▪ هەنگاوە کردارییەکانی چوار ساڵی حکومڕانی مەسرور بارزانی


فرسەت سەید شکور 

کە سەرۆکایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی وەرگرت، بەڵێنی خزمەتکاربوونی بە خەڵک دا، دووپاتی کردەوە کە گۆڕانکاری دەکات و لەپێناو چاکسازیدا ورد و رژد هەنگاو دەنێت، هەوڵ دەدات گەندەڵی بنبڕ بکات و بەرەو حوکمڕانیی شەفاف ھەنگاو بنێت.

ئەگەر ناوێکی تەواو و دروست بە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بدەین و بە کابینەی «شکاندنی تەنگژەکان» خوێندنەوەی بۆ بکەین، ئەوا زێدەگۆیی ناكەین. بینیمان سەڕەرای تەنگژە بەردەوامەکانی ناوخۆ، كۆرۆنا و لێكەوتەكانی، داشكانی نرخی نەوت، کورتھێنانی داھات، بەفیڕۆچوونی بەردەوامی بەشێك لە داھات، نابەرپرسیارێتیی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان، کۆسپ و تەگەرە دەست ئەنقەستەکان، لەگەڵ ھەموو ئەمانەش، مەسرور بارزانی، بە کۆمەڵێک قۆناغی سەخت و دژواردا توانیی حکوومەتێكی باش، لەسەر بنەمایەکی ڕێکی دادپەروەرانە بەدی بھێنێت.

سەڕەڕای ئەوە، بوێرانە بەرامبەر فشاری لایەنە دەسەڵاتدارەكانی بەغدتا و ناڕەوایی دادگەی نادەستووریی فیدراڵیی عێراق و دەستوپێوەندەکانیان وەستایەوە و بە روونییش لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دوا و بەردەوامیش ئامادەی گفتوگۆ بوو.
ئەوەشی سەلماند کە ھەرێمی كوردستان لە ھەموو کات زیاتر پەرۆشی پەیوەندیی دروستە لەگەڵ حکوومەتی عێراق، بە مەرجێک، لەسەر بنەمای شکاندنی ئیرادە و جێبەجێکردنی مەرامی سیاسی نەبێت.
ئەم میتۆدە لە حوکمڕانی و خەسڵەتە بەرزەی مەسرور بارزانی، رێک ئەوە پەندە دەیگرێتەوە، کە دەڵێت: (ئەوەی پەرێزی پاکە، لە لێپێچینەوە بێ باکە).

لە ڕوانگەی نێودەوڵەتییشەوە، ھەرێمی کوردستان ئەگەرچی دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە و لە چوارچێوەی عێراقدایە، بەڵام بەھێزیی پێگەی ھەرێمی کوردستان لە جیھان و ناوچەکە و بە دیاریکراوی ڕۆڵی مەسرور بارزانی لە ڕووی سیاسی- ئابووری و یەکلاییکردنەوەی کێشەکان و چەقی گفتوگۆ و ململانێ سیاسی و ئابوورییەکان و زەمینەڕەخساندن بۆ بەھێزکردنی ئاساییش و ڕووبەڕوونەوەی تیرۆر، هۆکارن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەشداریی سەرەکیی کۆبوونە جیھانییەکان بێت، مانۆڕە دیپلۆماسییەکانیشی بە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە، گەواھیدەری ئەو ڕاستییەن.

 

 

ئەگەرچی پیلانەکان دژ بە هەرێمی کوردستان و قەوارە دەستوورییەکەی لە ناوخۆی كوردستان و عێراق و هەتا وڵاتانی ئیقلیمیش بەردەوام هەبووە، بە هەر شێوەیەک بێت، هەوڵ دراوە سنوور بۆ سەرکەوتن و پێشڤەچوونەکانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتیش کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابنرێن، بەڵام ئەوەی بۆ هەموان لەم قۆناغەدا یەکلایی بووەتەوە؛ ئەم حکوومەتە، بە ئیرادەیەكی بەهێزەوە بناغەیەکی پتەو و جێگیری هەگبە پڕ لە پرۆژە و خزمەتگوازی و کارئاسانیی ژیانی هاووڵاتییانی هەیە و ئاڵنگارییەکان دەشکێنێت.

