▪ جێندەر چیەو
لەگەڵ کوێی شەریعەت تێک دەگیرێ؟
لێکەوتەکانی چین؟

زیاد زراری

٭جێندەر چیە؟
چەمکی (جێندەر) کە بە جۆری کومەڵایەتیی مانا کراوە، بریتیە لە دووبارە داڕشتنەوەی سەرجەم پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و خێزانیەکان و ئەرک و مافەکانی تاک لەناو خێزان و کۆمەڵگادا بەجۆرێکی جیاواز لەوەی ئێستا هەیە.

بۆ چی دژی شەریعەتی ئیسلامە ؟

دەتوانین بڵێین جێندەر لەگەڵ کۆی سیستەمی کۆمەڵایەتی ئیسلامیدا ناکۆکە بەتایبەت ژیانی خێزانیی، ئەوانەی خوارەوە چەند خاڵێکی ناکۆکین:

١- لە ئیسلامدا هەم ڕەگەزو هەم پێگەی ژن و پیاو لەناو خێزاندا شتێکی خواکردو نەگۆڕەو بەستراوەتەوە بەو پێکهاتە جەستەییەی لەسەری خوڵقاون، نەک بڕیاری کۆمەڵگا یان خودی کەسەکان، بەڵام بەبڕوای جێندەریەکان ڕۆڵی ژن و پیاو لە خێزاندا بەرهەمی داب و نەریت و کۆمەڵگایەو دەکرێ گۆڕانی بەسەردا بێت بێ گوێدانە ڕەگەز.

٢- لە ئیسلامدا تەنها دوو ڕەگەزو دوو جۆری کۆمەڵایەتیی هەن کە بریتین لە نێرو مێ، نێرینە ڕۆڵی پیاو دەبینێ و کۆمەڵێک ئەرک و مافی تایبەتیی بۆ دانراوە، مێینەش ڕۆڵی ژن دەبینێ ئەویش کۆمەڵێک ئەرک و مافی تایبەت و جیاواز لە پیاوی بۆ دانراوه، هەندێک ئەرک و مافیش هەن هەردوولا تێیدا بەشدارو یەکسانن، بەڵام جێندەر ڕەچاوی جیاوازیە ڕەگەزیەکان ناکات و پێی وایە دەبێ نێرو مێ لەهەموو شتێکدا یەکسان بن.

٣- لە ئیسلامدا (قوامە) بۆ پیاوە، واتە لەناو خێزاندا پیاو (مێرد، باوک) سەرۆک خێزانەو بەرپرسە لە ژن و منداڵەکانی، ژن دەسەڵاتی دووەمەو، لەحاڵەتی نەبوونی پیاو (مێرد یان باوک) دەبێتە دەسەڵاتی یەکەمی ناو خێزان، بەڵام ئایدیای جێندەریی قەوامە بەتەواوی ڕەت دەکاتەوەو ژن و پیاو بە هاودەسەڵات ناودەبات.

٤- لە ئیسلامدا هاوسەرگیریی (زواج) تەنها لە نێوان نێرو مێ، ژن و پیاودا ئەنجام دەدرێ، بەبێ بوونی ئەو دووانە خێزان دروست نابێ، بەڵام لە ئایدیای جێندەریدا دەکرێ ژن لەگەڵ ژن، پیاو لەگەڵ پیاو خێزان پێک بێنن، بگرە لەگەڵ ئاژەڵیشدا دەکرێ خێزان دروست بکەن.

٥- لە ئیسلامدا هاوڕەگەزبازیی ڕەفتارێکی قێزەونە و جۆرێکە لە لادانی ڕەوشتی، سزای سەختی دنیایی و قیامەتیی بۆ دانراوە، بەڵام لە ڕوانگەی جێندەریەکان بە مافێکی سروشتیی دادەنرێ و بە یاسا ڕێی پێدەدرێ و سزای ئەوانەش دەدرێ کە دژی دەوەستن یان بە چاوی سووک تەماشایان دەکەن.

٦- لە ئیسلامدا پەیوەندی سێکسی و منداڵبوون لەدەرەوەی خێزانی شەرعی تاوانێکی گەورەیەو ڕێی پێنادرێ، بەڵام لە ئایدیای جێندەرییدا زۆر ئاساییە ژن و پیاو، کوڕو کچ لە دەرەوەی خێزاندا پەیوەندیان هەبێ و منداڵیشیان ببێ.

“لە ئیسلامدا تەنها دوو ڕەگەزو دوو جۆری کۆمەڵایەتیی هەن کە بریتین لە نێرو مێ”

٧- لە ئیسلامدا کچ بە ڕەزامەندی وەلی ئەمری (باوک و باپیر یان براو کەسی نزیک) شوو دەکات، بەڵام لەلای جێندەریەکان هیچ حسابێک بۆ کەسوکاری کچ و کوڕ ناکرێ لەپڕۆسەی زەواجدا.

٨- لە ئیسلامدا دایکایەتی و شیرپێدانی منداڵ ئەرکی ئافرەتە، بەڵام لەلای جێندەریەکان دایکایەتی و منداڵ بەخێوکردن ئەرکێکی هاوبەشە دەبێ پیاویش بەشدار بێت تێیدا.

٩- لە ئیسلامدا بەخێوکردن (نەفەقە)ی ژن و منداڵ لەسەر پیاوە، ژن لەسەری نیە ئیشی دەرەوە بکات، بەڵام لە ئایدیای جێندەریدا ژن بۆ ئەوەی بژی دەبێ ئیش بکات، جا هەر جۆرە ئیشێک بێت!!

١٠- جێندەریزم مافی ئەوە دەداتە ژن و پیاو ڕەگەزی خۆیان بگۆڕن لەڕێی نەشتەرگەری و هەر جۆرە ڕێگایەکی تر، بەڵام لە ئیسلامدا نەفرەت کراوە لەوەی خۆی بە ڕەگەزی بەرامبەر بچوێنێ چجای ئەوەی ڕەگەزی بگۆڕێ.

١١- جێندەریزم لەباربردنی منداڵ بە مافی ئافرەت دەزانێ وەک بەشێک لە نەخشەسازی خێزان و ئاسانکاریی بۆ پەیوەندی سێکسی لەدەرەوەی خێزان، بەڵام لە ئیسلامدا لەباربردن تاوانێکە هاوتای کوشتن، مەگەر مەترسی لەسەر ژیانی دایکەکە دروست بکات.
بەهیوای سود بینین

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.