▪ ئینتیمای نەتەوایەتی و کوردایەتی میدیا و ڕاگەیاندنی کوردی لە کۆمەڵگای کوردیدا

خەبات تارق مەولود ساڵەیی

کورد هەمیشە خاوەنی هەستی بەرزی نەتەوایەتی بووە بە درێژایی مێژوو . بەڵگەش بۆ ئەوە شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی کورد و کوردستان و فیداکاری گیانفیدایانی ڕاستەقینە و دڵسۆزە بۆ سەربەخۆیی کوردستان . ئەگەر کورد خاوەنی هەستێکی بەرزی نەتەوایەتی نەبوایە ئەو هەموو قوربانی یە ی نەدەدا . هەموو شەهیدانمان جێگای سەربەرزیمانن و دەیسەلمێنێ کە هەستی نەتەوایەتیمان بەرز بووە لە ڕابردوودا کە کەس بۆی نی یە نکۆڵی لێ بکات چونکە شەهیدان بەشێکی گرینگی ناو کۆمەڵگای کوردین و هێڵی سورن بۆ نەتەوەکەمان .

بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە : ئایا ئێمەی کورد تووانیومانە بە هێزێکی پتەو و بەرنامە داڕێژراو بە درێژایی زیاتر لە 30 ساڵی ڕابردوو کە دەسەڵاتی حوکمڕانیمان هەبووە کار لەسەر هەستی نەتەوایەتی خۆمان و نەوەکانی داهاتوومان بکەین ؟؟؟؟

هەوڵ دراوە لە لایەن دڵسۆزانی کوردستان و لایەنی بەرچاوی دەسەڵاتی کوردی . بەڵام ئایا تووانیومانە لە ئاستی ئەو هەموو ئاریشە و ئاستەنگانەی دوژمنانی ناوەکی و دەرەکی دەیکەن ببین ؟؟؟

دەتوانین زۆر بە جورئەتەوە بڵێین نەخێر و پێ لەسەر هەڵەکانمان دابنێین و لە هەوڵی چاک کردنەوەیدا بین لەمەو دووا . ئەگەر لە هەر کات و هەر ڕێگایەک دان بە هەڵە کانمان دابنێین ، برنەوە و سەرکەوتن مسۆگەرتر دەکەین لە داهاتوو !!!

پێویست بوو بەرنامە و پرۆگرامی تایبەتی میدیایی و ڕاگەیاندنی زۆر بە هێزترمان هەبایە بۆ ئەوەی ژیان و جۆر و شێوەی خەباتی دڵسۆزان و پێشمەرگە فیداکارەکان لە تیڤی یەکان و ڕادیۆکان و ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و بڵاو کراوەکانی ڕۆژانە و میدیا کوردی یەکان بە گشتی بڵاو بکەینەوە . دەزانین هەوڵ هەبووە بەڵام لە ئاستی فیداکاری ئەو بەڕێزانەی ژیانی خۆیان تەرخانی کورد و کوردستان کردووە بێ هیچ چاوەڕووانییەک ، نەبووە !!!!!!

ئەوە ڕاستی یەکی تاڵە و جێگای داخە کە زۆر لە پێشمەرگە و فیداکارانی نیشتیمان و ئازادیخوازی کوردستان ئەمڕۆ لە ناوماندا نەماون کە هەگبەی ژیانی پێشمەرگایەتی یان پڕ بوو لە زانیاری سەربازی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و زانستی بەرگری و شەڕ .

پێویست بوو کاری زۆرتر بکرابایە بۆ تۆمار کردنی یاداوەری و بەسەرهاتی ئەو ئازیزانە و پێشمەرگە و سەرکردانەی ڕۆژگارێک دەوریان هەبووە لە شۆڕشی کورد و کوردستان کە هەمیشە سینگی خۆیان کردە قەڵغانێک بۆ پاراستنی کورد و کوردستان . چونکە ژیانی ئەو قارەمانانە دەیتووانی ببێت بە مەنهەجی خوێندن و زانست لە قوتابخانەکان و زانکۆکان لە لایەک ، لە لایەکیتر دەتوانرا کەڵکی لێ وەربگیرێ بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی کە لەو باوڕە دام دەمانتوانی باشترین و پڕ فرۆشترین فیلمی لێ دەرکەین و براوەی یەکەمی گەورترین و باشترین فیلمی سینەمایی بین لە سەر ئاستی جیهانی .

