بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی گەلی جوامێرمان لە کەرکووک و هەموو شوێنێکی کوردستان و برای تێکۆشەر جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و هەردوو جێگری سرۆکی پارتیمان پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردایەتیی وکادرە تێکۆشەرەکانی و گشت دڵسۆزانی دەکەین، داواکارین لە خوای گەورە خێر و بەرەکەت بە سەر ئێمە و گەلی عێراق و هەموو جیهانی ئیسلامی ببەخشێت.
لە کاتێکدا کە کۆتایی بە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دەهێنین و جەژنی ڕەمەزان پیرۆز دەکەین، پێویستە لەم ڕۆژە پیرۆزانەدا، یەکبگرین وبەتەواوی هەوڵ بدەین بۆ زامنکردنی سەروەریی یاسا و پەنابردنە بەر دەسەڵاتی دادوەری لە هەموو بابەتێکی جێناکۆکیدا، لەبەر ئەوەی بەبێ باڵادەستبوونی ئەم دوو پرەنسیپە، واتاکانی دادپەروەری و یەکسانی بەدی نایەن و، واتاکانی تەبایی و لێبوردەیی لە کۆمەڵگاکانماندا بەدی نایەن، چونکە یاسا و دادوەری بنەمای سەقامگیری و پێشکەوتنی وڵاتانن. لە هەمان چوارچێوەدا بەهاکانی چەسپاندنی دیموکراسی و کاری سیاسی بنیاتنەریش بەدی دێن، کە گەشەی نیشتمان و پێشکەوتنی هاووڵاتییان و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵگا بە گشتی بە باڵاترین ئامانجی دەزانێت، دوور لە بەرژەوەندی کەسی و حزبیی تەسک و ئەجێندا گوماناوییەکان. بۆیە پێویستە جەخت بکەین و هەموو هەوڵێک بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان ئەمساڵ لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، کە ئەمەیش ڕێزگرتنە لە ئیرادەی گەلەکەمان و، پێویستە هەموومان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان کار بکەین کە بە خوێنی شەهیدان و دەیان ساڵ قوربانیدانی خێزانەکانیان و خەباتی گەلی نەبەزمان بەدەست هاتوون و، دەبێت پشتیوانیی پرۆسەی بیناسازی و چاکسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەین کە خزمەتی هەموو هاووڵاتییانمان دەکەن و، پێویستە پاڵپشتیی هەوڵی ماندوونەناسانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەین بۆ کاراکردنی ڕێککەوتنەکانی پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵی بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور و، و دڵنیابوون لە گەڕاندنەوەی دۆخی ئاسایی بۆ کەرکووک و شەنگال، بە شێوەیەک کە گەرەنتیی جێبەجێکردنی چارەسەری واقیعییانەی بەردەوام و مافە ڕەواکانی هەموو پێکهاتەکان بکات.
لە کاتێکدا خۆشیی جەژن و شنەکانی کۆتایی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەگێڕین، سڵاو دەنێرێن بۆ باوکی ڕۆحیی پرسی کورد سەرکردەی نەمرمان مستەفا بارزانی و بۆ گیانی کاک ئیدریس بارزانیی هەمیشە زیندوو و، سڵاو و ڕێز ئاراستەی قارەمانانی هێزی پێشمارگەی دلێر دەکەین و، سڵاو لە گیانی بەرزەفڕی شەهیدانی کوردستان و قوربانییانی ئەنفال و کیمیاباران و خێزانە بەڕێزەکانیان دەکەین.
لە خودای مەزن داواکارین ئاشتی باڵ بە سەر وڵاتەکەمان و هەموو وڵاتانی موسڵمان و جیھان بکێشێت و، داواکارین بە میهرەبانیی خۆی ئەم جەژنە بکاتە جەژنی خۆشی و بۆ هەمووان بە چاوڕوونی و بەرەکەت بگەڕێتەوە.
جەژنتان پیرۆز بێت و، هەموو ساڵێک بە خۆشی….
دکتۆر کەمال کەرکووکی
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیان
20ی نیسانی 2023
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.