کابینەی نۆیەمی حكوومەت، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، لە سەرەتای کارکردنیەوە ڕووبەڕووی ئاریشەی زۆر بووەوە، بەو پێیەی، دروشمی چاکسازیی کردە کردار، ئەمەش وای کرد، کە هەندێک هێزی سیاسی لەپێناو ئاشکرانەبوونی تاڵانی و ئەو سەرپێچییە دارایی و سیاسی و ئەمنییانەی هەیانبووە، هەموو ڕێگەیەکی ناشەریفانە بگرنە بەر، بەڵام سەرەڕای تاقیکردنەوەکانی هەموو کەتنەکانیان، لە لاوازکردنی کابینەی نۆیەم شکستیان هێنا.

وێڕای هەموو ئەو ئالنگارییانە، (کابینەی نۆیەم) لە پرۆژە گرنگە ژێرخانییەكانی بەردەوامە و سڵی لە بۆمب و بەربەستەکان نەکردووەتەوە، چونكە سەرۆك وەزیرانێكی بەهێزی هەیە، تەنیا لە دە پازدە رۆژدا (كارگەی شیرەمەنی لە بارزان، هەفتەی تەندروستیی كوردستانی – ئوردنی، پێشانگای تەكنۆلۆژی لە هەولێر، بەدیجیتاڵكردنی كارەكانی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی، كردنەوەی بانكی جیهان، گۆڕانكاری و ئاسانكاری لە تۆماركردنی كۆمپانیاكان….تد) راگەیاندنی ئەو هەموو پرۆژە گرنگە لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان، لە هەموو ئەمانەدا مەسرور بارزانی ئامادە بووە یان سەرپەرشتیی كردووە و هەریەكەیان لە بوارێكی جیاوازدان و پرۆژەی گرنگی ستراتیژی و ژێرخانییان تێدایە.

ئەگەر بە كورتی سەرکەوتنە سەرەكی و هەرە گرنگەکانی ئەم کابینەیە بە نموونە وەربگرین:

– لەکاتێکدا تەواوی جیھان بەدەست کۆرۆنا و لێکەوتە تەندروستی و ئابوورییەکانییەوە دەیناڵاند، کابینەی نۆیەم، زۆر بە بەرپرسیارانە توانیی خۆی لەگەڵ کەشە جیھانییەکە بگونجێنێت، ھەر لە خزمەتگوازیی تەندروستی و چاودێریی وردی نەخۆشخانەکان و دابینکردنی دەرمانی پێویست لە خزمەتی تووشبووانی نەخۆشییەکەدا بوو.

– لە کابینەی نۆیەمدا، هەوڵی جدی دراوە بۆ گەڕاندنەوەی منداڵانی سەرشەقام بۆ هۆڵەکانی خوێندن.

– سەرەڕای سزادانی بەردەوامی ناڕەوای دەسەڵاتدارانی عێراق، کەچی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان یەک پرۆژەی نەوەستاند، خەرجییەکانی کەم کردەوە و داھاتیشی زیاد کرد، تەنانەت بەشێک لە قەرزە کەڵەبووەکانی ڕابردوویشی دایەوە، کە بە (ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار) مەزەندە دەکرێت، جگە لەوەش، سەدان ھەلی کار بۆ بێکاران دۆزرایەوە، کە چەندین ساڵ بوو بەدەست کەمی، یان نەبوونی دەرفەتی کار گیرۆدە بووبوون، لەپاڵ ئەوەش، گەورەترین خواستی خەڵک بەدی ھات، کە ڕووبەڕوونەوەی گەندەڵی بوو، كە هەنگاوی زۆر باشی بڕی ڕێکارەکانی بە ئێستاشەوە بەردەوامە.

– لە بواری بازرگانییدا هەنگاوێکی کابینەی نۆیەم، کە ئابووریی هەرێمی کوردستان دەبووژێنێتەوە، بووە مایەی خۆشحاڵیی هاووڵاتییان، بە شێوەیەک، بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیا بە ئۆنلاین، دەتوانرێت سەردانی پۆرتاڵی تۆمارکردنی دامەزراوە بازرگانییەکان بکرێت.

– داخستنی کۆگاکان و بازاڕەكانی چەک و دانانی سنووری تەواو بۆ بارزگانیکەرانی چەک، بۆ ڕێگەگرتن لە کوشتن و تاوانکاریی زیاتر، لە بڕیارە بوێرییەکانی مەسرور بارزانی بوو، ئەمەی دوایی بەئێستاشەوە بەردەوامە، کە داخوازیی سەرەکیی خەڵکی کوردستانە. لەگەڵ ئەوەش، ڕێنمایی نوێی یاسایی بۆ داماڵینی چەک، لەژێر چاودێریی (مەسرور بارزانی)دایە، کە ئەوەشیان لەپێناو پاراستنی خەڵکی کوردستاندایە.

