▪ ئهنفال زامێكی قوڵ لهناخی ههمووماندا
ئەنوەر سەید عومەر
لەرێكهوتی 14/4/2009 ئەو رۆژەی كە روفاتی 187 قوربانی ئەنفالكراوی گەرمیان لە گوندی دێبنهی ناحییەی رزگاری بەخاكسپێردران،
رۆژی 4/13 كەژاوەی روفاتی قوربانییەكان لەناو پێشوازی هاوڵاتیانی مرۆڤدۆستی هەولێر و بۆناو پەڕلەمانی كوردستان و بە ناو شاردا بەرێز و حورمەتەوە بەڕێكران و دواتریش بەناو ئاپۆرای هاوڵاتیانی شاری كەركوك و لەوێشەوە بۆ چەمچەماڵ و تاگهیشتنیان بۆ سلێمانی له ئامێزگرتنی روفاتهكان،،
لە رێكەوتی 4/13 لەسلێمانیەوە بەناو پێشوازی هاوڵاتیانی شاری سلێمانی و لەوێشەوە بۆ دەربەندیخان و تەواوی گوندەكانی سەر رێگا تاوەكو باوەنور.
لە 4/14 لە باوەنورەوە بۆ گوندی دێبنەی ناحیەی رزگاری لە گەرمیان، پێشوازی گەرم و پڕ لە هەڵوێستی تەواوی چین و توێژەكانی كوردستان لەگەڵ ئەوەی لەناو خەمێكی قوڵدابووین، لەهەمانكاتدا ئاسۆی یەكریزی و تەبایی ئاماژەی ئەوەی دەدا كە نەتەوەكەمان دواجار لە خۆشی و شینەكانماندا لە ژێر یەك چەتری گەورەداین، ئەو رۆژە هەموو دەنگە جیاوازەكانی رۆژانی پێشووتر هەبوون، یەك خەمی قوڵ و كۆستی گەورەی ئەنفال هەمووانی كۆكردەوە، ئەو رۆژانە سەدان دیمەنی ویژدان هەژێنمان بینی، ئەو رۆژانە بۆ كەس و كاری ئەنفالكراوەكان بەگشتی و خەڵكی گەرمیان و كەس و كاری ئەنفالكراوەكان بەتایبەتی رۆژانێکی یەكجار سەخت و دژوار بوو، رۆژێك كە هەر لە یەكەم دەركەوتنی كەژاوەی روفاتی پیرۆزی قوربانییەكان هەزاران دایك و باوكی جگەر سوتاو ساتەوەختی ئەنفالكردنی ئازیزانیان كەوتەوە یاد، ئەو رۆژەی كە ئەستەم بوو مرۆڤ بتوانێت بە بینینی ئەو دیمەنانە نەگری، گریان لە قوڕگی هەموان دا بوو، ئەو رۆژە دەیان دیمەنی جەرگ بڕ و روح سوتێنەرم بینی، ئەو دیمەنانەی لەو رۆژەدا من بینیم هەرگیز ناتوانم لەبیریان بكەم، ئەو دیمەنانە هێندە دیمەنی كاریگەر بوون كە ئەستەمە مرۆڤ بتوانیَت لە یادەوەری خۆیدا بیان سڕیتەوە، ئەو رۆژە كە لە خزمهتی یهكهم كهژاوهی روفاتەكاندا بووم له ههولێرهوه تا زێدی قوربانیهكان، دیمەنەكانم هەمووی بە جوانی دەبینی، هەر بەدەركەوتنی كەژاوەی یەكەم روفات سەدان كەس لەیەك كاتدا بە دەنگی بەرزو نزم دەگریان، سەدان كەس لەناخەوە دەكوڵان، جەرگیان گڕی دەگرت، حەشرێكی دەستەجەمعی بوو، ئەو رۆژە دیمەنی ئەو دایكانەی كە چەندین ساڵە چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئازیزانیان دەكرد، ویژدانی هەموو مرۆڤدۆستێكی دەهەژاند، ئەو رۆژە چەندین پیاوی بەتەمەن و دایكی بەتەمەنم بینی كە كەژاوەی روفاتەكان دەردەكەوت دەیان ویست بۆ پێشوازی لە روفاتی پیرۆزیان هەڵسنە سەر پێ بەڵام توانای هەڵسانە سەر پێیان نەبوو، وەكو ئەوەی ئەژنۆكانیان هێزی هەستانە سەرپێیان پێنەدا، لەناو ریزی قوتابیان و خوێندكاراندا گوێبیستی دەنگی دەیان گەنج دەبووی كە هاواری باوكیان دەكردو باوكەڕۆیان دەكرد، هاواری دایكیان دەكرد، چەندین كەس براڕۆی بوو، هاواری خوشك و براو ئازیزانیان دەكرد، چەندین پیاو و ئافرهتی بەساڵاچووم بینی بەدەم گریان و هاوارەوە دەیانگوت(بەخێربێنەوە بەقوربانتان بم، بەقوربانی ئێسك و پروسكەكانتان بم)،دەیان و سەدان دیمەنی جەرگبڕم بینی، ئەو رۆژە ئەوەندە گریاین تاقەتمان لە بەر بڕابوو، هێزمان تیا نەمابوو، بەتەواوی شەکەت ببووین.
ئهنفال كۆستێكی یهكجار سهخته، خهمێكه ههموو كوردێكی خاوهن وێژدان ههست به ئازارهكانی دهكات.
كەواتە چۆن هەموومان یەك خەم كۆمان دهكاتهوە، زۆر گرنگه لەئێستا و ئایندەدا خەمی یەكپارچەیی خاك و یەكڕیزی نێوان هاوڵاتیان بكرێتە نەخشە رێگای گەشەپێدان و بەرەو پێشبردنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان، هەڵبەت بۆ ئەوەی لانی كەمیش وەڵامێك بێت بۆ كۆنە بەعسی و شۆفێنیەكان چونكە لە پرۆسەكانی ئەنفالدا رژیمی بەعسی روخاوو تەنها لەبەر ئەوەی كورد بوون هەزاران ژن و منداڵ و گەنج وپ یری جینۆساید كرد، ئەگەر هەر مەترسیەكی دیكە بێتە پێشەوە ئەوە هەموومانین لەبەردەم ئەو مەترسیەداین، بۆ ئەوەی زەمانەتی دووبارە نەبوونەوەی تاوانی هاوشێوە بكریت تاوەكو هاوڵاتیانی كورد و خاكی كوردستان رووبەروی جینۆسایدێكی دیكە نەبێتەوە، یەك هەڵوێستی و یەكدەنگی و یەكڕیزی لەئاستی بەرژەوەندیە باڵاكانی نەتەوەكەمان ئەو زەمانەتە دەستەبەر دەكات.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.