▪ کەمینە پاوانخوازەکان

فرسەت سەید شکور

خۆسەپاندنی کەمینە بەسەر زۆرینەدا دیاردەیەکی بەربڵاوە لە دونیادا، بەتایبەت لەو دەوڵەت و وڵاتانەی لە قۆناغی پێگەیشتنی نوێدان، ھەرچی دەوڵەتە پێشکەوتووەکانە، ئەم دیاردەیە تا ڕاددەیەک کەمترە، ئەم دیاردەیە لە دوو دۆخدا بە دیاریکراوی ڕەنگ دەداتەوە؛
١- بارودۆخی کۆمەڵایەتی
٢- بارودۆخی سیاسیی
زۆرینەی کات کێشە کۆمەڵایەتیەکان لە کۆمەڵگەدا، لە پاوانخوازیی و حەزی خۆ گەورەکردنی خەڵکانێک لەنێو کۆمەڵگەی عەشائیریدا ڕەنگ دەداتەوە و ھەندێک کات دوژمنایەتی لێدەکەوێتەوە ئەمە ڕاستەوخۆ دەچێتە قۆناغ و قاڵبی خۆ شێواندنی دۆخە کۆمەڵایەتییەکان.
ھەرچی بارودۆخی سیاسییە، ڕەنگە ئەم بابەتە زیاتر ڕوون و ئاشکرایە و باشتر دەخوێنرێتەوە، نموونەی حکومڕانی ھەرێمی کوردستان لە قۆناغی ئێستادا، دەچێتە ئەو چوارچێوەیە، کامە لایەن متمانەی خەڵکی لە دەستداوە و دۆڕانی ھەڵبژاردنی پێ ھەزم ناکرێت، ئەو لایەنە دەیەوێ خۆی فەرز و زاڵ بكات بەسەر شەرعیەت و دیموکراسی و دەنگ و ھەڵبژاردندا، لە ھەمانکاتدا ھەموو ھەوڵ و پیلان و بەرنامەیەک دەخاتە کار بۆ شێواندنی دۆخەکە، دروست لەسەر ئەو بنەمایەی کە ئەگەر دۆخەکە بە دڵی ئەوان نەبێت، دەیشێوێنن، بە قەولی ھەندێک برادەر بە کەتنێک پەردەپۆشی حاڵی شڕ و شێواویان دەکەنەوە.

دروستکردنتی تەنگژەی بەردەوام و فراوانکردنی ئاڵنگارییەکان یەکێکە لەو ڕێگەیانەی کە پاوانخوازان بەردەوام دەیگرنە بەر بۆ یەکلایکردنەوەی بارودۆخ لە بەرژەوەندی خۆیان بە عەقڵیەتی خۆسەپێنی ئەمە باوترین دیاردەیە کە بۆ ئێستای ھەرێمی کورستان دێتە بەرچاو، لێرەدا ھوشیاری کۆمەڵگە گرنگ و یەکلایکەرەوەیە چوونکە دەبێت تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە، ڕاست و ڕەوان ئەم کەمینەیە بناسنەوە، ڕێگە نەدەن کە ئەم گرووپە بچووک بچووکانە بەرژەوەندییەکانی خۆیان بخەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە و ئەزموون و پێگە و ڕۆڵی ئەم قەوارەیە بخەنە ژێر پرسیارەوە، چونکە بە درێژایی مێژوو بەو شێوەیە بووە؛ کە تێکدەران و پاوانخوازانی کەمینە ھەمیشە لە پیلان و ھەلدا بوون، بەڵام شکستخواردوو بوون و ناویان ل مێژوودا بە خراپی تۆمارکراوە.

قەوارەی ھەرێمی کوردستان، بەرھەمی خەباتی دەیان ساڵەی ھێزی پێشمەرگە و خەڵکی خۆڕاگر و خاوەن قوربانی گەلی کوردستانە، پاراستن و قوربانیدان لەپێناویدا ئەرکێکی نەتەوەییە، لادان لەم ئەرکە مێژووییە، ناوێکی ڕەش و مێژووییەکی ناشرین بۆ ھەل پەرست و پاوانخوازان دروست دەکات.

“لایەنی پاوانخواز وەک ئەو کەسە وایە لەسە شاخێک کەسانی خوارەوە بە بچووکی ببینێت، بێخەبەر لەوەی لە خوارەوەش بە بچووکی ئەو دەبینرێت”

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.