▪ رووداوی حەمدانیە دەرئەنجامی سیاسەتی شیعەیە بەرامبەر پێکهاتەی مەسیحی

نەوزاد محەمەد

لای هەموو لایەک روون و ئاشکرایە کە پێکهێنانی بزوتنەوەی بابلیونی سەر بە رەیان کلدانی بە هاوکاری و پشتیوانی حەشدی شیعی بووە.

مەبەستی سەرەکی خزمەت کردنی ئەجندای رژێمی ئێرانە لە فایلی مەسیحیەکانی عیراق لە سنوری دەشتی نەینەوا بە تایبەت و عیراق بە گشتی.

ئەوەی گومانیشی لەسەر نیە ڕژێمی ئێران  سیاسەتێکی چەوتی نەتەوەیی و مەزهەبی بەرامبەر بە نەتەوەکانی تر بە کاردەهێنێت، چ لە ناوخۆی ئێران یان لە دەرەوە.

لەو چوارچێوەیەش دا، ئەو خاڵەی لە ناوخۆی عیراق کاری لەسەر دەکەن، تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی یە، لە نێوان خودی برا مەسیحیەکان و دواتر لە نێوان موسلمان و مەسیحیەکان.

ئەو کەش و هەوایە تەندروستەی لە هەرێمی کوردستان فەراهەم کراوە لە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان و رێز گرتن لە تەواوی ئاین و نەتەوەکان و پاراستنی ژیان و سەرو ماڵیان بە بێ جیاوازی، وای کردووە کە تەواوی کەم نەتەوەکانی عیراقی روو لە هەرێمی کوردستان بکەن.

ئەم خاڵە بە شێوەیەکی ئەرینی کاری کردوتە سەر ڕای گشتی لە ناو برا مەسیحیەکانی دەشتی نەینەوا و عیراق بە گشتی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، ئەمەش وای کردووە پشتیوانی لە سیاسەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن.

بێ گومان ئەم چەندە بە دڵی ئێران نیە و لەگەڵ سیاسەتە تێکدەرانەی ناگونجێت بە تایبەت ئەو سیاسەتەی بەرامبەر نەتەوەی مەسیحی پەیڕەوی دەکات.

بۆیە باشرین ڕێگا بۆیان دروست کردنی گروپێک بوو لە مەسیحیەکان و وەکو نوێنەری پێکهاتەی مەسیحی پێناسەیان بکەن و بیکەنە پردێک بۆ جێ بە جێ کردنی ئەجنداکانیان.

هە بۆیە ریان کلدانی لە دژی ئەو برا مەسیحیانە وەستاوە کە نەچونەتە ژێر باری خواستەکانی و کێشەی جۆراوجۆر یان بۆ دروست دەکات و سیاسەتی هەرەشە و تۆقاندن یان لەگەڵ بەکار دەهێنێت لە دەشتی نەینەوا بە گشتی و حەمدانیە بە تایبەتی.

بەشێک لە سیاسەتیان دژایەتی هەرێمی کوردستانە، بە بیانوی ئەوەی کە حکومەتی هەرێم دەست دەخاتە ناو کاروباری پێکهاتەی مەسیحی.

رەیان کلدانی خۆی بە نوێنەری پێکهاتەی مەسیحیەکان لە عیراق دەناسێنێت و داوای ئەوە دەکات کە تەنها خۆی بڕیار لەسەر چارەنوسیان بدات و بەو شێوەیە زیانر خزمەتی ئێران دەکات.

ڕووداوی حەمدانیە، بەشێکە لەو سیاسەتەی کە رەیان کلدانی پەیڕەوی دەکات لە ناوچەکە، لە بڵاوکردنەوەی ترس و دڵە ڕاوکێ لە ناو برا مەسیحیەکان و ناچار کردنیان یەک لە دوو بژاردە هەڵبژێرن، یان ملکەچ بوون، یان چۆل کردن.

بەو شێوەیە لە لایەک هەوڵی تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان دەدات، لە لایەکیش دژایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، لە لایەکی تریشەوە هەوڵی خۆ سەپاندن و فەرمانڕەوایی ناوچە دەدات، کە ئەمە رێک ئەو سیاسەتەیە کە رژێمی ئێرانی کاری لەسەر دەکات.

پێشتر رژێمی ئێران ئەم جۆرە سیاسەتەی لە دەڤەری شنگال بەکارهێناوەو شکستی خواردووە، گومان لەوەش دا نیە کە ئەم هەوڵەشیان لەگەڵ برا مەسیحیەکان شکست دەخوات و هیچ کات خۆیان ڕادەست ناکەن و نابنە کارتێکی فشار بە دەست شیعەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.