▪ بۆچی کورد پێویستی بە بەخۆداچوونەوەی خێرا هەیە؟

فرسەت سەیدشکور

لەو کاتەوەی مرۆڤ کار و ژیانی خۆی رایی دەکات، بیر دەکاتەوە و دەجووڵێ، دیدگای ھەیە و بۆ داھاتوو دەڕوانێ، لە ململانێ و ڕکابەریدایە، جیھانی قۆناغ بە قۆناغ گۆڕانکاریی نیمچەیی و پچڕپچڕی پێداھاتووە. گۆڕانکارییە جیھانییەکان زۆرینەی بنەما بنەڕەتییەکانی ژیان دەگرنەوە، ھەر لە سیاسەتەوە تاوەکوو گۆڕانکارییە ئابووری و سیاسیی و جیۆگرافییەکان، لەسەروو ھەمووشیانەوە، ئابووری وەک پایەی سەرەکیی لێی دەڕوانرێ.

دیدی جیاواز و تێڕوانینی مرۆڤ بۆ گۆڕانکارییەکان حاڵەتێکی سروشتی و گرنگە، یەکێکیشە لە بنەما باڵاكانی (دیموکراسی). زۆرینەی ئایین و کتێبە کاریگەرەکان بە تاک پێگیری بەم بابەتەوە دەکەن، بەڵام گۆڕانکاریی لە لە سەردەمی نوێ، زۆر جار کارەساتی گەورەی بەسەر ئەو وڵاتانەدا ھێناوە کە لەناوچەی جوگرافی دژواری بەرژەوەندی زلھێزەکان بوون.

بەدرێژایی مێژوو ھەمیشە دونیا لە گۆڕانکاریدا بووە، ھەر لەسەردەمی پێش ئیسلام و باڵادەستیی وڵاتان و زلھێزانی وەک ڕۆمەکان و مەغۆلەکان و یۆنان و ئیسپانیا و ڕووسیا و ئینتیدابی بەریتانیا و ئەمریکا و دوایەمینیشان سۆڤیەت و لە ئێستاشدا جیهانی فرەجەمسەری ئەمریکا و چین و ڕوسیا و وڵاتانی بەهێزی ئەوروپا.

گۆڕانی سیاسەتی زلھێزان
ئەمریکا، کە باڵادەستی یەکەمینی جیھانە، خۆشی لە ڕووسیا و چین و ئێران نایەت، ئەوانیش بە ھەمان شێوە، ھێندێ لەو وڵاتە زلھێزەکانی ئەمریکای باشوور و باکوور دژی ئەمریکان، وڵاتانی ڕۆژئاوا ناکۆکن لەگەڵ سیاسەتەکانی ڕووسیا و ئێران، بەو واتایەی لە ھەر شوێنێک بەرژەوەندی ھەبێت ناکۆکییش ھەیە، ساڵی ڕابردوو سەردانی شی جین پینگ سەرۆکی چین بۆ سعوودییە، بەمەبەستی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانییەکانی نێوانیان بەتایبەت لە کەرتی وزە و لەنێوشیدا نەوت، بەھەمانشێوە ئەمریکا سیاسەتەکانی زیاتر چڕدەکاتەوە لەو دەوڵەتانەی کە خاوەن ئابووری گەورە و یەکلایکەرەوەن، لە دواین لێدوانەکانی (جۆو بایدن) سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئاماژەی بەو مەترسییانەی چین داوە لەسەر سیاسەتی داھاتووی ئەمریکان لەلایەن چینەوە، بەتایبەت بەپێی دواین ئامارەکان گەشەی ئابووری خێرایی چین شەش ھێندە زیاتر لە گەشەی ئابووری ئەمریکا لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا.

‎گەنم و جۆ لە پێداویستییەکانی ژیانی مرۆڤن، ھەروەھا بنەمای سەرەکی ئابووریی ئۆکرانیان، زۆرێک لەو وڵاتانەی پشتیان بە ئۆکرانیا و رووسیا بۆ دابینکردنی گەنم و جۆ دەبەست، ئێستا کۆگاکانیان وردەوردە خاڵی دەبێت و دەکەونە دۆخی بێ خۆراکی و بەئەستەم پەیداکردنی و گرانبوونی نرخەکەیەوە، ئەوەش باری سەرشانی خەڵک زیاتر دەکات.

