دەکات.

مەبەستمە بڵێم؛ یەکێک لە خاسیەتەکانی حکومڕانی بەھێز و سەرکەوتوو بریتییە لە پاراستن و سازش نەکردن لەسەر ماف و داوا ڕەواکانت، ئەمە ڕێک لە سیاسەتەکانی مەسرور بارزانیدا ڕەنگیداوتەوە، با ئەوەمان لە یاد بێت، کە ماوە دوای ماوە تەپڵی ڕووخان و لەنێودانی قەوارەی ھەرێمی کوردستان لێدەدرا، چ بە ھەڕەشە، چ بە مووشەک یاخود بەناو دادگەوە، ئەگەرچی ھەندێک لایەن و خەڵک زوو تەسلیم بوونیان ھەڵدەبژارد بەڵام مەسرور بارزانی بەردەوام سازش و دەست ھەڵگرتنی لە حەقی کورد لە بەغداد ڕەتدەکردەوە، ئەوە وایکرد؛ کە ھەرێمی کوردستان نەک بمێنێتەوە بەڵکو بەھێزتریش بێت و ببێتە نموونەی حکومڕانی سەرکەوتوو لە عێراق و ناوچەکە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی زلهێز کاریگەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شا‌هێدی پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستانن، ئەوەش وایکردووە کە بە بایەخەوە لە داهاتووی ئەم قەوارەیە بڕوانن.
بابەتەکە بە دیاریکراوی ئەوەیە؛ بەشێکی گەورەی مانەوە ملنەدان و خۆ تەسلیم نەکردنە، نەکەوتنە ژێر عاتیفەی داگیرکەر و نەیارەوەیە.

بە دروستی دەگەینە ئەو بڕوایەی، سەرەڕای (ئاڵنگارییەکان، ناکۆکییەکان، گرفتەکان) مەسرور بارزانی لە پێشخستنی كوردستان بەردەوامە، راستە كە لە ھەندێک بەش و سێکتەری دیکەی حکومڕانی ھێشتا زیاتر پێویستی بە پێداچوونەوە و چارەسەری گرفتە کەڵەبووەکان ھەیە، بەڵام ڕەنگبێ خوگونجاندن لەگەڵ ئەم دۆخە سەختەی جیھان و ناوچەكەی تێ کەوتووە، ئاسان نەبێت، لێ كاركردن و هەنگاونان بەردەوامە.
مەسرور بارزانی بەردەوام دەڵێت: (ئەگەر بە تەنیاش بم، تەحەمولی بەرپرسیارێتی دەکەم) مێژووش ئەوەی سەلماندووە، ئەوەی لە بەرپرسیارێتی نەترسابێت، لە ھەڕەمی سەرکەوتن و لە ئاست متمانەی خەڵکیشدا بووە.

دەبێت بۆ مێژوو لە یادمان بێت؛ کە ئەوە بوێرییەکانی مەسرور بارزانییە، حکوومەتی عێراقی ناتوانێت دژایەتی ڕاستەوخۆ و شکاندنی ئیرادەی کورد پەیڕەو بکات، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جەخت لە پاراستنی پەیوەندیی و ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق دەکاتەوە، بەڵام لەسەر بنەمای (دەستوور) و (سازان) نەک تەسلیم بوون.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.