▪ لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر بنکەی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە سووریا، کەسێک کوژراو و شەشی دیکەش بریندار بوو

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژیی ئێران هێرشی کردە سەر دامەزراوەیەکی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە پارێزگای حەسەکەی سووریا و لە ئەنجامدا کارمەندێک گیانی لەدەست دا و کارمەندێک و پێنج سەربازی ئەمریکیش بریندار بوون.

پنتاگۆن لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە کە دوێنێ نزیک کاتژمێر ١٣:٣٠ بەکاتی ناوخۆ، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی دامەزراوەیەکی چاکسازیی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشی کردووەتە ئامانج.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا کارمەندێک کە بە گرێبەست کە لەگەڵ ئەمریکا کار دەکات گیانی لەدەستداوە و کامەندێک و و پێنج سەربازی ئەمریکیش بریندار بوون.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەروو کە چارەسەری دوو سەربازی بریندار لە شوێنی رووداوەکە ئەنجامدراوە و سێ سەربازەکەی دیکە و کارمەندەکەش گواستراونەتەوە بۆ دامەزراوە پزیشکییەکانی هاوپەیمانان لە عێراق.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی کە باسی لێوە دەکرێت سەر بە ئێران بووە، ئاماژە بە لێدوانی وەزیری بەرگریی ئەمەریکا، ڵۆید ئۆستن کراوە و تییدا هاتووە: “بە رێنمایی سەرۆک (جۆ) بایدن، رێگەم بە هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا دا بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئەو دامەزراوانەی کە گرووپەکانی پەیوەست بە سوپای پاسدارانی ئێران بەکاریان دەهێنن. ئەمە لە وەڵامی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی ئەنجامدرا کە بەم دواییە کراوەتە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە سووریا”.

ئۆستن ئاماژەی بەوەش دا کە هێرشی ئەمریکا بۆ پاراستنی کارمەندانی ئەمریکی ئەنجامدراوە و رایگەیاند کە هێرشەکە بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پەرەسەندنی گرژییەکان بووە.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.