▪ به‌ خه‌ونیش نه‌ك قه‌واره‌ و نه‌ك هیچ كوردێكی خاوه‌ن كه‌رامه‌ت سه‌ر بۆ دوژمن ناچه‌مێنێت


رێبوار حه‌مه‌لاو شوانی

هه‌رێمی كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌یه‌كی یاسایی و ده‌ستووریی مێژووییه‌كی 30 ساڵه‌ی له‌ ئیداره‌دان و حكوومرانی و خۆبه‌رێوه‌بردنی كه‌ سه‌ره‌رایی هه‌موو ئه‌و كۆسپ و ته‌گه‌رانه‌ی به‌رده‌می توانیوێتی به‌رگه‌ی زۆر پیلانگێری و په‌ڵاماردان و گه‌مارۆدان بگرێت ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌كردنه‌ ، هه‌ندێك هێزولایه‌نی نێوخۆیی كوردستانییه‌ كه‌ له‌ رووی هه‌ستی نیشتیمانپه‌روه‌ری و نه‌ته‌وه‌په‌وه‌رییه‌وه‌ سست و لاوازن و به‌رژوه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌ل و نیشتیمانه‌كه‌یان له‌ پێناو به‌رژوه‌ندی شه‌خسی و حیزبی پێش خستووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ كه‌ ، دوژمنان و نه‌یاران له‌ نێو و ده‌ره‌وه‌ بتوانن كه‌ ئه‌و خه‌ون و مه‌رامانه‌ی كه‌ ده‌یان ساڵ به‌ ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی تۆپ و تانك و ئه‌نفال و كیمیاباران به‌ده‌ست بێنن ، ئه‌وا به‌ شێواز وسیناریۆی تر به‌ده‌ست بێنن ، كه‌ ئه‌ویش دووبه‌ره‌كی نانه‌وه‌ و ئاژاوه‌گێری و لێكترازان و په‌رتكردنی نێوماڵی كوردستانییه‌.
قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆ یان نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆ یان ئۆتۆنۆم به‌جوگرافیایه‌كی سنوور دیاریكراوی سیاسی فه‌رمی دانپیانراو ده‌وترێت كه‌خاوه‌نی ئیداره‌یه‌كی خۆماڵی ڕێكخراو بێت له‌سه‌ر بنه‌مای دام و ده‌زگاو دامه‌زراوه‌ی فه‌رمی و به‌پێی ده‌ستوورو یاسایه‌كی بڕیار له‌سه‌ردراو له‌لایه‌ن گه‌له‌وه‌ یان نوێنه‌ره‌كانی.. ئه‌وه‌ی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ده‌گوزه‌رێت ڕێك به‌ ئامانجگرتنی ده‌ستكه‌وته‌كان و كیانی كوردستانه‌ ، ناشیرین كردنی دیموكراسی و ئاشتی و دروستكردنی به‌ربه‌سته‌ له‌ به‌رده‌م كاروانی پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنی هه‌رێمی كوردستان.
به‌م ڕێگایانه‌ی خواره‌وه‌ :
یه‌كه‌م ، ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن و ئه‌و كورسیانه‌ی كه‌ هه‌ر حیزب ولایه‌ن به‌ده‌ستی هێناوه‌ .
دووه‌م ، كاركردنی له‌سه‌ر بێ باوه‌ركردنی تاكی كورد به‌ رامبه‌ر به‌ خۆشه‌ویستی نه‌ته‌وه‌ ونیشتیمان .
سێیه‌م ، هاوپه‌یمانی و ڕێككه‌وتنی ژێر به‌ ژێر له‌گه‌ڵ نه‌یارانی ئه‌م گه‌ل و قه‌واره‌یه‌ .
چواره‌م ، خۆ دزینه‌وه‌ له‌ ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تی و شانه‌خاڵی كردن له‌ كاته‌ هه‌ستیاره‌كاندا .
پێنجه‌م ، نه‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سامان و داهاتی وڵات بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی و به‌ فیرۆدانی سه‌روه‌ت و سامانی گشت له‌ پێناو دروستكردنی گوشار بۆ سه‌ر حكوومه‌تی كوردستان
شه‌شه‌م ، كاركردن به‌ زێهنیه‌تی ناپبه‌رپرسیاریانه‌ و هه‌وڵدان بۆ دووبه‌ره‌كی و دابه‌شكاری جوگرافی و گه‌نده‌ڵكاری و قۆرخكاری ودروستكردنی قه‌یران و شه‌ڕی سایكۆڵۆژی و ده‌روونی له‌گه‌ڵ هاووڵاتیانی كوردستان .
حه‌وته‌م ، له‌ رابردوو و ئێستاشدا ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق چاویان به‌ به‌هێزو سه‌نگی كوردستان هه‌ڵنه‌هاتووه‌ و بۆیه‌ كاتێك ده‌بینن كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ پێگه‌یه‌كی به‌هێزدایه‌ و وڵاتانی دنیا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و گرنگی پێ ده‌ده‌ن، به‌غدا دێت ده‌ست به‌ بیانووگرتن و دژایه‌تیكردنی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، چونكه‌ هه‌رگیز به‌غدا نایه‌وێ هه‌رێم له‌و پێگه‌ به‌هێزه‌ ببینێ.

