▪ گرژی ناو پەرلەمان و باسێکی تر

نەوزاد محەمەد

بابەت تەنها دیاردەیەکی نا تەندروست نیە لە ناو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان روویدا بێ، نا تەندروستیەکە لەوەدایە کە یەکێتی لە دژی پرسێکی چارەنوسساز وەستانەوە، ئەگەر نا زۆر ئاسایی یە لە ناو کوبونەوەی پەرلەمان گرژی و دەمەقاڵی لە نێوان ئەندامان یان فراکسیۆنەکان دروست ببێت، ئەگەر مەبەست لێی لە پێناو خزمەت کردنی خەڵکی بێت.

بەڵکو بابەتەکە ئەوەیە کە یەکێتی و بە تایبەت لە دوای کۆچی دوایی مام جەلال و لەسەر دەستی باڤل بە تەواوی خۆی ڕادەستی ئەجنداکانی ئێران کردووە و بوەتە بەشێک لە بەرەی مقاوەمە، پێشتریش لەسەر چەند هێڵێک بۆ بەرژەوەندی ئێران کاریان کردوەە، ئەمەی لە پەرلەمانی کوردستان روویدا تەنها هێڵێکە لە کۆی چەند هێڵێکی تر.

بە تەوقیتی گونجاو و لەسەر ئاستی ناوچەکە بە گشتی فشار دەکرێتە سەر رژێمی ئێران لە پێناو پووچەل کردنەوەی پلانەکانی لە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە و لاواز کردنی بەرەی مقاوەمە لە میلیشیا شیعیەکان لە عیراق و سوریا و لوبنان و یەمەن، کە سوپاس پاسداران سپۆنسەریان دەکەن.

هەروەها لە لسەر ئاستی نێو دەوڵەتی هەمان فشار هەیە لە رووی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و ئابلوقە ئابوریەکان و بەرەنگاربونەوەی تیرۆری نێودەوڵەتی بە سپۆنسەری رژێمی ئێرانی.

هەرێمی کوردستان بۆ ئێران بوەتە کۆسپێکی گەورە لە سەر ئاستی ناوچەکە، هەرێمی کوردستان ئێستا نمونەیەکی سەرکەوتووی دیموکراسی و شارستانیەت و ئاشتی و ئارامی و ئاوەدانی و پێکەوە ژیان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤە، سەرنجی تەواوی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، ئەمەیان بە دڵی رژێمێکی  ئاخوندەیی خوێن مژی دکتاتۆری مەزهەبی وەکو رژێمی ئێران نیە.

لە لایەکی تر لە رووی جوگرافی یەوە هەرێمی کوردستان بۆ ئێران پردێکی گرنگی بەستنەوەی نێوان پارچەکانی هێلی هیلالی شیعی یە، بەڵام سەرکردایەتی سیاسی کوردستانی و لە شەخسی جەنابی سەرۆک بارزانی هەموو هەوڵەکانی ئێرانی ڕەتکردەوە کە هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە بەکاربهێندڕێت، هەر بۆیە ئێران تەواوی توانای خۆی خستۆتە گەڕ بۆ دژایەتی کردنی هەرێمی کوردستان و پارتی بە تایبەت.

هێنانەوەی تالیبان بۆ ئەفغانستان بەشێک بوو لە پلانی ئەمریکا لە دژی ئێران، کۆنتڕۆل کردنی سنورکانی نێوان ئەفغاتستان و ئێران بە درێژایی ٩٠٠ کم دربێکی گەورە بو لە رژێمی ئێران درا، کە ئەم سنورە فراوانە  سەرچاویەکی گرنگی داهاتی بو بۆ سوپاس پاسداران لە رێگای بازرگانی بە مادەی هۆشبەر و قاچاغچیەتی و هەناردە کردنی تیرۆر

بە هەمان تەوقیت، حکومەتی تالیبان بابەتی ئاوی بەکارهێناوە لە دژی ئێران، سەرچاوەی ئاوی بەنداوی “کەمال خان”ی گۆڕیوە بۆ ناوخۆی ئەفغانستان، هەروەها دەستی کردووە بە دروست کردنی بەنداوێکی تر لە “بەخشباد”، بەو هۆیەوە بە تەواوی کۆنتڕۆڵی سەرچەوەکانی ئاو دەکات کە لە خاکی ئەفغانستانەوە دەچنە ناو خاکی ئێران، ئەم کارە رژێمی ئێرانی زۆر نیگەران کردووە و دەبێتە هۆی زەرەر و زیانێکی گەورە بۆ ئێران لە رووی ئابوری و ژینگەوە.

لەسەر ئاستی پەیوەندیە نێو دەوڵەتیەکان لە دژی رژێمی ئێران، بابەتی دڕۆنەکانی ئێران کە روسیا لە شەری لەگەڵ ئۆکراینا بەکاری هێناون بوەتە بابەتێکی دیبلۆماسی بە دەست حکومەتی ئۆکراینا وە، دەیانەوەێ فشارێکی نێو دەڵەتی دروست بکەن، لە لایەک هەوڵی سزادانی ئێران بدرێت، لە لایەکیش هەوڵی بەدەست هێنانی چەک بە تایبەت لە ئەمریکا و رۆژئاوا.

گەشتی سەرۆکی ئۆکراینا بۆ وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بۆ بە دەست هێنانی پشتگیری دیبلوماسی بووە لە چوارچێوەی بەرەی عەرەبی و بەستنەوەی بە رێکەوتنی ئیبراهیم کە ئەوەش خۆی لە خۆیدا لە دژی پیلانەکانی ئێرانە لە ناوچەکە و فشار خستنە سەر رووسیا یە.

بەڵام بە تەوقیتی گونجاو، بەرەی دیموکراسی لە تەواوی هێڵەکان، هەنگاوی خوی ناوە و ئەنجامی ئەرینیشی هەبووە، لە کۆتایشدا سەرکەوتن بە دەست دەهێنێت.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.