– گوێگرتن لە میدیاکاران لەلایەن مەسرور بارزانی، میتۆدێکی گرنگە لە خوێندنەوە بۆ بۆچوون و دیدگای ڕۆژنامەنووس و میدیاکاران، مۆدێلێکی نوێی تێگەیشتنی دیموکراسییانەی دروستە، بەتایبەت بۆ پرسێکی گەورەی وەک میدیا، کە وەک دەسەڵاتی چوارەم لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگە و وڵات ھەژمار دەكرێت.

– پیشاندانی پێگەی ھەرێمی کوردستان بە دونیای دەرەوە، بەتایبەت لە ڕووی ئارامی و ئاوەدانی و خوێندنەوەی لۆژیکییانە بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی، لە سیاسەت و ستراتیژییەت و دونیابینیی مەسرور بارزانی و کابینەی نۆیەمدا ڕەنگی داوەتەوە.

– سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بە پێشانگا نێودەوڵەتیەكان داوە، نەخاسمە تەکنەلۆژییەکان، ئەو کارئاسانییە بووە هۆکاری کردنەوەی چەند پێشانگایەكی تەکنەلۆژیا و زانیاریی ئابووری و بوارەکانی دیکە.

لە ڕاستیدا ئەگەر بنکۆڵکاریی ئەم دۆخە بکەین، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە چەندە قورس و هاوكات مایەی دڵخۆشییشە حکوومەتی كوردستان لە بنیاتنان و ھەنگاونان بەرەو جیھانیبوون بەردەوام بێت، نەیارانیش لە پیلان و پیلانگێڕی. كوردستان بەرەو ئاوەدانی و نەیارانیش بەرەو تێکدانی. ھەرێم بەرەو چاکسازی و پاکسازی، خەڵکێکیش بەرەو تاڵانکردنی داھات و تیرۆر! حکوومەتی ھەرێم بەرەو پاراستنی یەکگرتوویی نێوماڵی كورد، خەڵکێکیش گرەو لەسەر دابەشکردنی نێوماڵی کورد دەكات!

 

گرنگترین خاڵیش، کە تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرکەوتنەکانی کابینەی نۆیەمە، بەرگەگرتنی بەرپرسیارێتییە، ھەروەک مەسرور بارزانی خۆی دەڵێت: (ئەگەر بە تەنیاش بم، تەحەمولی بەرپرسیارێتیی دەکەم). مێژووش سەلماندوویەتی، ئەوەی لە بەرپرسیارێتیی نەترسابێت، لە ھەڕەمی سەرکەوتن و لەئاست متمانەی خەڵکیشدا بووە.

ئەزموونی تێکەڵبوونی (مەسرور بارزانی) بە دونیای سیاسەت و سەربازی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٥ لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا، وەک بەشێک لە شۆڕشی گوڵان و تۆمارکردنی نەبەردییەکانی داستانی خواکوڕک لە ساڵی ١٩٨٨، دژ بە ڕژێمی بەعس، وەک تۆماری فیلمێک تۆمار کرووە.
مەسرور بارزانی لە قۆناغە دژوارەکانی کوردستان، ڕۆڵی بەرچاوی لە ھاوکاریکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە ھەبووە، لە ڕووی ئەکادیمیشەوە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە وڵاتی ئەمریکا لە بواری زانستە سیاسییەکان و زمانەکانی (کوردی- ئینگلیزی- فارسی) بەباشی دەزانێت و یەکێکە لە دیپلۆماتکارە سەرکەوتووەکانی عێراق و ناوچەکە.
مەسرور بارزانی گرنگییەکی زۆر بە پرۆسەی بەھێزکردنی کاریگەریی ناوەندەکانی خوێندن بەسەر کۆمەڵگەی کوردستانەوە دەدات و دامەزرێنەر و سەرۆکی فەخریی بۆردی زانکۆی ئەمریکی- کوردستانە لە شاری دھۆک.

لە بواری چالاكیی مرۆییشدا، مەسرور بارزانی دامەزرێنەر و سەرۆكی بۆردی (دەزگای خێرخوازیی بارزانی)ە، كە بەبێ ركاربەر چالاكترین رێكخراوی خێرخوازی و مرۆڤدۆستیە، نەك هەر لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق، بەڵكوو لەسەر ئاستی ناوچەكەش

 

 

 

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.