“په‌یامی سه‌رۆك بارزانی كه‌ هه‌میشه‌ له‌ پێناو ته‌بایی و یه‌كریزی نێوماڵی كورده‌ خه‌ونی دوژمنان شكست پێبێنێت “


هه‌شته‌م ، هه‌نگاوه‌كانی عێراق به‌ به‌كارهێنانی هه‌ندێك لایه‌نی ناوخۆیی كوردستان و به‌كارهێنانی كارتی ڕێگریكردن له‌ فرۆشتن و هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كوردستان و ئینجا دانانی چه‌ندین برگه‌ و مادده‌ هه‌موو ئاماژه‌ن به‌ شه‌ڕێكی نه‌رم به‌ ئاراسته‌ی لاوازكردنی سه‌نگ و پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان و لاوازكردنی قه‌واره‌كه‌ی .
نۆیه‌م ، هه‌موو ئه‌و برگه‌وماددانه‌ی كه‌ داوای پابه‌ندبوونی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن وه‌ك ئه‌رك و ماف ، لێره‌دا پرسیارێك دێنێته‌ ئاراوه‌ كه‌ ئایا ئه‌گه‌ر عێراق پابه‌ندنی به‌ڵێن و ڕێككه‌وتن و یاساكان نه‌بووه‌ ، ده‌بێت چۆن قه‌ره‌بوویی هه‌رێمی كوردستان بكاته‌وه‌ ؟ یان وه‌ك ساڵانی رابردوو هه‌موو هه‌نگاوه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق یه‌كڵایه‌نه‌ ده‌بێت و مه‌رام ته‌نها لێدانی سه‌نگ و پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌ .
ده‌یه‌م ، له‌ رۆژی 16ـی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017وه‌ ده‌ستی به‌ پرۆسه‌ی داگیركردنه‌وه‌ی كوردستان كردووەته‌وە، له‌ دوای كوده‌تای په‌رله‌مان له‌ ساڵی 2018 ، ڕێگه‌ خۆشكردن و ره‌وایدان به‌ دادگایی به‌ناو فیدراڵی ، ئه‌وا هه‌نگاو به‌هه‌نگاو زه‌مینه‌ی خۆش ده‌كات كه‌ به‌رگێكی یاساییه‌وه‌ به‌رده‌وامی به‌ كاری داگیركاری و گۆشه‌گیركردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان بكات وه‌ك ئامرازێكی یاسایی و جێبه‌جێكردنی پیلانه‌ نێوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان .

بۆیه‌، ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت چ له‌ سه‌ر ئاستی عێراق، په‌رله‌مان و دادگایی به‌ناو فیدراڵی و هه‌موو ئه‌و برگه‌ و یاسایه‌نه‌ی كه‌ ته‌نها گه‌ل وقه‌واره‌كه‌یان كردۆته‌ ئامانج و هه‌ندێك لایه‌نی نێوخۆیش كه‌ ته‌نها به‌كارده‌هێنرێت تا بڵێن كه‌ كورد كێشه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی هه‌یه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی پیلانگێرییه‌كان و له‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان خێراتر و كاریگه‌رتر بكه‌ن و كاریگه‌ری له‌ سه‌ر بارودۆخی ئابووری و ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌لی كوردستان دابنێنن و ڕێگه‌ خۆشكه‌ریش بن بۆ جێبه‌جێكردنی پیلانه‌ ئیقلیمیه‌كان ، چونكه‌ خه‌سڵه‌تی دوژمنان وداگیركه‌رانی كوردستان هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ بووه‌ له‌ ڕێگه‌ی دروستكردنی گرژی و كێشه‌نێوخۆیی و رووبه‌ڕووكردنه‌وه‌ی كورد به‌رامبه‌ریه‌كتر هه‌وڵی لاوازكردنی ده‌كه‌ن .بۆیه‌ كاتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گه‌لی كورد كوردایه‌تی بكات چه‌كێكی به‌هێز و هه‌موو ئه‌و مین وپیلانگێرییانه‌ به‌ كوردپه‌وه‌ری و نیشتیمانپه‌وه‌ری و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ په‌یامی سه‌رۆك بارزانی كه‌ هه‌میشه‌ له‌ پێناو ته‌بایی و یه‌كریزی نێوماڵی كورده‌ خه‌ونی دوژمنان شكست پێبێنێت ..

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.