خۆزگە پێشتر و زووتر کاری زۆرتر بکرابایە بۆ بەرز کردنەوەی هەستی نەتەوایەتی و کوردایەتی لە ناو کوردستان !! بەڵام ئێستاش کار بکرێت بۆ ئەو مەبەستە درەنگ نی یە و پێویستە بەرز کرنەوەی ئینتیمای نەتەوایەتی کورد وەک نان و ئاو سەیر بکرێت بۆ مرۆڤی کورد . ئێمەی کورد دوژمنمان زۆرە هەر خۆی کورد بووە بە چەند بەرە کە جێگای داخە . پێویستە هەندێک جار و لە هەندێک هەل کە بۆمان دەڕەخسێ ناسیۆنالیستیتر بیر بکەینەوە و بە هۆی ئەو هەموو دوژمنەی هەمانە توندتر بڕیار لەسەر پرسە نەتەوایەتیەکانمان بدەین .

ئاواتەخوازم لەمە بە دوواوە هەلی زیاتر بڕەخسێنین بۆ کەس و کاری شەهیدان و ئەو پێشمەرگانەی دەوری سەرەکی یان هەبووە لە شۆڕشی کورد و کوردستان . چونکە بنەماڵە و کەس و کاری ئەو بەڕێزانە کوردایەتی لە خوێنیاندایە و بێ چاوەڕوانی و پاداشت ئامادەن بە دڵ و گیان بەردوامی بدەن بە کار و ئەرکی کوردایەتی باب و باپیرانیان .

بەداخەوە میدیا و ڕاگەیاندنی کوردی ئەوەندەی کاری لەسەر تاکە سیاسی یەکان و لایەنی حزبی یەکان کردووە کاری لەسەر بەرز کردنەوەی ئینتیمای نیشتیمانی گەلی کورد نە کردووە . ئەگینا بار و دۆخ باشتر دەبوو .

ئەوانەی ڕۆژانێک لە چەرمەسەری و ئاریشەی کوردایەتی تێکەڵ بوونە بە دەگمەن سڵ دەکەنەوە . تا دوا نەفەس لەسەر بەڵێنی کوردایەتی لە مێژینەی خۆیان بە شانازی وە بێ چرکەیەک دابڕان بە دڵسۆزی و وەفاوە لە هەوڵی بەردەوامی ڕێگای خۆیان و ئازیزانیان دەبن بە شانازی و فەخرەوە .

ڕاگەیاندنی کوردی ئەوەندەی کاری لەسەر تاک و ئەندامانی لایەنە سیاسی یەکان و بەرپرسان کردووە کاری لەسەر بەرز کردنەوەی ئینتیمای نیشتیمانی نەتەوایەتی کۆمەڵگا نە کردووە . ئەگینا بار و دۆخ باشتر دەبوو .

پێویستە وەزارەتی پەروەردە و بەرپرسانی ڕاگەیاندن و میدیایی و ڕێکخراوەکانی مەدەنی و بگرە حزبیش بەرپرسانە کار و چالاکی زۆرتر و باشتر بکەن بۆ بەرز کردنەوەی هەست و ئینتیمای نیشتیمانی گەلی کوردمان .

ئەگەر ئەو هێز و توانایە و کاتەی تەرخانی ئەو جۆرە بەرنامانە کراوە ، تەرخانی پەروەردەی گەنجەکان و نەوەکانی داهاتووی کوردستان بکرابایە بە مەبەستی بەرز کرنەوەی ئینتیمای نیشتیمانی ، ئێستا کورد پێگەیەکیتر و باشتر وبەرزتری دەبوو لەسەر ئاستی جیهانیدا .

بژی کورد بژی کوردستان شەکاوە بيت ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەرانسەری جیهان


2023/10/26

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.