▪ مێپس؛ کۆنفرانسی ئاسایش و ئاشتی لە دهۆک: هەنگاوێکی پێویست و سیاسەتێکی دروست

حوسێن کوردنەژاد

کاتێک دنیا شلۆق دەبێ و نادڵنیاییی ئاسایشی ڕووح و مێشکی هەموو لایەنەکان داگیر دەکات، جا چ دەنگ بکەین و نیگەرانییەکان دەربڕین یان بە بێدەنگی تەماشاچی ڕووداوەکان بین، دەستپێشخەری و پرۆئەکتیڤبوون خۆی سیاسەتە، هەرچەندە ئێمە ئاکتۆری زۆر کاریگەریش نەبین لە مەیدانی ئاڵۆزییەکانی ئێستادا، بەڵام لە بەر ئێستا و داهاتووی خۆمان ناچارین ئاکتیڤ بین.
بێدەنگبوون و ئاکتیڤنەبوون یانی بێسیاسەتی و لاوازی لە سیاسەت و سەرکردایەتیی میللەتدا، ئەوەش هەر دەتوانێ زیانی هەبێ.
بۆیە پێویستە دۆستان لە خۆمان کۆکەینەوە، خاڵە بەهێزەکانی خۆمان بخەینە ڕوو و هۆی پێویستیبوونی خۆمان لە سەر نەخشەی جیهان پێشان بدەین و بسەلمێنین.
ئەم خاڵە زۆر گرنگە نموونەی مێژووی ژاپۆن لە سەردەمی شەڕی دووەم و تورکیا لە سەردەمی تێکچوونی عوسمانیدا پێشان دەدا کە پێویست بوو سەرکوت بکرێن و لە یەک هەڵوەشێنەوە، بەڵام فەلسەفەی پێویستیی وجودی ئەوان لە سیاسەت و نەخشەی دنیادا هەردووکیانی پاراست و بەردەوامیی ژیانی بۆیان هەرچەندە بە گۆڕانکاریی زۆرەوە سەلماند، هەر ئەم پێویستییەش بووبە هۆی مانەوە و بەردەوامییان.
ئێمەش سەرەڕای هەموو کورتهێنانە مێژووییەکانمان، دەتوانین پێویستیی بوونی کورد لە سیاسەت و نەخشەی جیهان و ناوچەدا بسەلمێنین و پەیامی دنیاپەسەندی خۆمان بگەیەنینە گوێی دۆست و هاوپەیمانان و بڕیاردەرانی جیهانی.
پەیامێک کە پێشانی دەدات کە کورد خوازیاری ئاشتی، ئاسایش و گەشەی هەمەلایەنە و خوشگوزەرانییە.
لەبەر ئەم هۆیانە کۆنفرانسی مێپس لە دهۆک هەنگاوی بەجێ و دەستپێشخەرییەکی باش بوو. کۆنفرانسی لەم جۆرە دیارە ساڵ لە دوای ساڵ دەتوانێ باشتر و پڕ ناوەرۆکتر بێت، بەهەرحاڵ جێی خۆیەتی دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی بکرێت.
لەڕووی تیۆری ئابوورییەوە سەبارەت بەم جۆرە کۆبوونەوانە بە گشتی بۆچوونێکی باش هەیە کە ئاندرش مالمبرگ، پرۆفێسۆر لە جوگرافیای ئابووری پێش چەند ساڵێک باسی لێوە کرد. توێژینەوەی زۆری ساڵانی ٩٠ بەملاوە بە تایبەت لە زانکۆی بیزنێشی هارفارد لە ژێر سەرپەرشتیی پرۆفێسۆر مایکل پۆرتێردا، تیشکی هەمەلایەنەی خستۆتە سەر کۆمبوونەوەی برانچ و پیشەسازیی وێکچوو لە شوێنێکی دیارکراودا کە بە کۆمەڵگەکانی پیشەسازی ناوزەد کراون؛ هەر لە سەر هەمان شێوەی بیرکردنەوە، پرۆفێسۆر مالمبرگ ئەم جۆرە کۆمبوونەوە کاتییانە بە کۆمبوون و مجەمەعاتی کاتی (تێمپۆرێری کلاستر) ناودێر کردووە و پەنجەی خستۆتە سەر خاڵێکی گرنگ، بۆ ئەوەی کە گەورەترین سوودیان لێ وەدەست خەین، ئەوەش بریتییە لەوەی کە لەو شوێنەوە کە تێیدا خەڵک کۆ دەبنەوە، بۆرییەکی گواستنەوەی زانیارییەکان بۆ وڵات و شوێنی کاری خۆمان رابکێشین و کارییان لەسەر بکەین، چۆن ئەوەی دەکەین؟ هەر بەو جۆرە کە جۆرەها کۆمیتە بۆ ئامادەکاریی ئەم دانیشتنانە پێک دێت و چالاک دەبن و کار دەکەن، هەر بەو جۆرەش جۆرەها کۆمیتە بۆ گواستنەوەی زانیارییەکانی ئەو کۆنفرانسانە پێک بێت بۆ کۆکردنەوە و شیکردنەوە و ئەنجاموەرگرتن لە گفتوگۆی کۆنفرانسەکان.
ئەگەر بڕیار بێ سوودی تەواو لەم کۆنفرانسانە وەربگرین، پێویستە کارەکانمان بەو هەنگاوەشەوە کامڵتر بکەین.

حوسێن کوردنەژاد
2023-11-23

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.