(بونیادی مرۆڤی ساغڵەم و بەرپرسیار)

بێستوون سالەیی

کاتێک کە (چین)ی کۆن ئەیویست پارێزگاری لە وڵاتەکەی بکات، دیواری گەورەی چینیان دروست کرد و پێیان وابوو ئیتر هیچ کەسێک ناتوانێ بەسەر دیوارەکەدا ئاودیو بێت، بەڵام دوای سەد ساڵی یەکەم لە دروستکردنی دیوارەکە سێ جار هێرش کرایە سەر وڵاتی چین. لە هەر سێ جار دوژمن بە پێویستیان نەئەزانی کە بەسەر دیوارەکەدا ئاودیو بن، چونکە زۆر بە ئاسانی بە پاسەوانانی بەر دەرگاکان خاوەیان دەدا و لە دەروازەکانەوە دەچوونە ناو شارەوە.
چینیەکان ماندوو بوونێکی زۆریان بینی و بەچڕی خەریکی بونیادی دیوارێکی بەرز بوون بەڵام لەیادیان نەبوو کە پاسەوانێکی باوەڕپێکراو دروست بکەن، چونکە دروستکردنی مرۆڤێکی باوەڕپێکراو و بەرپرس زۆر سەختترە لە دروستکردنی دیوارێکی بەرز. ئەمە ڕاستییێکە کە چینییەکان لێی بێ ئاگابوون.

ئێمەش جیاوازییەکی ئەوتۆمان نییە لەگەڵ (چین)ی کۆن، بۆ نموونە تا ئێستا فێرنەبووین پایەی بەهێزی خانەوادە دروست بکەین،
ئێمە لە دروستکردنی باڵاخانەو و کۆشکەکان وەکو دروستکردنی دیواری چین درێغیمان نەکردووە، واتا کۆشکمان هەیە و کۆشکمان دروست کرد بەڵام (کۆشکنشینمان) دروست نەکرد، باسەکە باسی سەرمایەو پارەو مادییات نییە، بەڵکو باس لە فەرهەنگ و فێرکردن و پەروەردەی تەندروستە لە کۆمەڵگا..

بۆ ئەوەی بزانین کەسانێک چۆن شارستانیەتێک لەناو دەبەن، سێ ڕێگە دەگرنەبەر:
یان خانەوادە لەناو دەبەن.
یا فێرکردن و پەروەردە لەناو دەبەن.
یان سیمبولەکان و کەسایەتی و زاناکان بێ ئەرزش و بێ بەها نیشان دەدەن..
بۆ لە ناوبردنی خانەوادە ڕۆڵی دایک بێ ئەرزش دەکەن و کارێک دەکەن کەدایکان لەماڵدارییان شەرم بکەن.
بۆ لەناوبردنی فێربوون و پەروەردە، شارەزایان و مامۆستایان دەکەنە ئامانج و لەبەر چاوی خەڵکی بە سووک باسیان دەکەن، بە شێوەیەک کە لەبەر چاوی قوتابی بچووک ببینرێن و وەڵا بنرێن.
بۆ ئەوەی سیمبولەکان ناشیرین بکەن دانا و زاناکان هێرش دەکرێتە سەریان، تۆمەتیان بۆ دروست دەکەن، گومان و هەڵوەستەیان بۆ دروست دەکەن، تا متمانەیان لای خەڵک نەمێنێ و بڕوایان پێ نەکرێت و کەمتر خەڵک گوێیان لێ بگرن..
بۆیە ئەگەر دایکێکی میهرەبان و هوشیار لە بەین بچێت و مامۆستایەکی دڵسۆز و وەفادار لە کۆمەڵکەدا جێگەی نەبووەوە و زانا و داناکانی مرۆڤساز روخێندران و بێ ئەرزش کران، ئیتر کێیە ئەو کەسەی دەیەوێ بەها و ئەرزشەکان لە کۆمەڵگەدا پەرە پێ بدات؟

لێرەیە کە وشەکان زیاتر لە گوللە مرۆڤە بە ئەرزشەکانی ناو کۆمەڵگە تیرۆر دەکەن.

تەماشای تۆرەکۆمەڵایەتیەکان بکەن و تا قوڵایی ئەم کارەساتانە بچن .
نەخوێندەوارەکان ئەمڕۆ ئەوانە نین کە ناتوانن بخوێن و بنووسن، بەڵکو ئەوان کەسانێکن کە نایانەوێ درک بە مرۆڤایەتی بکەن.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.