▪ هەنگاوی سیاسیی هەڵە بەرانبەر داڕمانی ئابوری عێراق

فرسەت سەید شکور

سەپاندنی سزا لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر 14 بانکی عێراق، بە تۆمەتی بردنە دەرەوەی پارە و گرتنەبەری ڕێگەی نایاسایی ئابوری لەگەڵ ئێراندا، لەلای عێراقییەکان مایەی نیگەرانییە، هەرچەندە ئەمریکا هیوایەکی لەسەر کابینەکەی محمد شیاع سوودانی هەڵچنیبوو، بەمەبەستی بەگەڕخستنی تواناکانی لە کەمکردنەوەی هەژموونی سیاسیی و ئابوری ئێران لە عێراق، بەڵام ئاماژەکان، دەریدەخەن کە جێپێی ئێران لەم ناوچەیە هێشتا بە تەواوی لەق نەبووە.

یەکێک لەو ئاڵنگارییە سەرەکییانەی کە ڕووبەڕووی سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق بووەتەوە گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێرانە هەریەکە لە سەرکردە دیارەکانی ئێستای عێراق کە سەرپەرشتی چەندین گرووپی جێگە گومان بەلای ئەمریکاوە، دەکەن وەک (نوری مالکی-قەیس خەزعەلی-هادی عامری) پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران کۆیان دەکاتەوە و بە ئاشکرا پشتیوانی لە هەر هەنگاوێکی سیاسیی و ئابوری عێراق دەکەن لەپێناو دابینکردنی خواستەکانی ئێران، هەتا ئەگەر لە دەرەوەی ڕێککارە یاساییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیش بێت بەلایانەوە گرنگ نییە.
ئەم شێوازە لە سیاسەتکردن نیگەرانییەکی گەورەی لەلای عێراقییەکان بە نمرەی یەک و ئەمریکاش بەتایبەتی دروستکردووە.

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مامەڵەکردن بە دۆلاری لە 14 بانکی عێراقیدا قەدەغە کرد و بەوە تۆمەتباری کردوون، کە دۆلاریان بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە، کە سزای ئەمریکایان لەسەرە. رۆژی چوارشەممە 19-07-2023، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، ئەمریکا ئەو سزایەی دوای ئەوە بەسەر ئەو بانکانەدا سەپاند، دوای ئەوەی دەرکەوت ئەو بانکانە لە کردەکانی شووشتنەوەی پارە و مامەڵە داراییە گومانلێکراوەکان و مامەڵە فێڵکارییەکان تێوەگلاون، وەکو چەند بەرپرسێکی ئەمریکی بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە.
 
بەرپرسانی باڵای ئەمریکی دەڵێن؛ “گومانێکی بەهێزمان هەیە هەندێک لە کارەکانی سپیکردنەوەی پارە رەنگە بە سوود بگەڕێتەوە بۆ ژمارەیەک کەس کە سزای ئەمریکا دەیانگرێتەوە، یان بۆ بەرژوەندیی کەسانێک کە سزاکان نەیگرتوونەتەوە.”
 بەشێک لە بەرپرسانی ئێستا و پێشووی عێراق و ئەمریکا ژمارەیەک لە بانک و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە رێگەی مامەڵەی فێڵبازانە و هەندێک پلانەوە قازانجی زۆریان لە مامەڵەکردن بە دۆلارەوە کردووە. بەتایبەت ئەو بانک و کۆمپانیایانە دەتوانن ئەو دۆلارەی بە نرخی بانکی ناوەندیی عێراق دەکڕن دووبارە بیفرۆشنەوە، ئەوەش وادەکات بەهاکەی لە بازاڕدا بەرزبێت، وەکو رۆژنامەکە ئاماژەی بۆ کردووە.

“پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ سوریا”

پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی روسیا لەم دواییانەدا بەرەو ئاساییبونەوەی چون، ئەوەش لەدوای سەردانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ دیمەشق کە یەکەمین سەردانی بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکەیە لە ساڵی 2011وە، بەڵام هۆشداری دەدرێت لەوەی کە “شکاندنی ئەو سزایانەی بەسەر سوریا و ئێراندا سەپێنراوە، لێکەوتەی ترسناکی بۆ ئابوری عێراق دەبێت”.

