▪ به‌رپرسیارێتی دۆخی شنگال له ئه‌ستۆی په‌كه‌كه و حه‌شده
دڵشاد مه‌ولود گه‌ردی
ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه په‌كه‌كه به پشتیوانی گرووپه‌كانی حه‌شد، رێگره له جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنی شنگال و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره ئێزدییه‌كان بۆ سه‌ر خاك و ئاوی خۆیان، به‌لام له‌ولاوه سوپا و حه‌شد ئاسانكاری بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و عه‌ره‌بانه ده‌كه‌ن كه كه‌سوكاری داعشن یان له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی داعشدا سته‌میان له خه‌ڵكی شنگال كردوه.
خه‌ڵكی ره‌سه‌نی شنگال هه‌رگیز ریگه به گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و جۆره كه‌سانه ناده‌ن كه دوێنێ له ریزی داعشدا تاوانیان به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكی ئێزدی كردووه و ئێستا به پشتیوانی سوپا و له سایه‌ی رێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه ده‌یانه‌وێت بگه‌نه‌وه شنگال و نیشته‌جێ بن.
گه‌ڕانه‌وه یان هێنانه‌وه‌ی ئه‌و عه‌ره‌بانه بۆ شنگال له كاتێكدا كه زیاتر له ده‌یان هه‌زار خێزانی ناوچه‌كه له كه‌مپه‌كانی هه‌ولێر و دهۆكدان، كاره‌ساتی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچه‌كه‌ی به ته‌واوی لێده‌كه‌ویته‌وه.
سه‌دان ساڵه موسڵمان و ئێزدی له شنگال له كه‌شێكی پڕ له ئۆقره‌یی و ئارامیدا ژیانیان به‌سه‌ر بردووه، ئێستا ئاپۆچییه نوێیه‌كانی په‌كه‌كه رهوشێكیان دروست كردوه كه ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی خه‌ڵكی شنگال به موسڵمان و ئێزدییه‌وه بكه‌وێته مه‌ترسیه‌وه و ئه‌وان به‌رپرسیاری راسته‌وخۆی ئه‌و كێشانه‌ی ئه‌مڕۆی ناوچه‌كه‌ن.
په‌كه‌كه كه ئاسته‌نگی گه‌وره‌ی به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنی شنگاله به پشتیوانی حه‌شدی شه‌عبی و به‌شێكی سوپا سه‌رقاڵی جێبه‌جێكردنی ئه‌جێنداری ده‌ره‌كین بۆ دابینكردنی رێگه‌یه‌كی نوێی مه‌زهه‌بی بۆ به‌ستنه‌وه‌ی به‌غدا به شامه‌وه و پێیان وایه رێی قوم و نه‌جه‌ف به شنگالدا تێده‌په‌ڕێت بۆ شام و لوبنان ئه‌مه جه‌وهه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌یه كه رۆژ له دوای رۆژ ئه‌و گروپانه كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
موسڵمانانی شنگال هه‌مان چاره‌نوسی خوشك و برا ئێزدییه‌كانیان هه‌یه. ئه‌وان هه‌رگیز خۆیان له كۆمه‌ڵگه‌ی شنگالی دانه‌بڕیوه و له به‌رانبه‌ریشدا ئێزدییه‌كان باش ده‌زانن ئه‌وه‌ی خوینی بۆ رزگاركردنی ئه‌وان رشت برا پێشمه‌رگه‌كانیان بوون و ئه‌و راستیه‌ش ده‌زانن كه خه‌ڵكی كوردستان هیچ كاتێك جیاوازی ئاینی نه‌كردوه‌ته پێوه‌ر بۆ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌وان، به‌ڵكو ئه‌وان به‌شێكی دانه‌بڕاوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی و نه‌ته‌وه‌ی كوردن و پێویسته هه‌ردولاش باش ئاگاداری ئه‌و پیلانانه بن كه دانراون له پێناو تێكدانی ئاشته‌وایی ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تی نێوانیان.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.