▪ بەربەستەکانی بەردەم چاکسازی لە عێراق

 

فرسەت سەید شکور

 

گەندەڵی لە عێراق

لە چوارچێوەی عێراقدا، زیانبەخشترین کاریگەرییەکانی گەندەڵی لە دزەکردنی بەرژەوەندییە تایبەتەکانەوە لە سەرانسەری دەوڵەتدا سەرهەڵدەدات. کێشە سەرەکییەکان بریتین لە فراوانبوونی مووچەی کەرتی گشتی و ساختەکاری بەرفراوان لە پەیوەندی لەگەڵ گرێبەستەکانی حکومەتدا.

تێگەیشتن لە گەندەڵی لە عێراق

زۆرجار گەندەڵی لە عێراقدا بە تاوانێکی تاکەکەسی تێدەگەین کە پاڵنەری تەماحی کەسی و مەیلی شکاندنی یاسایە کە مەبەست لێی خۆدەوڵەمەندکردنە، زۆربەی ئەوانەی ڕەخنەیان گرتووە یان هەوڵی هەڵمەتی بانگەشەی دژی گەندەڵییان داوە، سەرنجیان لەسەر پاڵنەرە کەسییەکان بووە لە کەڵەکەکردنی سامانی نایاسایی.

بەڵام ئەو گەندەڵییە سیاسییەی کە لە ناوەندی سیستەمی سیاسی دوای ٢٠٠٣دا هاتووەتە کایەوە، زیاتر دەرئەنجامەکانی لە دەوڵەت و کارکردنی ڕۆژانەی دامەزراوەکاندا بووە. ئەم واتا ئەم گەندەڵییە سیستماتیکە لە ئاستی نوخبەدا ئەنجام دەدرێت. بڕیارێکی بەکۆمەڵ لەخۆدەگرێت نەک تاکەکەسی بۆ بەکارهێنانی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانی دەوڵەت بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە لە بەرژەوەندی چینی دەسەڵاتدار. بەپێی پێناسەی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، گەندەڵی سیاسی بریتییە لە ‘دەستکاریکردنی سیاسەت و دامەزراوە و ڕێساکانی ناوخۆ لە تەرخانکردنی سەرچاوە و دارایی لەلایەن بڕیاردەرانی سیاسییەوە، کە پێگەی خۆیان خراپ بەکاردەهێنن بۆ بەردەوامبوونی دەسەڵات و پێگە و سامانەکەیان.

نزیکەی دوو دەیە دوای لەشکرکێشی و داگیرکاری، بەگشتی ئەو سەرچاوانەی کە لە خەزێنەی دەوڵەتەوە دەرهێنراون لەڕێگەی گەندەڵی سیاسییەوە، هێندە زۆرە زەحمەتە بخەمڵێندرێت. ئەحمەد چەلەبی لە ساڵی 2014، لەکاتێکدا سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بوو، مەزەندەی کرد؛ کە وڵاتەکەی 551 ملیار دۆلاری لە گەندەڵی لە سەردەمی دوو سەرۆکایەتییەکەی مالیکیدا لەدەستداوە. 

لە پێش هەڵبژاردنی ساڵی 2018، کۆمیسیۆنی شەفافیەتی پەرلەمانی عێراق مەزەندەی کرد کە لانیکەم 320 ملیار دۆلار لە پارەی حکومەت لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا دیار نەماوە.  عەلی عەللاوی، لە کۆتایی خولی یەکەمی وەزیری دارایی (٢٠٠٥-٢٠٠٦)، مەزەندەی کرد کە گەندەڵی لە نێوان ٢٥ بۆ ٣٠%ی بودجەی حکومەت بۆ لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان دەروات

. لە ساڵی 2020، لە دووەم پۆستی وەزیری داراییدا، مەزەندەی کرد کە لەنێوان 100 بۆ 300 ملیار دۆلار لە دەرەوەی وڵات لەلایەن عێراقییەکانەوە لەبەردەستدایە، ئاماژەی بەوەشکردووە کە ‘زۆرینەی زۆری ئەم سەروەت و سامانانە بەشێوەیەکی نایاسایی بەدەستدەهێنرێن’.

 بەرپرسێکی باڵا کە بەرپرسیارە لە پیشەسازییەکی گەورەی خزمەتگوزاری، مەزەندەی کردووە کە تەنها وەزارەتەکەی 80 ملیار دۆلاری لەدەستداوە بەهۆی گەندەڵییە سیاسییە سزادراوەکانەوە.  بەڵام بە هۆکاری سیاسی هەرگیز لێکۆڵینەوەیەکی پزیشکی دادوەری یان شەفاف لەبارەی تێچووی دارایی وردی گەندەڵییە سیاسییە سزادراوەکان لە عێراقدا نەکراوە. خەمڵاندنە جۆراوجۆرانە بۆ ڕادەی گەندەڵی حکومەت لە چاوپێکەوتنەکانی نووسەراندا دەنگی دایەوە کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢١ لە بەغدا ئەنجامیاندا  بەشێوەیەک بودجەی وەزارەت بۆ تەندەرکردنی گرێبەستی ساختە خەرج دەکرا بە گوێرەی بەدواداچوونەکان چارەکێکی دیکەی بودجە کە بەفیڕۆ دەروات لە گەندەڵی مووچە ئەوەیە؛ فەرمانبەرانی حکومەت کە کرێیەکی ئاسایی وەردەگرن بەڵام هەرگیز بۆ کارکردن ئامادەنابن واتا کارەکانی خۆیان ئەنجام نادەن.

