▪ شێروانی لە نێوان یاسا و چەواشەی ڕاگەیاندنەکانی زۆنی دێز!

بـڵنـدفـاتیـح میـڕاڵەیی

وەک ئاشکرایە لە ماوەی ڕابردوو چەند کەسێک بە تۆمەتی سیخووڕیی و تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانیی لەلایەن دادگاوە سزادران، زیندانی کردنی ئەم کەسانە ئەگەرچی لە سەرەتای کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، بەڵام هیچ پەیوەندی پێکەوە نییە و لە سەردەمی کابینەکانی پێشووشدا ئەم جۆرە کەیسانە هەبووە و دەستگیرکراون، بەڵام ئەمانە وەک پەنایان بۆ دژایەتی کردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان برد، لە بێچارەیی و نەگبەتییان کران بە کاڵایەک بۆ دژایەتی حکومەت و خوودی جەنابی کاک مەسروور بارزانی، لەلایەن ئەو میدیایانەی زۆنی فرەکوێخا کە بۆ تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی و لەیلا عەلی و ئامانج بابانی و خانەوادەکەی، پاسەوانەکەی مام جەلال و موراد و هاوکار جاف و زۆریی تر کە ئەبێ بە لیست هاوپێچ بکرێن، هیچ دەنگیان لێوە نەهات و ئەم شینەی بۆ شێروانی دەکەن بۆ یەکێک لەوانەیان کردبا، ئێستا ئێمەش هاوشین و هاوخەمیان دەبووین و بڕوامان پێدەکردن، بەڵام ئەوان بە ئەمری حیزبەکانیان جا خۆیان چ ئاشکرا بن یان سێبەر، سەرنجیان تەنها لەسەر هەولێرە و وەک ئەوەی ئاگاشیان لە سلێمانی نەبێت و لێی نەژین!

ئەگەر ئەو میدیا و ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکارانە چارەکێکی ئەوەی کار لەسەر هەولێر دەکەن، کاریان لەسەر سەرانی خیانەتکارانی فرۆشتنی کەرکووک و دز و گەندەڵ و مافیاکانی زۆنەکەی خۆیان بکردبا بە ویژدانەوە، ئێستا کوردستان دەوڵەت بوو، نەک ترسێک هەبێت بۆ سەر قەوارەکەی!

حکومەتی جەنابی کاک مەسروور بارزانی، لەپێناو خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و بەهێز کردنی لە یەکەم ڕۆژەوە تشکیل کراوە، ئامانجی جەنابی سەرۆکی حکومەت زۆر لەوە گەورەترە فەرمانی زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسێک دەربکات، خۆپیشاندان و گردبوونەوە مەدەنییەکانی ئەم ڕۆژانەی کفری سەلماندی دەنگی مەدەنییەت دەگات و لەسەر ئاستی سەرۆکی حکومەت وەڵامی داواکاری خۆپیشاندان دەدرێتەوە و خزمەتیان دەکرێت، بەڵام کار کردن بۆ خۆپیشاندانی ئاژاوەگێڕیی و بە کوشتدانی مناڵ و گەنجی ئەم نیشتیمانە نەک لەلایەن جەنابی سەرۆکی حکومەت، بەڵکو لەلایەن ئێمەشەوە جێگای قبووڵ نییە، گەورەکانمان خەباتیان بۆ کوردستانێکی ئازاد کردووە و ئێمەش متمانەمان بە حکومەتێک داوە کە ڕێگر بێت لەوانەی تێکدەرن و تینوویی ڕۆژگاریی شەڕی ناوخۆن و گەشە و پێشکەوتنیان پەیوەستە بە ململانێ و شەڕ و کوشتار، ئێمە حکومەتێک دەخوازین و هاندەر و پشتیوانی دەبین کە خزمەتی هاوڵاتیان بکات و ئەرکی لەپێشینەی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بێت، ئەمەش لە کابینەی نۆیەم بە تەواوەتی ڕەنگیداوەتەوە و ئاشکرا بووە بۆ هەمووان بۆیە دژایەتی دەکەن، ئەگەرنا ڕێگای بە گەندەڵی و ئاژاوەگێڕیی بدایە ئێستا لایەنەکانی سلێمانی بە خۆیان و میدیاکانیان لە سەنگەری دژایەتیکردنی نەدەوەستانەوە!

لە کۆتاییدا دەڵێم، ئەوان هاوڵاتی و کادر و فەرماندەی خۆیان بە ئاشکرا لەسەر جادە و لە باوەشی کەسووکاریان دەکوژن، بەڵام لە هەولێر، سیخووڕ و ئاژاوەگێڕ بەوپەڕی پاراستنی کەرامەتەوە دادگایی دەکرێن، ئەمە جیاوازییەکی بچووکی نێوان ئێمە و ئەوانە، جیاوازییەکانی دیکەش با خەڵک خۆیان سەنگی مەحەک بن و بڕیار بدەن!

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.