▪ هەڵپاچین یا داپاچین⁉

مەبەست لەهەڵپاچین، زیندوکردنەوەی درەختەکان بەتڵیبەتی سێبەر و جوانکاری هەروەها بۆ داری بەریش پێدانی بەرهمێکی جوانترە، هەڵپاچین دەبێتە هۆکاری لەناو بردنی لقە نەخۆشەکانی درەختەکە، یا ئەو لقانەی دەبنە هۆکاری نەگەیشتنی تیشکی خۆر بە سەرجەم درەختەکە.

ئایا لای خۆمان ئەم هۆکارانە وا دەکەن درەختەکان هەڵپاچین⁉

لە وڵاتی خۆمان بێزاربوون لە گەڵای درەختەکان وا دەکات هەموو لقەکان ببڕینەوە، لەکاتێکدا بە درێژایی وەرزی بەهار و هاوین سوود لەو لقانە دەبینین بۆ سێبەرەکەی.

من پێشنیار دەکەم بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە تایبەتی شارەوانییەکان و کشتوکاڵ، کە ڕێنمایی بڵاو بکەنەوە ڕێگە نەدەن هەموو کەسێک بە ویستی خۆی لق بە دارەکەوە نەهێڵێ کە بە شێوەی نازانستی ئەو کارە دەکات، بە تایبەتی فەرمانگە حکومییەکان دەکرێ بە بێ پرسی شارەوانی و کشتوکاڵ ڕێگە نەدرێ هیچ درەختێک هەڵبپاچرێن.

ئایا ئەوەی درەخت هەڵدەپاچێ، ڕەچاوی کاتی هەڵپاچینەکەی کردووە⁉

ئەوە بزانن باشترین کات کۆتایی پایز و سەرەتای زستانە بۆ ناوچە گەرمیانییەکان ئەو کاتەی گەڵاکان دەوەرن، پێش گەڵا وەرین هەڵبپاچرێ بۆی هەیە تووشی نەخۆشی ببێت و درەختەکە لەناو بەرێت.

بەڵام ناوچە کوێستانیەکان، دەبێ کۆتایی زستان و سەرەتای بەهار هەڵپاچین بۆ درەختەکان بکرێ.
ئەوەش پێویستە بزانرێ هەڵپاچینی داری بەری و داری سێبەر و جوانکاری جیاوازی هەیە، مەرج نیە مادام مقەستێکت لە ماڵەوە هەیە هەر کات حەزت لێ بوو بچی دەست بکەی بە بڕینەوەی لقەکان. مەعروف مەجید

سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.