جەمسەری چین و ئەمریکا
لەوکاتەوەی سەرۆکی چین لە ساڵی 2013 پرۆژەی ڕێگای (حەریری) لە ژێر دروشمی (تەنیا ڕێگاو تەنیا پشتێنە، گریق واحد-حزام واحد)ڕاگەیاند، ململانێکان و پەیوەندیەکان و شەڕگەکان و ھاوپەیمانیەکان گۆڕانکاری زۆری بەسەر داھات. ھەر لە سەرھەڵدانی داعش لە ساڵی 2014 لەدوای بەھاری عەرەبی، تا شەڕی یەمەن لە ساڵی 2015 وگەڕانەوەی تاڵیبان بۆ ئەفغانستان لە ساڵی 2021 و دواتریشیان شەڕی رووسیاو ئۆکرانیا.

ئەمریکا ھەموو ھەوڵێکی گرتۆتەبەر بۆ ئەوەی ئەم پرۆژەیەی چین ( ڕێگای حەریر) یا لە بار بەرێت یا دوای بخا.
ئەمریکا دەیەوێ لەڕێگای ناتۆ پشتێنەکی سەربازی لە بەرامبەر پرۆژەیەکەی چین دروست بکات، بەڵام ئەم پشتێنە سەربازییە پێش ئەوەی چینیەکان ھەراسان بکا، رووسەکانی ترساند، چونکە پەلھاویشتنی (ناتۆ) بۆ دەریای رەش و دەریای بەڵتیق، ڕووسەکان دەخاتە بەردەم دوو بژاردەی مەترسیدار، ئەوانیش
1-یان دژی چین بوەستێتەوە
2- یان بە گەمارۆی ئابووری و سەربازی بێ ھێزی بکەن بەمەش کارتی چین و ھەڕەشەی ڕێگای حەریری چین لەدەستی رووسەکان بسووتێن.

ھەماھەنگی مەرامداری
ملیۆنان کەس لە سەرانسەری دونیا بەھۆی ناکۆکیی ئاسایی نێوان دوو دەوڵەتەوە لەناو چوون. Commonwealth یەکێکە لەو رێکخراوانەی کە ئەندامەکانیان هەموویان ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانن.

ئەو وڵاتانە هەمیشە هاودەنگی بەریتانیا بوون پێی دەگوترێت وڵاتانی کۆمۆنوێڵس، کە پێکدێن لە 56 وڵات. ئەم دەوڵەتانە خواست و بەرژەوەندیی بەریتانیا لە کوێ بێت ئەوان لەوێن، ھەر بڕیارێکیش لە نەتەوە یەکگرتوەکان بدرێت، ئەوان لانیکەم دژی بەریتانیا نابن.

رێکخراوی بریکس BRICS، ئەم رێکخراوە هەریەک لە بەرازیل، رووسیا، هیندستان، چین، وەک ئەو وڵاتانەی خاوەنی گەشەی خێرای ئابووریین لەخۆ دەگرێت، ئەم زلھێزانەش هەریەکە و بەپێی قەبارەی خۆیان، هەندێک وڵاتی دیکەیان لەژێر هەژموونی خۆیان مسۆگەر کردووە و لە کاتی پێویستدا هاوشێوەی وڵاتانی سەر بە بەریتانیا، بۆ سەرخستنی ئەو بڕیارە نێودەوڵەتییانەی لە بەرژەوەندیی خۆیاندایە بەکاریان دەهێنن.

لەگەڵ ئەوەشدا، چەندین رێکخراوی جیهانی دروست کراون، چەندین هاوپەیمانی و رێکخراوی دیکەی بەمەبەست لە جیهاندا دروست کراون کە لە ڕووداوە نوێیەکاندا هەڵوێستەکانیان بۆ بردنەوەی ئارمانجەکانیان بە کۆدەنگی بەکار دەهێنن، نموونەی وەک رێکخراوی وڵاتانی ئیسلامی، كۆمكاری عەرەبی، وڵاتانی بزووتنەوەی بێلایەن، جیهانی سێیەم، حەوت وڵاتی پیشەسازی، ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، یەکێتیی ئەفریقا و چەندینی دیكە لە ئاسیا و ئەورووپا و کیشوەرەکانی دیکە.

