▪ زانیاریێن نوێ دەربارێ روودانا پیرەمەگرون

ئەمشەوی پێنجشەممە پیاوێک لە پیرەمەگروون هەڵیکوتایە سەر ماڵێکی دراوسێیان و سێ ئەندامی یەک خێزانی کوشت و یەکێکی دیکەشی بریندارکرد

شایەتحاڵێک لە پیرەمەگروونەوە دەڵێت” سێ کوژراوەکە دوو برا و کوڕی یەکێک لە براکانە، بریندارەکە هاوسەری یەکێک لە براکانە، لە کاتی نان خواردنی ئێوارە هێرشکراوەتە سەریان.

بەکر عەبدولکەریم بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگروون دەڵێت ، لە ئێستادا ئەوەی دەوترێت تەنیا قسەوباسی ناو خەڵکە، هێشتا هۆکاری رووداوەکەیان بە فەرمی بۆ دەرنەکەوتووە.

وتیشی، پرسیاریان لە هەرکەس کردبێت وتوویانە نەیانبیستووە ئەم دوو ماڵە کێشەیان هەبووبێت بەیەکەوە.

شایەتحاڵەکان دەڵێن بکوژەکە پیاوێکە بە ناوی (هـ.ئـ)، هەر دوای دەستڕێژییەکە رایکردووە و ئێستا پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێت.

لە هەندێک پەیجی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی دەنگۆی جیاواز بڵاوکراوەتەوە، یەکێک لەوانە ئەوەیە گوایە لەسەر تانکییەکی سەربان کابرا ئەو سێ کەسەی کوشتووە.

دەنگۆکە بەجۆرێکە، یەکێک لە کوژراوەکان شۆفڵی پێیە، بکوژ داوایکردووە تانکییەکی بۆ بباتە سەربانەکەی، بەڵام لە کاتی خۆیدا ئیشەکەی بۆ نەکردووە و بەو هۆیەوە ناکۆکییەکانیان تەشەنەی سەندووە. بەڵام ئەمانە تەنیا دەنگۆن جارێ.

سەرچاوەیەکی ناو پۆلیسی پیرەمەگروون دەڵێت هێشتا بەتەواوی نازانن، بەڵام بە نزیکەیی تێگەیشتوون لەوەی گرفتێکی لەمێژینە هەبووە لەناو ئەو دوو بنەماڵەیە، کە بۆ سەردەمێک دەگەڕێتەوە ماڵی هەردوولایان لە گوندی تۆپزاوا بووە و هێشتا نیشتەجێی پیرەمەگروون نەبوون.

تەرمەکان بردراونەتە پزیشکی دادی سلێمانی و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.