▪ “ماددەی هۆشبەر” دوژمنە سەرسەختەکەی مرۆڤ….

بێستوون ساڵەیی

ماددەکانی هۆشبەر ترسناکترینی ئەو مادانەن بۆ سەر ژیانی مرۆڤ کە سەرتاسەری جیهانیی تەنیوە، بازرگانی پێکردن و بەکارهێنانی لە هەردوو ڕووەوە بۆ مرۆڤ کارەساتبارە.
هەرێمی کوردستان بەدەر نییە لەم ژەهرە کوشندەیە، هەڵکشانی ئامارەکان پێمان دەڵێن دۆخێکی مەترسیدار لە ڕێگەیە.
بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ئاماری دەستبەسەرداگرتنی ئەو ماددەیە پەرەی سەندووە ژمارەکان ڕوو لە زیادبوونن.
ترسناکی ئەم مادەییە لەوەدایە کە سنوور بۆ سنوور تێپەڕ دەکات و کۆمەڵگەکان دەبڕێت ،
مەترسیەکەش بۆ سەرجەم چین و توێژ وخانەوادەکانە، کە ئاسەوارێکی نەرێنی کۆمەڵایەتی دروست دەکات.
بوونی ئەو مادە هۆشبەرانە کاریگەری ڕاستوخۆی هەیە بۆ تێکچوونی بارودۆخی ناو خێزان، زیادبوون توندوتیژی، جیابوونەوەی هاوسەرەکان و هەڵکشانی تاوانی کوشتن .

ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکانەوە دەیبینین و دەیبیستین ڕۆژانە بازرگان و بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسردەکرێن و ڕەوانەی زیندانەکان دەکرێن، کەواتە مەترسیەکان گەورن و لە حاڵەتەوە چووەتە قۆناغی دیاردە.
وڵاتانی دراوسێ کە ئاڵوودەن بە ماددە هۆشبەرەکان کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە بەسەر هەرێمی کوردستانەوە، کە لەوانەیە ئەمەش بەشێک بێت لە پلان و ستراتیژی ئەو وڵاتانە بەرامبەر هەرێمی کوردستان بە مەبەستی تێکدانی شیرازەی خێزان و بەلاڕێدابردنی گەنجان و زیان گەیاندن بە ئابووری خەڵکی کوردستان.
ڕێژەی بەکارهێنەران بە گوێرەی ئامارەکان بەردەوام لە زیادبووندایە، زۆرینەیان گەنجانن و بەکارهێنان و بازرگانی پێکردنی ئەو ماددەیە ژنانیشی گرتووەتەوە و لەو ڕێگەیەوە گەنجان و مێردمنداڵان ئاسانتر ڕادەکێشرێنە ناو بازنەی ئاڵوودەبوون بە مادە هۆشبەرەکان.

ئامارەکانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەرخەری ئەوەن کە ئێمە لە شەڕێکی جیاوازداین لە شەڕەکانی پێشوو، ئەویش شەڕکردنە بۆ بنەبڕکردنی ماددە هۆشبەرەکان، بەپێی گوتەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، عێراق و کوردستان بوونەتە بازاڕی ساخکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لەم بازاڕەشدا مێردمنداڵان و گەنجان قوربانیی یەکەمیـــنن.

بەپێی زانیاریە بەردەستەکان مێژووی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان و بەر لە سێ هەزار ساڵ جۆرە گیایەکیان بەکارهێناوە کە لەو سەردەمەدا بە گیای خۆشبەختی ناونراوە و لە لایان چێژبەخش بووە و پێیان وابووە خواردنی ئەو گیایە خۆشبەختیان بۆ دروست دەکات.
لە دوای ئازادکردنی عێراق لە ساڵی ۲۰۰۳ عێراق بووە ناوچەیەکی ترانزێتی بۆ ماددە هۆشبەرەکان، بازرگانە ئێرانیەکانی بوارەی ئەو ماددە ترسناکە شارەکانی عێراق و کوردستانیان بە ماددەی هۆشبەر تەنی و بە هەزاران تاکی کوردستانی و عێراقیان ئاڵوودەی ماددەی هۆشبەر بوون، ئەمڕۆ عێراق بووەتە رێڕەوێکی گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان بۆ وڵاتانی جیهان.
بۆ بەگژداچوونەوە و هوشیارکردنەوەی تاکەکانی ناو کۆمەڵە لە مەترسیەکانی ئەو ماددە زیانبەخش و دوژمنی مرۆڤایەتییە، لە مینبەرەکانی مزگەوت و ناوەندەکان خوێندن و ڕاگەیاندنەکانەوە هەڵمەتی نیشتیمانیی بەردەوامی پێویستە، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی زیاتر و چالاکانەتر بە ڕۆڵی خۆیان هەستن و کۆڕو سمینار لە ناوەندەکانی خوێندن، لە دامودەزگاکان لە سەنتەری بازاری شارەکان ئەنجام بدەن.
تووشبوون و ئازار پێگەیشتنی هەر تاکێکی کۆمەڵگە زیان گەیاندنە بە تەواوی کۆمەڵگە، بۆیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ماددە کوشندەیە بەرپرسیاریەتیکی ئەخلاقی و ئاینی و نیشتیمانییە لە سەر شانی هەمووان….

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.