کـورد وەک بەشێک لە گۆڕانکارییەکان
بەدرێژایی مێژوویی جیھانی، ھەر گۆڕانکارییەکی جیھانی، ناوچەیی، ھەرێمی ڕوویدابێت، ھەمیشە کورد بووەتە سووتەمەنی ڕێککەوتن و ڕێککەوتنامە نێودەوڵەتییەکان، دیارترینیان ڕێککەوتننامەیە بوو کە لەنێوان هەریەک لە بەریتانیا و فەرەنسا واژۆکرا لەساڵى 1916 بەمەبەستى دابەشکردنى ناوچەکانى ژێردەسەڵاتى ئیمپراتۆرییەتى عوسمانى کەلەو کاتەدا بە “پیاوە نەخۆشەکە” وەسف دەکرا، ئەو ڕیککەوتننامەیە بەشیوەى ئاڵوگۆڕ پێکردنى بەڵگەنامەى وەزارەتەکانى دەروەى هەرسێ وڵاتى (بەریتانیا وفەرەنسا وڕوسیاى قەیسەرى) لەنیوان مانگەکانى ئەپڕیل ومایۆدا دەستیپیکرد، لۆزان و سایکس پیکۆ گەلێکی خاوەن (خاک، مێژوو، زمان، کەلتور، فەرھەنگ..) یان کردە چەند پارچەیەکەوە وەک پارچە کێک بەسەر یەکتریدا دابەشیان دەکرد، دەرھاوێشتەکانی تا ئێستا بەردەوامە.

چی بکرێت؟
گەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو دەوڵەتانی سەرکوتکەر، هیچ بەڵێنێکیان نەبردووەتە سەر، ڕەنگە یەکێک لە ھۆکارەکان ئەوە بووبێت، کورد زۆر نەتەوەییانە بیری کردووەتەوە، زۆر کەم سیاسی بیری کردوەتەوە لەوانەیە لە ڕووە سیاسیەکەوە پێویستی کردبێت لە قۆناغێکدا بە کوردی نە دوێت بەڵام راستەوخۆ هەستی نەتەوەی زاڵ بووە و هەوڵی پڕکردنەوەی لایەنە نەتەوەییەکەی داوە، ڕەنگە ئیدی هەموومان لەوە تێبگەین کە وەلانانی ناکۆکییەکان چەندە گرنگە و چەندەش کاریگەرە گەرانەوە بۆ یەکڕیزیی و سازان بە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی سپی.

گۆڕینی ئاراستەکە
ژاپۆن دوای كاره‌ساتی هێرۆشیما و ناکازاکی لەبری شەڕی سەربازی شەڕی ئەلیکترۆنی ڕاگەیاند بەو شێوازە پێشکەوت کە ئەمڕۆ دەیبینین ئێمەش پێویستە ڕێگاکەمان بگۆڕین هەر لەم بازنەی کورد و شاخ و شەڕی پارتی زانیدا گیر نەخۆین بەڵام هوشیار نابین هەرگیز لێکدانەوە بۆ زەمەن و نیشینگە و بەرژەوەندی ناکەین، ڕاستییەکی تاڵ ھەیە؛ کورد بۆ وڵاتانی زلهێز گرنگ نییە و لە هاوکێشەکەدا نییە، دەوڵەتانی زلھێز بە چاوی بەرژەوەندی و بەکارھێنانی ناوچەیەیی لێی دەڕوانن، لە کوێدا بەرژەوەندییەکان لە تای ئەوان بوون نیمچە پاڵپشتی کورد دەکەن، ئەگەر ئەوە نەبوو پشتی تێدەکەن!

