▪ گەلێك خاوەن پێشمەرگە ، ئاڵا و ئیرادەی پۆڵایین بێ هەردەم سەركەوتووە


رێبوار حەمەلاو شوانی
گەلی كورد وەك هەموو نەتەوەكانی دوونیا ، مافی ئازادی و سەربەخۆی ژینی هەیە و هەمیشە خەبات و قوربانی و تێكۆشانی كردووە،‌ لە پێناو بەدەستهێنانی مافەرەوا زەوتكراوەكانی . مێژوو گەواهیدەرە كە ئەم گەلە خاك داگیركراو ماف زەوتكراوە بەدرێژایی زیاتر لە یەك سەدەی رابردوو شۆڕش و راپەڕینی لە دژی داگیركەران و دوژمنانی كردووە و رووبەڕووی سەرسەختترین و ستەمكارییەكانیان بووتەوە، بەڵام لەوەش ناخۆشتر ئەو راستییە كە ئەو دوژمن و ناپاكە كوردانەیە كە سەرسەختتر لە دووژمنان دژایەتی گەل و خاكەكەیان كردووە ،‌ ئەو خۆفرۆش و خائینانەن كە سەنگەریان لە دژی گەلی خۆیان گرتووە و بوونەتە پشتیوان و ڕێنیشاندەر ئەو هەموو ئەو ڕژێمە ستەمكار و حكوومەتان بوون كە هەموو مەرامیان شكستپێهێنانی شۆڕش و بەرخودانەكانی گەلی كورد بووە،
مێژووش گەواهیدەرە هەر لە شۆڕشەكان بارزان بە رابەرایەتی شێخ عەبدولسەلام بارزانی ، شێخ سەعیدی پیران ، شێخ مەحموود حەفید ، پێشواز قازی لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد ، مستەفا بارزانی و شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و شۆڕشی پێشكەوتنخوازی گوڵان و راپەڕینە مەزنەكەی بەهاری 1991 و ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان و ئێستای كوردستانی بەهێز ، ئەو خیانەتكاری و پیلانگێریانە دوژمنان و داگیركەران و ئینجا كۆیلەكانیان و دیاردانە هەر بەردەوامن و چەتە و نۆكەر و بەكرێگیراو و حكوومەتە داگیركەرەكانی كوردستان هەمیشە كاریان كردووە و بەردەوامن لە شێواندنی راستییەكان و لەناوبردنی ویست و ئاواتەكانی گەلی كورد. جاشایەتی و خۆبەدەستەوەدانی هەندێك كەس ولایەن بەناوی كورد هەر لەشتەكانی دەیەی رابردوو زیاتر دژی بزاڤی كوردایەتی و شۆڕش وەك هێزێكی بەكرێگیراو بۆ رێگریكردن لە كاروانی خەباتمان تا بە ئەمڕۆ لە 16ی ئۆكتۆبەر هاوشانی دوژمنان زیاتر رەنگدانەوە و سیمای خۆفرۆشانەی ئەوان و نەیارانی ئەم گەلەی ئاشكرا تر كرد ، بەتایبەت كاتێك لە بەرەكانی شەڕ لە شاری كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەری بۆ سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و پاسداری ئێران بەجێ دەهێڵن و سەنگەری بەرگری چۆڵ دەكەن و جارێكی دیكە ئومێد و خەونەكانی گەلی كورد لەگۆڕ دەنێن، كە بەدرێژایی مێژوو وەك خاڵێكی رەش له ناوچەوانی ئەو خائینانە دەمێنێتەوە.
لەرابردوو و ئێستاشدا گەلی كورد لە ژێر گوشاری و تاقیكردنەوە وهێرشی میدیایی و ئابووری و دەروونی دووژمنان و نەیارانێتی ، بەڵام نازانن گەلێك بەرامبەر بە ئەنفال وكیمیاباران و تیرۆر و درندەترین رێكخراویی تیرۆریستی و گەلەكۆمەكی و پیلانگێریی وەستا بێتەوە ، ئێستاش بەهێزتر لە جاران وەك چیا بەرامبەر دوژمنان و خائینان وەستاتەوە .
ئێمە خاوەنی شۆڕشەكانی ئەیلوول و گوڵان و پێشمەرگەی قارەمان و هەزاران شەهید و داستانی سەروەرین،دەیان دەستكەوت و شانازی و رێككەوتننامە و سەركەوتنی ریفراندۆمی سەربەخۆیین ، خاوەن حكوومەت و پەرلەمان و فیدراڵیی و پرۆژەی دەوڵەتبوونین ، خاوەن پێشمەرگە ، رابەر و سەرۆك بارزانی و مێژوویی پرشانازین دوێنی و ئەمرۆ و سبەینێیە ، هەر بۆیە، بە ئیرادەیەكی پۆڵاینەوە هەمیشە سەركەوتنمان مسۆگەر و دوژمنان و كۆیڵەكانیش تەنها شكست و سەرشۆڕی و ریسوایی چاوەرێیان دەكات .

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.