▪ گەڕانەوەی حزبی بەعس بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی لە عیراق دا
نەوزاد محەمەد
چەند رۆژێکە بە فراوانی باس لە گەڕانەوەی حزبی بەعسی عیراقی بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی لە عیراقیدا دەکرێت.
جارێک لە زاری رەغەدی کچی سەدامی گۆڕ بەگۆڕ و جارێک بە هەواڵی مانەوەی سەدامی دکتاتۆر لە ژیاندا و چەندین شرۆڤە و لێکدانەوەی جیاواز لەم بارەیەوە.
سیاسەت هەموو احتمالاتی تێدا هەیە و دور نیە ئەم بابەتە بەشێک بێت لە باس و پلانی زل هێزەکان بۆ قۆناغی داهاتووی عیراق و ناوچەکە، بە تایبەت کاتێک کاریگەری دەخاتە سەر ستراتیجیەت و مانەوەیان لە ناوچەکە، لە هۆکاری سیاسی و دیبلوماسی و هاوسەنگی هێز و بەرژەوەندی ئابوری و مانەوە بۆ درێژترین ماوە.
ئەوەی گومانی تێدا نیە، ئەگەر باسێکی لەو جۆرە هەبێت، ئەوە بە بێ ئاگاداری ئەمریکا و هاوپەیمانان و تا دەگاتە هەندێک لایەنی عیراق نەبووە.
ئەگەر ئەمریکا بیری لەوەش کردبێتەوە، ئەوە هۆکاری خۆی هەیە و دیارە بێ ئومێد بووە لەو دۆخە سیاسیەی ئێستا لە عیراق دا هەیە.
بە تایبەتی بێ هیوا بوونی لە لایەنە شیعیەکان کە هەموویان کەوتونەتە ژێر رەکیفی ئێران و بۆ بەرژەوەندی ئێران کار دەکەن، هەر ئەم لایەنانەن تا ئێستا نەیانهێشیتووە ئارامی و سەقامگیری لە عیراق دا پەیدا ببێت.
لە لایەکی تر لایەنە سوننە عەرەبە عیراقیەکان نیانتوانیوە بەرەنگاری شیعەکان ببنەوە و رێگر بن لە دەستێوەردانەکانی ئێران لە عیراقدا.
بە تایبەت لەم دواییەدا لایەنە شیعیەکان بە تەواوی ملکەچی داخوازیەکانی ئێران بوونە و بابەتی ئاودیوکردنی ملیارەها دۆلار لە عیراقەوە بەرەو ئێران کە لایەنێکی کوردستانیش دەستی تێدا بووە، کە ئەمە بابەتێکی هەستیارە بۆ ئەمریکا.
هەروەها ئەمریکا بەم هەنگاوە دەیەوێ ئاستەنگ بخاتە رێگای رووسیا و چین لە پشتیوانیان بۆ ئێران، لەبەر ئەوەی یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی ئەمریکا لەم هەنگاوەدا لێدانی لایەنە شیعیەکانی سەر بە ئێرانە لە عیراق و بڕینی دەستی ئێرانە لە عیراق و ناوچەکە بە گشتی.
ئێران دەستەوەستان ناوەستێت و هەموو هێز و توانای خۆی بۆ بەرەنگاریونەوەی ئەم دۆخە و مانەوەی خۆی دەخاتە کار، هەر بۆیە گەڕانەوەی حزبی بەعس سەرەتای شەڕی کۆتایی هێنان بە رژێمی ئێران دەبێت.
هەروەها لە ناوخۆی عیراقیش دۆخەکە بەرەو قۆناغێکی تر دەڕوات، یان بەرەو کۆنفدڕاڵی، یانیش دابەش بوونی عیراق بۆ چەند وڵاتێک.
بۆ بیر هێنانەوە پێش چەند ساڵێک و لە سەر دەمی حکومەتی عەبادی، لە بابەتێک دا پێشبینی ئەوەم کرد کە لەوانەیە بە جۆرێک لە جۆرەکان حزبی بەعس بگەڕێتەوە ناو گۆڕەپانی سیاسی لە عیراقدا.
پێمان وایە لەم پێشهاتە نوێیانەدا هەرڵمی کوردستان سوود مەند دەبێت، ئەگەر ئاسانیش نەبێت بەڵام دەتوانرێ پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە بەهێزتر بێت و ئایندەی خۆی مسۆگەر بکات، واتا بە گشتی دۆخەکە لە بەرژەوەندی کورد دا دەبێت.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.