▪ ئێران لە ناو لیستی ڕەشی FATF مایەوە
نەوزاد محەمەد
دامەزراوەی ( FATF ) کە دامەزراوەیەکی فەرمی نێوە دەوڵەتی یە کار دەکات لە بواری بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و سپی کردنەوەی پارە.
ئەم دامەزراوەیە لیستێکی هەیە بە ناوی لیستی ڕەش، ئەم لیستە تایبەتە بەو وڵات و لایەنانەی پاڵپشتی تیرۆر دەکەن و دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی نێو دەوڵەتی.
بە پێی بنەما و یاسای کارپێکەری ئەم دامەزراوەیە، هەر وڵاتێک دەستی لە پاڵپشتی تیرۆر دا هەبێت و هاوکاری مادی و لۆجستی بۆ بکات، یان ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی نێو دەوڵەتی، ئەوە دەخرێتە ناو ئەو لیستەوە و بە پێی یاسا سزای بەسەر دەسەپێندرێت، لە رووی ئابوری و سڕ کردنی حسابە بانکیەکان و رێگری کردن لە جموجولی گوماناوی دارایی.
هەروەها ئەم دامەزراوەیە هاوکاری وڵاتان دەکات لە بواری دارایی و پاراستنی سەروەت و سامانیان، لە توند تۆڵ کردنی رێکارەکانی پاراستنی دارایی و رێگری کردن لەوەی نەکەوێتە دەست گروپە تیرۆریستیەکان.
بڕیار دان لەسەر مانەوەی ئێران لە ناو لیستی ڕەشی ئەم دامەزراوەیە، کە ئەمڕۆ یەک شەمە ٢٠٢٣/٦/٢٥ بڕیاری لەسەر درا، دۆخی ئابوری ئێران لە خرابەوە بەرەو خرابتر دەبات، کاریگەری قورس دەکاتە سەر تەواوی چومکەکانی جموجۆڵی ئابوری و بازرگانی، کە ماوەی ساڵانێکە ئێران لە ژێر کاریگەری ئەم سزایانە دەناڵێنێت.
لە لایەکی ترەوە و هەر دوێنێ قونسلی ئەمریکا لە عیراق، چاوی بە هەر یەک لە سەرۆک وەزیرانی عیراق و سەرۆکی ئاسایشی حەشدی شیعی کەوت، لە چاوپێکەوتنە هۆشداری داوەتە هەردوو لا کە لە پاڵپشتی دارایی بۆ ئێران دوور بکەونەوە و چیتر ئابوری عیراق لاواز مەکەن لە پێناو ئێران و سوپای قودس کە لە خانەی تیرۆر دایە.
ئەم هۆشدارییە، ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی ئەگەر ئەو کارە ڕانەگیرێت، ئەوە عیراقیش خۆی لە ناو ئەو لیستە ڕەشە دەبینێتەوە، ئەو کات دۆخی ئابوری عیراق دەکەوێتە ئەو پەڕی خرابیەوە و بهای دیناری عیراقی بە ڕێژەیەکی بەرچاو نزم دەبێتەوە بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی، کە لەوانەیە بگاتە ئاستی دوو بەرامبەری نرخی ئێستای.
هەر دوێنێش ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئامادەیە هاوکاری عیراق بکات لە بواری بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و بازرگانی مادەی هۆشبەر و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی، کە ئەمەش ئاماژەیەکی ترە بۆ عیراق لە دور کەوتنەوە لە رژێمی ئێران.
بە گشتی وا دیارە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەیانەوێ زیاتر فشار بکەنە سەر ئێران لە پێناو لاواز کردنی و سنوردار کردنی دەستێوەردان و چالاکیەکانی لە ناوچەکە.
بە پێی ئەم هەنگاوانەی ئەمریکا، وا دیار دەبێت کە ئێران بە سەرچاوەی سەرەکی تیرۆر دادەنرێت لە ناوچەکە.
جگە لەوەی کۆمەڵێک هاوکێشە و ئالنکاری تر هەن کە بە گشتی پەیوەندیان بە ئێرانەوە هەیە لە ناوچەکە، کە دەکەونە چوارچێوەی بەرەی ئازادی و دیموکراسی لە دژی بەرەی تیرۆرخواز و فاشیزمی شیعیزمی ئێرانی و هاوکار و هاوبیرانی.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.