▪ تەنها گەلی كورد بریاری لە سەر چارەنووسی خۆی دەدات


رێبوار حەمەلاو شوانی

گەلی كورد ، وەك نەتەوەیەكی ڕەسەن لە رۆژهەڵاتی ناوین دا خاوەن پێگە وجوگرافیا و مێژوو و زمان و كەلتووری تایبەت بەخۆیەتیی ، هەر چەندە بە هۆی چاچنۆكی و زۆرداری زڵهێزان وداگیركەرانەوە نەتەوە و نیشتیمانەكەی لەت لەت كراوە ، بەڵام لە خەبات وتێكۆشان نەوەستاوە بۆ گەڕاندنەوەی مافەزەوتكراوەكانی ، هەر ئەو ئیرادە و ئومێدەشە كە وایكردوو كە دوای زیاتر لە سێ دەیە حكوومرانی سەرەرایی گشت كۆسپ و تەگەرەكان لە سەر پێی خۆی بمێنێتەوە .
هەروەها بوونی گەلێكی خاوەن ئیرادە و خۆراگر و سەركردایەتییەكی ژیرودانا وایكردووە ئەمرۆ خاوەن قەوارە و هەرێمێكی یاسایی و دەستووری و حكوومرانی بەخۆمان بین و هەموو رووداو و پێشهاتەكانی دەوروبەرمان دەخوازێت بۆ گەیشتن بە ئامانج سیاسی و ئابوورییەكانمان بنەماكانی دیموكراسییی و چاكسازی و پاكسازی زیاتر گرنگی وبایەخی یان پێبدەین .بەتایبەت ئەو هەنگاوەكانەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاویی بۆ ناوە ، هەموویان لە رووی سیاسی وئابووری وئیدارییەوە لە پێناو ئایندەیەكی خوشگوزەرانە بۆ هەموو كوردستانیان و پشتیوانی هەمەلایەنە گەرەكە .
هەروەها لە پێناو بەهێزكردنی پایەكانی حكوومڕانی و دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان ، بەشداریكردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسییەكان و شكستپێهێنان بە هەموو ئەو هەوڵ و خەونانەی كە نەیارانی ئەم گەل و قەوارەیە بەردەوام كاری لەسەر دەكەن هەنگاوێكی ستراتیژییە .لەلایەكی ترەوە ، هەنگاوەكانی حكوومەتی كوردستان لە پەرەپێدانی كەرتی ئابووری كوردستان و پشتیوانیكردنی جوتیاران و پەزداران و بازرگانان لە پێناو زیاتر بەرهەمهێنانی بەرهەمە نێوخۆییەكان و ئینجا دۆزینەوەی بازار لە وڵاتانی ناوچەكە وجیهان ئاماژەیەكی روونە بە پشت بەستن بە هەرێمی كوردستان و دووركەوتنە لە وابەستە بوون و هاوردەكردن ئەوەش پێگەی ئابووری كوردستان بەهێزتر دەكات .
یەكێكی تر لەو هەنگاوانەی حكوومەتی كوردستان ، سیستەمی باجە ئەویش لە پێناو بەهێزكردنی بنەماكانی ئابووری و بوودجەی پێوستە بۆ كاروپرۆژەكانی هەرێمی كوردستان و لە پێناو خزمەتكردنی هەموو كوردستانیان ،هەروەها یەكێك لە بنەماكانی پێشكەوتنی كۆمەڵگە و هاتنی سەرمایەداران و كۆمپانیاكان و گەشتیاران بوونی سەقامگیری و ئاشتییە ، ئەوەش وایكردووە كە هەرێمی كوردستان ببێتە دوورگەیەكی ئارام لە ناوچەكە و هەنگاوەكانیشی بەرەو زیاتر گەشەسەندنی ئابووری بەرەو پێشەوە ببات .
بۆیە،نەیارانی گەلی کورد بە درێژایی مێژوو نەیانتوانی ئیرادەی پۆڵاین و نەبەزووی گەلەکەمان لەنێوبەرن، راستە هەندێکجار ئیرادەمان لاواز بووە هەندێکجار سڕبووه، بەڵام هەرگیز نەشکاوە و نەسڕاوەتەوە، بۆیە کۆتاییمان پێ نەهاتووە، هەربۆیە لەماوەی دوو دەیەی رابردوو، بگرە زیاتریش دوژمنانی ئێمە پیلانەکانیان گۆڕی و هەوڵی شکاندنی ئیرادەی ئێمەیان خستە ئەستۆی خۆمان، یانی ئەوەی ئەوان نەیانتوانی، بریکار و بەکرێگیراوەکانیان لەخۆمان هاتوون جەنگی ئیرادەی خۆمان دەکەن.
هەموو ئەو هەنگاوانە وایانكردووە ، كە نەیارانی ئەم گەلو خاكە ، هەنگاوەكانی چڕبكەنەوە بۆ گۆشەگیركردن ولاوازكردنی سەنگ وپێگەی هەرێمی كوردستان ، بەڵام ئەوەی كە دەتوانێت رێگری لە بەدیهێنانی خەونی ناحەزان بگرێت ، خۆشەویستی بۆ نیشتیمان و حكوومەت و گەلی خۆمانە ،پابەندبوونە بنەماكانی دیموكراسی و بەشداریكردن لە هەڵبژاردن وو بەشداریكردن لە بەرهەمی ناوخۆ و پێدانی باج و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و پێشخستنی كولتوری كار و بەرهەمهێنان، حكومەت دەتوانێت بە ئاسانی ئامانجەكانی بگات و گەشەی ئابووری بەدیبهێنێت. چونكە دوژمنان نەك لە ئێستا بەڵكو هەمیشە چاویان بە ئازادی و پێشكەوتن و گەشەسەندنی گەلی كورد و قەوارەكەی هەڵنەهاتووە و نایەت ، ئەوەی كە هۆكاری دروستكردنی ئەو قەوارەیە بووە و هۆكاری مانەوە و پێشكەوتن و گەشەسەندنێتی هەر گەلی كوردە و هەر ئەویش بریار لە سەر چارەنووسی خۆی دەدات ..

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.