▪ چەند ڕێنمایی و ڕاسپاردەیەكی گرنگ بۆ قوتابیان و دایكان و باوكان و مامۆستایان سەبارەت بە تاقیكردنەوەكانی وەرزی دووەم
✅ ئەركی دایكان و باوكان لە ڕۆژانی تاقیکردنەوە:
- پێویستە دایكان و باوكان پێش هەموو شتێك كەشوهەوایەكی ئارام و هێمن بۆ ڕۆڵەكانیان لە ماڵەوە بڕەخسێنن، هەروەها لە هەموو ئەو گوفتار و ڕەفتار و كردارە ناپەسەندانە دووربكەونەوە كە ئاڵۆزی و پەشێوی دروست دەكەن، وەك دەمەقاڵی و ناكۆكی و بۆڵەبۆڵ و شەڕ و توندوتیژی و…هتد. چونكە ئەمانە ڕاستەوخۆ كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر مێشك و دەروونی منداڵ بەجێ دێڵن.
- ئەگەر لە توانادابوو، پێویستە دایكان و باوكان ژووری تایبەت بۆ منداڵەكانتان لە ماڵەوە دابین بكەن، چونكە هەبوونی ژووری تایبەت، زیاتر یارمەتی قوتابیان دەدات بۆ ئەوەی سەعی و كۆششێکی باشتر بكەن و چاکتر خۆیان ئامادە بكەن بۆ تاقیكردنەوە.
- پێویستە دایكان و باوكان سەرجەم پێداویستییەكانی تاقیكردنەوە بۆ منداڵەكانیان دابین بكەن، وەك: قەڵەم و قەڵەمبڕ و مەساحە و مەستەرە و هیتر.
- پێویستە دایكان و باوكان بەیانی لەكاتی خۆیدا منداڵەكانیان لە خەو هەڵبستێنن، بۆ ئەوەی لەكاتی خۆی لە قوتابخانە ئامادەبن و لە تاقیكردنەوە دوانەكەون، چونكە زۆرجاری وا هەبووە قوتابی لە خەودا ماوەتەوە و تاقیكردنەوەكەی لەكیس چووە و ئەو ڕۆژە مافی بەشداریكردنی نەبووە.
- پێویستە دایكان و باوكان نانی بەیانیان بۆ قوتابییەكانیان ئامادە بكەن، چونكە لە ڕووی زانستییەوە ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە سەلمێنراوە كە نانی بەیانی كاریگەریی هەیە لەسەر یادگە و مێشك و دڵ و دەروونی منداڵ و هۆكارێكیشە بۆ حزوری زەین و مێشك و بیرخستنەوە، هەروەها باشتر وایە ژەمی بەیانی خۆراكە وزەبەخشەكان بە منداڵ بدرێن، چونکە دەبنە هۆی بەهێزكردنی لەش و جەستە، وەك: هەنگوین و هێلكە و شیر و پەنیر و خامە و ماست و…هتد.
- پێویستە دایكان و باوكان یارمەتی منداڵەكانیان بدەن بۆ ئەوەی پلانێكی تۆكمە و باش بۆ ڕۆژانی تاقیكردنەوە دابنێن، بەتایبەتی ئەگەر منداڵەكانیان لە قۆناغی بنەڕەتی بوون، چونكە ئەوان بە تەنیا ناتوانن ئەو كارە لە ئەستۆ بگرن.
- پێویستە دایكان و باوكان لە ڕۆژانی تاقیكردنەوە هەوڵبدەن كەمتر بچنە دەرەوە بۆ سەردانیکردنی کەسوکارەکان، یان گەشت و سەیران و بازاڕ، بۆ ئەوەی كاریگەریی لەسەر ئاستی زانستی مناڵەكانیان بەجێ نەهێڵێت.