بە دڵنیاییەوە ئەم جۆرە لە گەندەڵی داهاتی، تەنها بە سوودی چینێک و داکەوتنی چینێکی دیکە دێتە هەژمار، ئەم بە سیستماتیکردنی گەندەڵییە لە عێراق بەشێوەیەکە ئەندامانی نوخبەی دەسەڵاتدار بەیەکەوە دەبەستێتەوە و کۆمەڵگەیەکی هاوبەشی تاوانبار ئاسا دروست دەکات، زۆرینەی گەندەڵییەکانیش لەو کاتەوە دروست دەبن کە حیزبەکان پارەی زیادە لە پێویست بۆ دروستکردنی بازنەی هەڵبژاردن و کێبڕکێ لەسەر دەسەڵات بۆ خۆیان دابین دەکەن. سروشتی سیستماتیکی ئەم گەندەڵییە بەو ڕاستییە ئاماژەی پێدەکرێت کە فەزیحە گەورەکانی گەندەڵی لە کاتە جیاوازەکاندا لە هەموو وەزارەتەکان و زۆرینەی لە ئیدارەکانی دەوڵەتدا ڕەنگیداوەتەوە.

 

فراوانکردنی مووچەی کەرتی گشتی

 

بەرهەمێکی لاوەکی سەرەکی ئەم گەندەڵییە پێکهاتەیی، فراوانبوونی خێرای مووچەی کەرتی گشتی بووە. لە ساڵی ٢٠٠٥ بەدواوە ئەو پارتانەی کە لە هەڵبژاردنەکاندا ئاستێکی باشیان هەبوو، کاتێک وەزارەتەکانیان کۆنتڕۆڵکردووە، دواتر بودجە و مووچەی وەزارەتەکانی هاوبەشیان کۆنترۆڵ دەکرد تا هەڵبژاردنی داهاتوو. هەر حیزبێک ئەم دەسەڵاتەی بەکارهێنا بۆ دامەزراندنی بنەماڵە و ئەندامانی حیزب و شوێنکەوتووانی.  لە بازاڕێکی کاردا کە خزمەتگوزاری مەدەنی و سەربازی زاڵ بوو، کە خواست لەسەر هەلی کار زۆر زیاتر بوو لە دابینکردن، ئاسانترین ڕێگە بۆ دەستەبەرکردنی دامەزراندن لە دەوڵەتدا، پەیوەست بوون یان بەیعەتدان بوو بۆ یەکێک لە پارتە سیاسییە باڵادەستەکان، یان بەرتیلدان بە کارمەندێکی ئاستی خوارخوارەوە. پرۆسەیە بووە هۆی فراوانبوونی بەردەوام لە دامەزراندن لە حکومەتدا.

 

فرانک گانتەر، ئەکادیمیستێکی ئەمریکی، مەزەندەی کردووە کە لە ساڵی ٢٠١٣دا لەسەدا ١٠-٢٥ی ئەوانەی وەک کارمەندی حکومەت ناویان هاتووە “بندیوار” بوون. وە لە ساڵی ٢٠٢٠ عەلی عەللاوی وەزیری دارایی مەزەندەی کرد کە ژمارەی فەرمانبەرانی سەر لیستی مووچەی حکومەت گەیشتووەتە ٤.٥ ملیۆن کە لەو ژمارەیە ٣٠٠ هەزاریان کاری خۆیان نەکردووە.

هەروەها د.فوئاد حسێن، وەزیری دارایی لە پێش عەللاوی، لە ساڵی 2019 ڕایگەیاندووە؛ ژمارەی فەرمانبەران و خانەنشینانی کەرتی گشتی لە 850 هەزارەوە لە ساڵی 2003 بۆ 6.5 ملیۆن لە ساڵی ٢٠١٩ زیادیکردووە.

 

ساختەکاری گرێبەست

بەرهەمێکی لاوەکی زیانبەخشتر لە کۆنترۆڵکردنی وەزارەتەکانی لایەنە سیاسییەکان، ساختەکارییە ئیندێمیکەکانی گرێبەستەکانە کە لە سەرانسەری حکومەتدا ڕوودەدات. بە گوێرەی ڕادی حەمزە ڕادی ئەلکینانی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی دەستپاکی (2004-٢٠06)، خراپ بەکارهێنانی گرێبەستە حکومییەکان باوکی هەموو پرسەکانی گەندەڵی’ بووە بە شێوەیەکی ئاسایی گرێبەستی وەزارەت بەو بازرگانانە دەدرێت کە لە لایەنە سیاسییە باڵادەستەکانەوە نزیکن یان لە بریکارەکانیان لە وەزارەتەکانی حکومەتدا. پاشان بە ئەنقەست تێچوونەکان هەڵدەئاوسێن، قازانجەکان لە نێوان بەڵێندەران و لایەنەکاندا دابەش دەکرێن. 