عێراق بە درێژایی ساڵانی شەڕی سوریا، تەنانەت دوای دابڕانی لە وڵاتانی عەرەبی، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕژێمی سوریا پاراست، بەڵام ئەو پەیوەندیانە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردودا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بەتایبەتی دوای ئەوەی وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕژێمەکە ئاساییکردەوە.

پاشەکشەی ئابوری عێراق

ڕۆژنامەی “العربی جدید” لە راپۆرتێکدا باسی لەوەکردوە، پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەسەد “ڕەنگە کاردانەوەی پاشەکشەی هەبێت لەسەر ئابوری عێراق”، تەنانەت لەسەری دەسکەوتە سیاسیەکانی، تەنانەت مەترسی ئەوە دەکرێت کە ئەمریکا سزای نوێ بەسەر بانکە عێراقییەکاندا بسەپێنێت.

رێوشوێنەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا “پەیام”ی ئابوری بۆ عێراق هەڵدەگرن، مانای ئەو پەیامانە ئەوەیە کە “شکاندنی ئەو سزایانەی بەسەر سوریا و ئێراندا سەپێنراوە، لێکەوتەی ترسناکی بۆ ئابوری عێراق دەبێت”.
زۆرترین کێشەی عێراق لە خاڵە گەڕۆكەكان یان جێگیرەكان لەسەر ڕێگا سەرەكییەكانی بەستنەوەی دەروازە سنورییەكانە بەتایبەت گواستنەوە یان قاچاخكردنی ئەو كاڵا و شتومەك و كەلوپەلانەی كە نیشانەیان لەسەر نییە كە لەڕێگەی نایاساییەكانیانەوە بە چونە ناو وڵات زیان بە ئابوریی عێراق دەگەیەنن.

وڵاتانی ڕۆژئاوا و به تایبەت واشنتۆن دەبێت درک بەوە بکەن، مامەڵەی نێوان به غدا و وڵاتانی دراوسێ سوودی پەیوەست بە نزیکی جوگرافی و دابینکردنی کاڵا و بەرهەکان به نرخێکی گونجاو بۆ هاووڵاتی عێراقی هەیە، کە ڕەنگە “سپیکردنه وه ی پاره ” له چوارچێوە بازرگانییەکاندا بەردەوامی هەبێت، بەڵام ئەم بابەتە بەبێ ئەڵتەرناتیڤ (جێگرەوە) ناتوانرێت بوەستێنرێت.

“گۆڕانی شێوازی مامەڵە لەگەڵ عێراق”

شێوازی ئیدارەدانی ئەمریکا لە عێراق لەنێوان باراک ئۆباما و جۆو بایدن نە شێوەیەکی گشتیی گۆڕانکاری زۆری بەسەرداهاتووە، تاڕاددەیەک بووەتە سیاسەتێکی دوو ئاراستەیی، ئەمەش دەرگای بۆ هێزەکانی دیکەی ناوچەکە واڵا کردووە لەم ناوچەیەدا زاڵ بن و فشارەکانیان زیاتر بێت، بێگومان ئەوەش هەرچەند لەبەرژەوەندی کەمینەیەک لە هێزە دەسەڵاتدارەکانی عێراق بێت، بەڵام بە خواستی گەلی عێراق و گەلی کوردستاندا نییە.

بە واتایەکی تر، لە 31ی کانونی یەکەمی 2021ەوە، پەیوەندی ئەمنی ئەمریکا لەگەڵ عێراقدا گواستراوەتەوە بۆ ڕۆڵی “ئامۆژگاریکردن، کاراکردن و هاوکاریکردن” و بەرپرسانی ئەمەریکا عێراق بە “دەنگی میانڕەوی و دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”وە.

ئەوەی جێگای سەرنجە، حکومەتی ئێستای عێراق کە لە (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ دەستبەکاربووە)، بەرامبەر بە بەشداریکردنی ئەمریکا بە شێوەیەکی بنیاتنەرتر لە عێراقدا، بەڕوونی چیتر پەیوەندی ئەو دوو وڵاتە لە چاوی لەشکرکێشیەکەی ساڵی 2003دا، نابینێت.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.