مەترسی یان دەرفەت
لە ھەموو گۆڕانکارییەکی سیاسیی، سەربازیی، ئابوورییدا دوو ئاراستە ھەیە، یان زیادبوونی مەترسییەکان، یاخود قۆستنەوەی دەرفەت، ھەندێکجار دەوڵەتانی لەناوخۆ وێران دۆخی ناسەقامگیریی نێوخۆی خۆیان دەقۆزنە بۆ ناڕەحەت کردنی ئەوانی دی، ڕەنگە باشترین نموونە ئەگەر وەربگرین، ئێران و تورکیا و ھەندێکجار سوریا، ئێران و تورکیا لەناوخۆی وڵات تووشی داڕووخانی ئابووری بوون، لە سیاسەتەکانی نێودەوڵەتیدا لە پاشەکشەی خراپدان، کەچی بە بیانووی جیاجیا ھەڕەشە لە ھەرێمێکی وەک کوردستان دەکەن، لە کاتێکدا ھەرێمەکە بووەتە نموونەی سەقامگیریی و ئارامی لەناوچەکە، واتە؛ بووەتە مۆدێلێکی نوێی حکومڕانی بەھێز بۆ چارەسەری پرسی کورد، ئەمە لەلای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ڕوون و ئاشکرایە، ئەگەرچی دەوڵەتان بەدوای بەرژوەندین و بوونیەتی کورد ڕەتدەکەنەوە، بەڵام یەکگرتووی و یەکڕیزی نێوماڵی کورد لە سەرانسەری دونیا، کاریگەرییەکی بەھێزی دەبێت، بەدرێژایی مێژوو وڵاتانی داگیرکەر سوودیان لە پەرتەوازەیی نێوماڵی کورد بینیووە، ئەگەر ناکۆکییەکان وەلا بنرێن و بەرژوەندییەکانی گەلی کوردستان بخرێنە پێش ھەموو شتێکەوە بە دڵنیاییەوە دوورنییە ئەو مەترسییانەی کە ھەیە ببنە دەرفەت بۆ ڕێگە چارە و کورد ئیدی لە ڕوانگەی نێودەوڵەتییەوە بە چاوێکی دی سەیری بکرێت، بەڵام ھەموو ئەمانە تەنھا کورد لە دەستی خۆیەتی بەکۆدەنگی، پێشکەوتن، پاراستنی سەقامگیریی، پەرەپێدانی زیاتری ئابووری و دیپلۆماسیی و ئاگایی بەردەوام لە گۆڕانکارییە جیھانییەکان بە ڕاستەڕێی و یەکدەستی.

پوختە

گۆرانکارییە جیهانییەکان بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی سامان و توانای مادیی ئەوانی دی، ئاستی یەکەم و دواتر ھاوپەیمانیی سەربازیی لەپێناو داگیرکاریی زیاتر و ئامادەگی بۆ جەنگە جیھانییەکان و بەگەڕخستنی توانا سەربازییەکان، ھۆکارن بۆ ئەوەی ئالڵنگارییە گەورەکان نەک چارەسەر نەبن، بەڵکو قووڵتریش ببنەوە، چونکە نەگونجانی دوو دەوڵەتی زلھێزی خاوەن ئابووری و ھێز و ھەژموون، دەرەنجامەکەی کوشتن و ئاوارەیی ملیۆنان مرۆڤ و لەناچوونی ملیۆنان ھێکتار زەویی بەپیتی لێ دەکەوێتەوە، کە ئاکامەکانی داھاتوویەکی ناڕوون و مەترسیدارە لەسەر توێژی نوێی مرۆڤایەتی و جیھانێکی تازەی پڕاوپڕ لە ئاڵنگاری و کێشە.

دیار نییە ئایا ئەم دابەشبوونانە ڕەنگە ئەو ئالنگارییانەی پێش جیھان وەک (شەڕی تیرۆر، منداڵان، کە لە ناوچە ناکۆکەکاندا دەژین، برسێتی، گۆڕانی کەشوھەوا، کۆچبەران، نەخۆشییە نوێیەکان) بەئاسانی چارەسەر نابن، لەکاتێکدا دەوڵەتان تەنیا بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوەن، کورد وەک نەتەوەیی خاک کەرتکراو پێش هەمووان دەبێت درک بە مەترسییەکان بکات، ئێستاش کە کورد زۆر بە‌هێزتر و هوشیارترە لە چاو دۆخی ڕابردووی مەترسییەکان بکاتە دەرفەتی هێنانە دی زۆر خەونی بەدینەهاتوو. کورد بە یەک گووتاری و یەکهەڵوێستی گرەوەکە دەباتەوە، دەنا پەرتەوازەیی و لێک دابڕان هێندەی دیکە ئاڵنگارییە و پیلانەکان دژبە پرسی کورد لە سەرانسەری جیهاندا بەهێزتردەکەن.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.