 سکاڵاکان سەبارەت بە نرخە زۆرەکان و خراپ یان نەبوونی گەیاندنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان و پڕۆژەکان پشتگوێ دەخرێن، چونکە هەمان ئەو سیاسەتمەدار و فەرمانبەرە باڵاکان کە سەرپەرشتی پێدانی گرێبەستەکان دەکەن دڵنیا دەبن لەوەی کە لێکۆڵینەوەکانی ئاستی وەزاری لە نەگەیاندنی گرێبەستەکان بەدواداچوونیان بۆ ناکرێت.

بەشێکی سەرەکی ساختەکاری گرێبەستی حکومی بریتییە لە بەکارهێنانی کۆمپانیاکانی توێکڵی ساختە. یەکێک لە گەورەترین فەزیحەیەکانی کەرتی کارەبا لە عێراق پەیوەندی بە گرێبەستێکی نێوان وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیایەکی گوایە بەریتانییەوە بوو بە ناوی ‘پاوەر ئینجینز’،  بۆ دروستکردنی وێستگەیەکی کارەبا لە شاری ناسریە لە باشووری عێراق. حکومەتی عێراق بڕی 21 ملیۆن دۆلاری گرێبەستکراوی داوە تەنها بۆ ئەوەی بزانێت کۆمپانیاکە ساختەیە.  بەڵام حکومەت ئەو کەسانەی لە داڕشتنی گرێبەستەکەدا بەشداربوون یان سکاڵایەکی یاسایی تۆمار نەکرد و سزای نەدا. لە بەڵگەنامەیەکی دیکەی فەرمیدا زیانی 8 ملیۆن دۆلاری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرهەمهێنانی وزەی باکوور ئاشکراکردووە، دیسانەوە بۆ کۆمپانیا ساختەکاندا، لە سکانداڵێکی دیکەدا، تۆڕێک کە بریتییە لە بەکارهێنانی کارتی زیرەکی ساختە بە بەهای یەک ملیار و نیو دینار (بەرامبەر نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار بە نرخی ئەمڕۆی ئاڵوگۆڕی دراو) 32 لە وەزارەتی دارایی لە ساڵی 2017  دۆزرایەوە .

 

کۆبەند

سەروەت و سامانی نەوتی عێراق و ئابوری ناوەندگەرایی، وایکردووە، عێراق تووشی گەندەڵی و کەڵەکەبوونی سامانی کەسی بێت. بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٠٤ تا ٢٠٠٩ وەزارەتی نەوت نزیکەی یەک ملیار و نیو دۆلاری لەدەستدا بەهۆی زیادبوونی نرخ و کەمی دابینکردن. لە نموونەیەکی دیکەدا، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تەلال ئەلزوباعی، لە ساڵی ٢٠١٣دا ئەوەی خستەڕوو: ‘بڕی پارەی ئەو زیانانەی کە وەزارەتی کارەبا لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١١ لە ئەنجامی دزینی نەوت لەلایەن کۆمپانیا نەوتییەکانەوە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتەکە بە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا مەزەندە دەکرێت.بە هەمان شێوە، گەندەڵی لە بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبادا مەزەندە دەکرێت کە بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە بڕی 4-6 ملیار دۆلار لە نێوان ساڵانی 2003 و 2020، بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی گرێبەستی پادکراو و کڕینی ئامێری گرانبەها و/یان نەگونجاو. 

ئەو ئەڵقانەی سەرەوە زیاتر ئارگومێنتی ناوەندی ئەم توێژینەوەیە دەردەخەن، کە ئەوەیە کە تێگەیشتنی تایبەت لە گەندەڵی لە عێراقدا، وەک ئەوەی بەهۆی دەوڵەمەندکردنی کەسی یان گروپییەوە دەجووڵێتەوە چاوپۆشی لەو دینامیکییە سیاسییە گەورەترانە دەکات کە لە بنەڕەتدا لە ڕیشەی ئەم جۆرە کێشانەدان. جگە لەوەش گرنگە لەبەرچاو بگیرێت کە پارتە سیاسییەکانی دوای ٢٠٠٣ چۆن کۆنترۆڵی وەزارەتەکانی حکومەتیان بەکارهێناوە بۆ دابینکردنی بودجەی ئۆپەراسیۆنەکانی خۆیان و هەژموونی کۆمەڵگا. بەم مانایە، ڕۆڵی سەرەکی گەندەڵی بریتییە لە گەیاندنی سەرچاوەی دەوڵەت بۆ بەشداربووانی پەیمانی نوخبە، بەمەش (ئەگەرچی، بە تێچووی گشتی زۆر) پێوەرێک لە یەکگرتوویی سیاسی دابین دەکات لە هەمان کاتدا توانای دابینکردنی بودجەی ڕێکخراوە حزبییەکان.

 

سەرچاوە: https://www-chathamhouse-org


 

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.