▪ لە پشووی هاوین منداڵەکان فێربکەن

مەعرووف مەجید

لە وەرزی هاویندا منداڵان پێویستیان بە ئەنجامدانی زۆر چالاکی کات بەسەربردن و پیشەیی و وەرزشی هەیە، بۆ ئەوەی پاڵپشتی دەروونی و جەستەیییان بۆ دابین بکرێت، هەروەها کەمێک لە ئامێرەکانی تەکنەلۆژیا دوور بکەوێتەوە، ئەم چەند چالاکییە لەگەڵ منداڵەکەت ئەنجام بدە.

پایسکلسواری
دەتوانیت منداڵەکەت بە پاسکیل لەگەڵ خۆت ببەیت بۆ دەرەوەی ماڵ، لە ئەگەری ئەوەی منداڵەکە توانای لێخوڕینی پاسکیلی هەبوو، دەتوانیت بیبەیت بۆ پێشبڕکێی پاسکیل.

لە یاریگادا هاوڕێیان بناسە

پەیوەندی لەگەڵ دایک و باوکی هاوڕێکانی منداڵەکەت بکە، و ڕۆژێک لەگەڵیان دیاری بکە کە لەو ماوەیەدا منداڵەکان بتوانن بچنە گۆڕەپانەکە و یاری بکەن و لەژێر چاودێری تۆدا لە گۆڕەپانی یارییەکەدا گەشت بکەن، بێگومان چوونە دەرەوە و یاریکردن لەگەڵیان پەرە بە لێهاتوویی کۆمەڵایەتی خۆی دەدات.

سەردانی کتێبخانەی ناوچەکە بکەن.

کتێبخانەی گشتی دەوڵەمەندە بە چەندین کتێبی بەسوود بۆ منداڵان لە زۆر بواردا، جا چ کتێبی چیرۆک بێت، یان کتێبێک کە زانیاری گشتی بەشێوەیەکی سادە ڕوون دەکاتەوە، لەوانەش کاغەز و دەنگی، جگە لە بوونی یارییە ئەلیکترۆنییە پەروەردەییەکان.

باسکردنی مەتەڵەکان.

هەندێ مەتەڵی کوردەواری گونجاو هەڵبژێرە و لەگەڵ منداڵەکەت پێکەوەیان باسیان بکەن، چونکە ئەم جۆرە چالاکییە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بیرکردنەوەی منداڵەکەت و ئاشنابوونیان بە کلتووری نەتەوەیی.

ڤیدیۆیەک تۆمار بکە.

لەگەڵ منداڵەکانتان بچنە دەرەوە لە سروشتدا، و یارمەتیان بدەن ڤیدیۆیەک تۆمار بکەن کە چی دەکەن، جا ڕووەک ئاودەدەن یا خواردن دەدەن بە ئاژەڵ و باڵندەکان، تەنانەت بچنە دەرەوە بۆ ئەوەی چاویان بە خەڵک بکەوێت؛ لەسەر بابەتی جیاواز قسەیان لەگەڵ بکە، ئەم چالاکییە یارمەتیدەرە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و داهێنەری منداڵەکەت.

ڕواندنی نەمام و گوڵ.

باخداری، وەک چاندن و ئاودان، یارمەتی منداڵەکەت دەدات فێری ژینگەی دەوروبەری بێت، هەروەها زیاتر ئاگاداری گرنگی گەشەکردن و ڕووەک دەبێتەوە.

بۆیە دەتوانیت بچیتە نزیکترین نەمامگە، دواتر جۆرێک لە سەوزە یان تۆوی گوڵ هەڵبژێریت، و یارمەتی منداڵەکەت بدەیت لە باخچەی ماڵەوە بیچێنێت و ئاوی بدات، یان لەناو هەر گۆزەیەکی بچووکدا.

مەلەکردن
زانراوە کە وەرزی هاوین پێویستی بە ئاوێکی زۆر هەیە، بۆیە منداڵەکەت ببە بۆ نزیکترین مەلەوانگە، بۆ ئەوەی چێژ لە مەلەکردن، غەواس، یان یاریکردن بە یارییەکانی ئاو وەربگریت، هەروەها مەلەکردن چالاکیەکی هاوینەی تەواو و گونجاوە بۆ منداڵان و گەورەکان.

یاریکردن بە کۆلارە.

کۆمەڵێک شریت و داری ڕەنگاوڕەنگ لەگەڵ خۆت بهێنە، هەروەها شێوەی باڵندەیەک بۆ منداڵەکەت دیزاین بکە، پاشان شوێنێک هەڵبژێرە کە ئۆتۆمبێلی تێدا نەبێت، و یارمەتی بدە بۆ ئەوەی بەرز بفڕێت، چونکە ئەمە یەکێکە لە چێژبەخشترین شتەکان بۆ منداڵان.

تاقیکردنەوەی زانستی.
هەندێک تاقیکردنەوەی زانستی ئەنجام بدە
مێشکی منداڵ بڕێکی زۆر داهێنەری تێدایە، بۆیە دەتوانیت چەند تاقیکردنەوەیەکی زانستی سەلامەت لە ماڵەوە بەکاریبهێنیت.

نووسینی ڕۆژنامەنووسی

منداڵەکەت فێربکە گرنگترین ساتەکانی ژیانی بنووسێت، و لە دەفتەرەکەی خۆیدا بیهێڵێتەوە، کە دوای گەورەبوونی دەتوانێت بیخوێنێتەوە، و یادگارییەکانی لەگەڵ خۆت و باقی خێزان و هاوڕێکانیدا بهێنێتەوە.

چێژ وەرگرتن لە سروشت
دەتوانیت سوود لە ماوەی درێژخایەنی هاوین وەربگریت بۆ ئەوەی لەگەڵ منداڵەکەت لە ماڵ دەربچیت و زیاتر فێری سروشتی دەوروبەری بکەیت، وەک چاودێریکردنی باڵندە، وێنەگرتنیان و دانانی لە ئەلبوومێکی تایبەتدا، یان کۆکردنەوەی سەوزە و گیا ، یان دانیشتن لەسەر چیمەن و بیرکردنەوە لە شێوەی هەورەکان.

دروستکردنی ژەمێک خواردن.

منداڵەکانتان هان بدەن بۆ ئەوەی نانی ئێوارە دروست بکەن، لەگەڵیان بڕۆن بۆ کڕینی کەلوپەلی پێویست، دواتر ڕێگەیان پێبدەن لەسەر خۆیان خواردن دروست بکەن بە چاودێری خۆتان.

سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.