▪ فرێدریک دۆگڵاس، نموونەیە
هەلکەفت محەمەد شەریف
ڕەشپێستێکی ویلایەتی میریلاندی ئەمەریکایە، بە کۆیلەیی لەدایکێکی ڕەشپێست و بابێکی سپی، لە دایک بووە. لە هەموو تەمەنیدا تەنیا چەند جار دایکی خۆی دیوە. لە تەمەنی ١٠ ساڵییدا بۆ باڵتیمۆر براوە تا لە کێڵگەکانی ئەوێدا کاربکات. بێ ئاگا لەوەی نووسین و خوێندنەوە بۆ ڕەشپێستەکان نا یاساییە، لەو کاتەدا نەدەبوایە ڕەشپێستەکان خوێندەوار بن، ژنی ئەو ماڵە لەگەڵ کوڕەکەی خۆی فێری خوێندنەوە و نووسینی دەکات. هەرگیز نەیتوانی بچێتە قوتابخانە، بەڵام خۆی خۆی پێگەیاند، هەرچی دەستی دەکەوت دەیخوێندەوە. لە تەمەنی ١٥ ساڵییدا چەندان جار بە قامچی لێیدەدرێ، لە هەرزەکاریدا دەفرۆشرێتە خاوەن کۆیلەیەکی بێ بەزەیی و ڕەق و وشک، لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا لە مانگی ئەیلوولی ١٩٣٨هەڵدێ و دەگاتە نیویۆرک.
ژیریی و ووریایی خۆی وایکرد دەست بە نووسین بکات و دەبێتە نووسەرێکی فرە بەرهەمی بە پێز. لە ژیانی خۆیدا سێ پەرتووکی لە سەر ژیانی ناوداران بڵاو کردووەتەوە، لە هەموویان بەناوبانگتر ژیانی فرێدریک دۆگڵاس بوو، کە هەر خۆی نووسەری بوو، تێیدا باسی قوربانییەکانی کۆیلایەتی لە ئەمەریکا دەکات و ئەو زوڵم و زۆردارییەی بەسەریاندا سەپاوە، تاوانەکانی لەدژیان کراوە، نیشان دەدات. ناوبانگی ئەو پەرتووکەی زۆر بڵاوبووەوە و بووە چیرۆکێکی کلاسیکی کۆیلایەتیی. لە سێ مانگی یەکەمدا ٥ هەزار دانەی لێ فرۆشرا. ناوبانگی دەرکردبوو، بۆیە مەترسیی کوشتنی لەلایەن خاوەنەکەی لە باڵتیمۆر، لەسەربوو. بۆیە بەرەو ئەوروپا ڕایکرد و تا سالی ١٨٤٧ لەوێ مایەوە.
بە گەڕانەوەی بۆ ئەمەریکا، دەستی بە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەکەی بە ناوی (ئەستێرەی باکوور) کردەوە و بیری ئازادیی کۆیلەکانی تێدا دەگەیاندە خەڵکان. خۆی و خێزانەکەی ئاننا، فەرمانبەری هێڵی شەمەندەفەری ژێر زەوی بوون، هاوکاری هەزاران ڕەشپێستیان کرد تا لە ویلایەتەکانی باشوور بەرەو ئەوانەی باکوور و کەنەدا خۆیان ڕزگار بکەن.
فرێدریک گووتاربێژێکی یەکجار بە توانا و ڕەوانبێژ بوو، لە هەرشوینێک با، کەسایەتیی خۆی دەسەپاند. چەندان جار گووتاری سەبارەت بە ئازادی کۆیلە داوە. لە تەمەنی ٢٣ ساڵییدا یەکەم گووتاری لەسەر ژیانی کۆیلایەتیی خۆی لەبەردەم سپی پێستانی ویلایەتی ماساشوسێتس، داوە. ڕەنگە گووتارەکەی ڕۆژی ٥ی تەمووزی ١٨٥٢ بە ناوی “٤ی تەمموز بۆ کۆیلەیەک چییە ؟ (٤ی تەمموز ڕۆژی سەربەخۆیی ئەمەریکایە) بە هێزترین و پڕ ئەخلاقترین گوتاری دژی کۆیلایەتیی، بووبێ. لە ناو مەزنترین گوتاربێژەکانی ئەمەریکا ناوی دێت. بە بروای ئەو کۆیلە نابێ بکەوێتە ناو ئەو زۆنگاوەی هەتا ماوە دەبێ کۆیلە بمێنێ و باوەر بەوە بێنێ بەشی ئەو لە ژیان ئەوەندەیە.
پاڵپشتێکی زۆر توندی مافەکانی ئافرەتان بوو و دروشمی (ماف ڕەگەز ناناسێ – ڕاستیی ڕەنگی نییە) لە سەرەوەی ڕۆژنامەکەی، دادەنا. ئەو ڕۆژنامەیە بوو سێدارەی لە ئەمەریکا راگرت. تاکە ڕەشپێست بوو لە کۆنگرەی یەکەمی مافی ژنان بەشدار بوو. کاتی زۆریشی بۆ مافی کرێکاران لە بەریتانیا، ئیرلاند و سکۆتلاند تەرخان کردبوو. لە کاتی جەنگی ناوخۆدا فرێدریک نووسی ” ئێمە بۆ یەکڕیزیی/یەکێتی تێدەکۆشین، یەکێتی بیر، یەکێتی مەبەستەکانمان، یەکێتی دامەزراوەکانمان، کە نابێ تێیاندا باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ڕەش و سپی، هەبێ. دەبێ هاوکاریی گەل هەبێ تا هەموو کۆیلەیەک ئازاد دەبێ و هەموو ئازادێک دەنگدەرێکە”.
فرێدریک هاندەری کەسانی دیکەی وەکو کلۆدیت کۆڵڤن (ئەکەم ئافرەت بوو کورسییەکەی خۆی لە ناو پاسێکدا نەدا بە سپی پێستێک)، مارتن لوثەر کینگ، زۆرا هۆرتسن، ماری تێرێڵ، ویلیەم دو بوا، دەیزی بەیتس، کلارا لوپەر و زۆری دیکە. ئەوانە سەریان بۆ ئەو یاسا و ڕێسایانەی سپی پێست وەکو ڕەگەزپەرستیی دایڕشتبوون، دانەنەواند. ئەوان نموونەی خەباتی مەدەنییانە و داواکاری مافی ڕەوای خۆیان بوون.
ئەوەی ناوێرێ لە قاوغی خۆی بجوڵێتەوە، هەر بە کۆیلەیی دەمێنێتەوە و سەردەنەوێتەوە.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.