▪ متمانەكردن بە عێراق هەڵەیەكی گەورەیە

رێبوار حەمەلاو شوانی

هەنگاو و زێهینیەتی دەسەڵاتدارانی عێراق لە رابردوو و ئێستادا نەك هەر هیچ گۆرانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە ، بەڵكو بەردەوام كاریان لە سەر ئەوە كردووە كە گەلی كورد هەرگیز خاوەن خۆی و كەسایەتیی و پێگە و سەربەخۆیی خۆی نەبێت لە هەموو روویەكەوە ، بەتایبەت لەم 20 ساڵەی دواییدا ، دیسان و بە مۆدیڵ و شێوازێكی تر گەلی كورد كراوەتە ئامانجێكی دوژمنكارانە و فاشیزمانە هەر لەسیاسەتی پەراوێز خستن بگرە تا گەمارۆدان و پەلاماردانی ئەوەش لە كاتی پیلانگێری وخیانەتكاری 16ی ئۆكتۆبەری 2017 زیاتر ئاشكرا بوو .
لەگەڵ ئەوەی جارێكی تر گەلی كورد لە ساڵی 2018 بەشداری پرۆسەی سیاسی عێراق كردەوە ، بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراق نەوەستان لە خەونی كۆتایی هێنان بە گەل و قەوارەی هەرێمی كوردستان بە پیلان و نەخشەی هەنگاو بەهەنگاو كە دیارترینیان ئابووری و رێگریكردن لە هەناردەكردنی نەوتی كوردستان بە پاساویی ناروونی و ئێستاش راگرتنی كارەكانی كۆمیسۆنی باڵایی سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانە ، كە ئامانجی سەرەكیی ڕێگریكردنە لە بەرێوەچوونی هەڵبژاردن و ئینجا لاوازكردن و دروستكردنی ناكۆكیی زیاتر لە نێوخۆیی كوردستان بە شێوازی جیاواز و زیانگەیاندن بە شوناس و سەنگی هەرێمی كوردستان .
بۆیە، زۆرگرنگە ئەم هەنگاوانانە بۆ تێكشكاندنی ئەو پیلانگێری و خەونە نەزۆكانەی كە لە لایەن فاشیزمەكانی عێراقەوە دژ بە قەوارەی كوردستان لە ئارادان بگرێنەبەر
یەكەم ،، پێوستە هەوڵە دیپلۆماسی و سیایسەكان چڕتر بكرێنەوە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان كە ئەوا شكستێكی گەورەی پیلانەكە دەبێت .
دووەم ،، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان ، دەسەڵاتدانی عێراق كە خۆیان خاوەنی كۆمیسۆنی هەڵبژاردنەكانن و دەستوەردان دەكەن متمانەیان پێنەكرێت و چونكە ئەوان بەردەوام كۆسپ و ئاستەنگ دروست دەكەن تاكو هەڵبژاردن لە كوردستان بەرێوە نەچێت .
سێیەم ،، هێنانە سەر هێڵی نەتەوەیەكگرتووەكان و وڵاتانی زڵهێز و دۆستانمان لە سەر ئاستی ناوچەكە و نێودەوڵەتی بۆ دروستكردنی گوشار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی كوردستان و لە ژێر چاودێری چڕی یەكێتی ئەوروپا و نەتەوەیەكگرتووەكان ، تاكو سەنگ وپێگەی هەرێمی كوردستان و ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی نەكەوێتە مەترسییەوە و رێرەویی دیموكراسی كوردستان بەردەوام و بەهێزتر بێت .
چوارەم ،، ئامادەبوون وچاودێری و گوشاری نەتەوەیەكگرتووەكان وا دەكات قەوارەی هەرێمی كوردستان زیاتر بەهێزتر و جێگەی متمانەتر بێت لە سەر ئاستی ناوچەیی و جیهانییەوە .
پێنجەم ،، خەونی دوژمنان وداگیركەران و فاشیزمەكان بەردەوام بۆ ئەوەیە بە ویستی خۆیان دەستوەردان لە كاروباری هەرێمی كوردستان بكەن تا ئەو كاتەی لاوازی بێت ، بەڵام بەئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتیی وادەكات كە پیلانی داگیركەران بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان شكستخواردوو بێت .
هەروەها هەرێمی كوردستان لە رووی یاسایی و دەستوورییەوە زیاتر بەهێزتر وكاراتر دەبێت بۆ پێداگری و داكۆكیكردن لەسەر مافەرەوا كانی لە عێراق و هیچ رێگەیەك لەبەردەم دوژمنان و نەیاران نامێنێتەوە بۆ ئەوەی مافە رەواكانی گەلی كوردستان هەر رۆژەوە و بەپاساوێك و بەرێگەی دادگایەك كە زادەی زێهنیەتی خۆسەپێنەری فاشیزمەكان مافەرەواكانی گەلی كورد پێشێڵ و زەوت بكرێن ،بۆیە كاتی ئەوەیە ، بەخۆداچوونەوەیەكی ورد بەخۆمان دا بكەینەوە و بەرژوەندییە باڵاكانی قەوارە و گەلەمەمان كە بەرهەمی خەبات وقوربانیدانی دەیان ساڵەیە پێش هەموو بەرژوەندییەكی تر بخەین ، چونكە متمانەكردن بە عێراق هەڵەیەكی گەورەیە و بەردەوام زیانی بەدۆزی كورد گەیاندووە ..

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.