▪ بڕوانامەی ماستەری لە راگەیاندن دا هەیە و جوتیاریی دەکات
ئەگەرچی خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە راگەیاندن، بەڵام حەوت ساڵە جوتیاری دەکات و وەکخۆی دەڵێت: “زیاتر خۆمم لە کاری جوتیاری دا بینیەوە”.
جوان عوسمان، ٣٤ ساڵ، دانیشتوی شاری سلێمانیە، سەرباری ئەوەی خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە راگەیاندن، بەڵام کاری جوتیاری دەکات.
دەڵێت: سەرەتای دەستپێکردنم بە کاری جوتیاری دەگەڕێتەوە بۆ ئەوکاتەی بڕوانامەی ماستەرم لە راگەیاندن بەدەستهێنا، ویستم کاری راگەیاندن بکەم، بەڵام چونکە کاری کەناڵە راگەیاندنەکان لەگەڵ حەز و خولیاکانم یەکیان نەدەگرتەوە، بۆیە ئەو کارەم نەکرد، بەڵکو زیاتر خۆمم لەکاری جوتیاری بینیەوە، هەر بۆیە دەستم بەم کارە کرد.
بە نزیکەیی حەوت ساڵە جوان جوتیارە، کارەکە لە باوکیەوە فێربوە، دەڵێت: کاری جوتیاری بۆ من کارێکی نائاشنا نەبو، چونکە باوکم پێشتر بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵ بو لە ناحیەی بەرزنجە، من لەو کاتەوە لەگەڵ باوکم دا لە پشوەکانی هاوین دەچومە بەرزنجە و لەو کاتەوە ئاشنای کاری کشتوکاڵییم.
جوان، بەتەنها جوتیاری بۆ زەویەکانی خۆیان ناکات، بەڵکو جوتیاری بەتەواوەتی کردوە بە پیشە و سەرپەرشتی زەوی چەندین خانەوادەی دیکە دەکات.
وتی: پێشتر بە تەنها هەمو کارەکانم دەکرد، بەڵام ئێستا چونکە کارەکان زۆربون، بەتەنها پێڕاناگەم، چەند کرێکارێکم لەگەڵن، ئەوان کارەکانی چاندن ئەنجامدەدەن.
لە زەوییەکاندا، جوان: گەنم و پاقلەمەنییەکانی وەکو: پاقلە، نیسک و نۆک، هاوینانیش بێستانی کاڵەک و باخداری وەک: ترێ و بادەم بەرهەمدەهێنێت.
“لەکاتی ناشتن و دروێنە دا دەبێت رۆژانە سەردانی زەویەکان بکەم، بەڵام کاتەکانی دیکە چەند رۆژێک جارێک سەردانیان دەکەم”. جوان وای وت.
سەرباری ئەوانە، وازی لەکارە بنەڕەتیەکەی نەهێناوە و وەک رۆژنامەنوسێکی سەربەخۆ کاردەکات.
وتی: بەشێوەی سەربەخۆ کاری رۆژنامەوانی دەکەم، بڵاوکراوەی تایبەت بەخۆم هەیە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش بڵاویان دەکەمەوە و بەو شێوەیە بەردەوام دەبم.
وتیشی: لە پلانم دا هەیە پەڕەیەکی تایبەت لە سۆشیاڵمیدیا دروستبکەم و تێیدا باس لە کاری کشتوکاڵی و ژیانی جوتیاران بکەم.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.