- پێویستە دایكان و باوكان لە ڕۆژانی تاقیكردنەوە گشت ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان لەبەردەستی مناڵەكانیان دوور بخەنەوە، تەنانەت تا بكرێت خۆشیان كەمتر بەكاری بهێنن، بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی سەرقاڵبوون و دووركەوتنەوەی قوتابیان لە كەشوهەوای خوێندنەوە و سەعیكردن.
✅ ئەركی قوتابیان لە ڕۆژانی تاقیکردنەوە: - پێویستە قوتابی پێش هەموو شتێك پشت بە خوای گەورە ببەستێت، چونكە خوای گەورە لەبارەی ئەو كەسانەوە كە پشتی پێ دەبەستن دەفەرمێ: وَمَنْ يَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ فَهُوَ حَسْبُهُ.
- پێویستە قوتابی پلانێكی تۆكمەی هەبێ بۆ ڕۆژانی تاقیكردنەوە، بۆ ئەوەی بەپێی ئەو پلانە نەخشەڕێگای خۆی دابڕێژێت بۆ ڕۆژانی تاقیكردنەوە و چۆنیەتی سەعیكردن و خوێندنەوە و خواردن و خواردنەوە و نووستن و پشوودان و ئامادەبوون لە تاقیكردنەوە و چۆنیەتی وەڵامدانەوەی پرسیارەكان و….هتد.
- پێویستە قوتابی ڕۆژانە ژەمی بەیانی بخوات، چونکە نەخواردنی ژەمی بەیانی زیانی پێ دەگەیەنێت.
- پێویستە قوتابی متمانەی بە خۆی هەبێت و كەسێكی ورەڕووخاو نەبێ، یاخود خۆی وا تەلقێن نەكات كە دەرناچێت یان نمرەی باش بەدەست ناهێنێت.
- پێویستە قوتابی لە ترس و دڵەڕاوکێ دووربکەوێتەوە، چونكە ترس و دڵەڕاوكێ كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر مێشك و دەروونی قوتابی بەجێ دێڵێت.
- پێویستە قوتابی لە کاتی سەعی و كۆششكردن، خۆی بە بابەتە لاوەکییەکانەوە سەرقاڵ نەکات، بەڵکوو زیاتر تەركیز بخاتە سەر بابەتە گرنگترینەكان، ئینجا گرنگەكان، ئینجا بابەتەكانی دیكە.
- پێویستە قوتابی لە كاتی سەعیكردن، شوێنێکی ئارام و دوور لە جەنجاڵی، بۆ خوێندنەوە هەڵبژێرێت، كە دوور بێت لە دەنگەدەنگ و ژاوەژاو.
- پێویستە قوتابی لە تەلەڤزیۆن و مۆبایل و ئەنتەرنێت و هەموو جۆرە ئامێرێكی ئەلیكترۆنی و پەیوەندیكردن دوور بکەوێتەوە، تاكوو سەرقاڵ نەبێ پێیانەوە.
- پێویستە قوتابی شەو زوو بخەوێت، تاکوو بەیانی زوو لە خەو هەڵبستێت، چونکە خوێندنی بەیانیان لە خوێندنی شەوان بەرهەمدارتر و سوودبەخشترە.
- پێویستە قوتابی لە نێوان هەر نیو کاتژمێرێك سەعیکردن، (5-10) خولەك پشوویەک بدات، یان هەر كاتژمێرێک سەعیكردن، (10_15) خولەك پشوویەک بدات، بەڵام نابێ لەكاتی پشوو، خۆی بە ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانەوە سەرقاڵ بكات، چونكە مێشك و زەینی ماندوو دەكات.
- پێویستە قوتابی بە تەركیزەوە بخوێنێتەوە و لە داڵغەڵێدان و هزرپەرتی دوور بكەوێتەوە.
- پێویستە قوتابی هەموو پێداویستییەکانی تاقیکردنەوە بۆ ڕۆژی تاقیكردنەوە ئامادە بکات و لەگەڵ خۆی بیبات بۆ تاقیكردنەوە.
