دەقی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی:
ڕۆژی شەممە 29ی نیسانی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی نوێنەرایەتییەكانی وڵاتان لە هەولێر كرد كە پێكهاتبوو لە خاتوو ڕۆزی كەیڤ كونسوڵی گشتیی بریتانیا لە هەولێر و بەڕێزان جاكۆ بیرندس كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر و و كلاوس ستریچێر كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر و تۆكلید بیگ بەرپرسی نوێنەرایەتیی یەكێتی ئەوروپا لە هەولێر و كاتریەن كرۆفت بەرپرسی بەشی سیاسیی كونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر.
لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەكان و پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنەكان ئاڵوگۆڕ كرا و شاندی میوان وێڕای دەستخۆشی لە دیاریكردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، جەختیان لە بایەخی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و دەستگرتن بە بەها دیموكراتییەكان و پاراستن و بەهێزكردنی بنەماكانی شەرعییەت لە هەرێمی كوردستان كردەوە.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لەبارەی پابەندبوونی هەرێمی كوردستان بە فەرهەنگی دیموكراسی و هەڵبژاردن بۆ شاندی خستەڕوو و ئاماژەشی بەوەدا كە گەلی كوردستان قوربانی داوە بۆ ئەوەی بە ئازادی بژیێت و بەهاكانی دیموكراسی پیادە بكرێت و لە دوای ڕاپەڕینی گەلی كوردستان لە 1991 لە شاری كۆیە بۆ یەكەمجار ڕایگەیاندووە كە پێویستە لە شەرعییەتی شۆڕشگێڕی بەرەو شەرعییەتی دەستووری بڕۆین و هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
سەرۆك بارزانی ئەوەشی بۆ شاندی میوان دووپاتكردەوە كە کوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی ترە و، لەپێناو پاراستنی شەرعییەت و بەهاكانی دیموكراسی، پێویستە لە هەرێمی كوردستاندا ئەمساڵ هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و، سەبارەت بە بابەتی چۆنیەتیی بەشداریی پێكهاتەكانیش ڕایگەیاند كە پێكهاتەكانی هەرێم خۆیان چ بڕیارێك بدەن ئێمە پشتیوانی ویستی ئەوان دەبین.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.