▪ فرەژنی و کاریگەرییەکانی

سۆما خالید

لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردوودا لەبارەی فرەژنی و هێنانی ژنی دووەم و یاسایی بوونی بوونەتە هۆی مشتوومڕ لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکاندا، بەشێکیان سووربوون لەسەر ئەوەی فرەژنی یاساییە بە مۆڵەتی ژنی یەکەم، بەڵام فرەژنی تەنیا کێشەیەکی یاسایی نییە کە قەدەغەیە یاخود نا، بەڵکو رەوایەتیدان بەم دیاردەیە دەتوانێت کاریگەری وێرانکەری هەبێت بۆ بەهێزکردنی خێزان و گەنجانی ئەمڕۆ.

هەرچەندە فرەژنی لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژەی پێکراوە و لە ئیسلامدا قبوڵکراوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە فرەژنی بۆ هەموو پیاوان و لە هەموو بارودۆخێکدا ڕێگەپێدراوە و ئایین وەڵامی هەموو پێداویستییەکانی مرۆڤ دەداتەوە و بابەتەکانی ڕەچاو کردووە، بۆیە ئەولەویەتەکانی شێوازی ژیان دەبێت لە دانایی و پێویستییەوە سەرچاوە بگرێت، ئەوەی لەم سەردەمە ڕوودەدات بەکارهێنانی ئایینە بۆ بەدیهێنانی ئامانج و ئارەزووەکانیان ئەمەش دەرنجامی لێدەکەوێتەوە و لە ڕووی ئیسلام و ئەخلاق و ئاینەوە قبوڵ نەکراوە، هاوکات میدیاکانیش رۆڵێکی سەرەکی لەم بابەتەدا دەگێرن وەک ریکلامکردن و برەودان بە کلتووری فرەژنی و بەبێ تێروانینێکی گونجاو لەبارەی دانایی و دادپەروەری. بۆیە ناکۆکی نێوان ڕوانگە و کردار وا لە گەنجان دەکات گومان لە کێشەی ڕاستەقینەی هاوسەرگیری بکەن و لە داهاتوو بترسن،

“پیاو یەکێکە لە بەردی بناغەی خێزانێک و دەبێت بە شێوەیەک هەڵسوکەوت بکات کە هیچ کێشەیەک لە ژیانیدا نەبێت”

بۆیە سروشتی ژن بەجۆرێکە ناتوانێت بەرگەی رکابەری سۆزداری بگرێت و دەیەوێت ببێتە یەکەم و کۆتا ئەولەویەت بۆ هاوسەرەکەی، لە ڕووی دەروونییەوە پێکهاتەی هەستی ژن بە شێوەیەکە کە کاتێک پەیوەندی و پابەندبوون لەگەڵ کەسێکدا دادەمەزرێنێت، ئەوانی تر بە ڕکابەری هەستی خۆیان دادەنێن و هەست بەوە دەکەن کە بوون بە ژمارە یەک لە ژیانیاندا سەرمایەکە بۆ بەردەوامبوونی ژیان و خۆشەویستی و بەرگەگرتن لە سەختی و فشارەکانی ژیان، لەگەڵ ئەوەشدا هاوسەران پێویستە ئاسوودەیی و دڵخۆشی بە منداڵەکانیان ببەخشن و ڕێزگرتنی یەکتر و هەڵسوکەوتی دۆستانە وا دەکات خۆشی هاوسەرگیری و ئارەزووی دروستکردنی خێزان لە گەنجاندا دروست بێت، هەروەها پیاو یەکێکە لە بەردی بناغەی خێزانێک و دەبێت بە شێوەیەک هەڵسوکەوت بکات کە هیچ کێشەیەک لە ژیانیدا نەبێت و هەموو ئەوانەی دەوروبەری بە خێزان و منداڵەکانیشەوە سوود لە بەڕێوەبردنی گونجاوی وەربگرن، بەڵام ئەگەر پیاوەکە بچێتە ناو ژیانی دووەم بۆ قەرەبووکردنەوەی هەندێک بۆشایی و پێداویستی ئەوا منداڵەکانی زیانیان بەردەکەوێت لە سەردەمی ئێستاشدا پاراستنی سیستەمی خێزان جیهادێکی پیرۆزە ئەگەر کەسێک بتوانێت بۆشایی خێزان بکاتە تەوەری خۆشەویستی و دەربڕین ئەوا ئەم پیاوە لەبەردەم خودا خۆشەویسترە.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.