- پێویستە قوتابی لە کاتی دیاریکراو لە قوتابخانە ئامادە بێت بۆ تاقیکردنەوە.
- پێویستە قوتابی لە هۆڵی تاقیكردنەوە ڕێنمایییەکانی کارگێڕیی قوتابخانە و مامۆستایان جێبەجێ بکات.
- پێویستە قوتابی لەكاتی وەرگرتنی پرسیارەکان، نەشڵەژێت و ترسی لێ نەنیشتێت، بەڵكوو هەناسەیەكی قووڵ هەڵبكێشێت، ئینجا ناوی خوای لێ بهێنێت و دوای نووسینی ناوی خۆی و پۆل و هۆبەكەی، دوو سێ جار بە وردی سەرجەم پرسیارەکان بخوێنێتەوە، تا بەرچاوی ڕۆشن بێت ئاخۆ چی دەكات، ئینجا دەست بە وەڵامدانەوە بکات.
- پێویستە قوتابی سەرەتا ئەو پرسیارانە وەڵام بداتەوە، کە لە وەڵامەکەیان دڵنیایە، ئینجا بپڕژێتە سەر ئەوانی دیکە.
- پێویستە قوتابی هیچ پرسیارێک بەبێ وەڵام جێ نەهێڵێت، بەڵکوو دەبێ وەڵامی هەموو پرسیارێك بداتەوە، چونكە كاغەزی سپی نیشانەی تەسلیمبوونە.
- پێویستە قوتابی پەنا بۆ گزی و قۆپیەکردن نەبات و فێڵ لە خۆی نەکات.
- ئەگەر قوتابی پرسیارێكی نەزانی، یان لێی تێنەگەیشت، ئەوا پێویستە داوای ڕوونكردنەوە لە مامۆستای بابەتەكە بكات.
- پێویستە قوتابی پێش ئەوەی بچێتە دەرەوە، دووبارە هەموو وەڵام و پرسیارەکان بە وردی بخوێنێتەوە، نەوەک هەڵەیەکی کردبێت، یان شتێکی لەبیر کردبێت، بۆ ئەوەی هەڵەکەی ڕاستکاتەوە.
- پێویستە قوتابی پەلە نەكات لە وەڵامدانەوەی پرسیارەكان، هەروەها نەكەوێت ژێر كاریگەری ئەوانەی زوو وەڵام دەدەنەوە و دەچنە دەرەوە، بەڵكوو بە باشی سوود لە كاتەكەی وەربگرێت.
✅ ئەركی مامۆستایان لە ڕۆژانی تاقیکردنەوە: - پێویستە مامۆستایان کەشوهەوایەکی ئارام بۆ قوتابیان لە ناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە فەراهەم بکەن، بۆ ئەوەی قوتابیان هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی بکەن.
- پێویستە مامۆستایان لە هەر جۆرە گوفتار و ڕەفتار و کردارێکی توندوتیژ و شەڕەنگێزانە دوور بکەونەوە و، بە نەرمونیانی هەڵسوکەوت و سەرەدەر لەگەڵ قوتابیان بکەن.
- ئەگەر قوتابی پێویستی بە هەر جۆرە هاوکارییەک بوو، پێویستە مامۆستایان بەپێی ڕێنمایییەکان یارمەتیی بدەن.
- تا کاتی تاقیکردنەوە تەواو نەبێ، نابێ مامۆستایان فشار بخەنە سەر قوتابیان و ناچاریان بکەن کە هۆڵی تاقیکردنەوە بەجێ بێڵن….
لە کۆتایی دا، هیوای سەركەوتن بۆ سەرجەم قوتابیان و مامۆستایان دەخوازم.
نووسین: م. محەمەدساڵح پێندرۆیی(جگەرسۆز).
٢٠٢٣/٤/٢٦
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.