رێبوار حەمەلاو شوانی
بەو پێیەى کە هەرێمى کوردستان چ لە ڕووى جوگرافیا و چ لە ڕووى گرنگى خاک وئابوورییەکەى خاوەن شوێنکى هەستیار و پڕبایەخە ، هەروەها کەوتۆتە ناوچەیەکى پڕ کێشە و ململانێی قورسى سیاسى و سەربازییەوە ، بۆیە بە درێژایی مێژوو هەردەم هەوراز و نیشێوى بەخۆیەوە بینیووە ، لەگەڵ ئەوەشدا سەرکردایەتى سیاسى کوردستان هەمیشە لە هەوڵى ئەوە دابووە کە کێشەکانى نەک بەڕێگەى شەڕوناکۆکیی بەڵکو گفتۆگۆ و لۆژیکانە ودیپلۆماسیانە لەگەڵ دراوسێیەکانى و بەتایبە عێراقدا چارەسەر بکات .
بەتایبەتى کە لە ماوەى زیاتر لە سێ دەیەى رابردوو دا ، حکوومرانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ هەموو ئەو ئاستەنگ وکێشەکانى بەردەمیدا توانیوێتى سیمایەکى جوان وباشى گەلى کورد چ لە رووى ئیدارەدان وبەڕێوەبردن و چ لە ڕووى پێکەوەژیان و ئاوەدانى و سەقامگیرى پیشانى هەموو ناوچەکە و جیهانیش بدات ، هەرێمى کوردستان جگە لە سامانى نەوت و غاز ، خاوەن چەندین سامانى کشتوکاڵى و ئاژەڵدارى و بەروبوومە کە رەنگە ساڵانێکى زۆر پاشگوێ خرا بێت و گرنگى پێنەدرابێ ، بەڵام بە هاتنەسەر کارى کابینەى نۆیەم بە سەرۆکایەتیی ڕێزدار مەسروور بارزانى ، نەک هەر دەرگەى بازارى ناوچەکە بەروویاندا کرایەوە ، بەڵکو ئەمڕۆ زۆرێک لە بەرهەمى جوتیاران کە ئەگەر تادوێنى رەنگە سوود و قازانجیان لە نەبوونى کڕیار بۆ فەراهەم نەبوو بێت ، بەڵام حکوومەتى کوردستان توانیی ئەو کێشەیە چارەسەر بکات ، ئەمڕۆ پەیوەندیی و دیپلۆماسییەکانى نەک لە ڕووە سیاسییەکەیەوە ، بەڵکو لە ڕوویە دیپلۆماسییە ئابوورى و کشتووکاڵیەکەشیەوە سنوورى وڵاتانى بڕیووە و شوناسێکى جوانى کوردستانى لە رووى ئابوورى و بەربوومەکانى پیشان داوە .
هەر بۆیە، ئەوەش دەرخەرى ئەو راستییەیە کە پێوستە کوردستان زیاتر گرنگى بە کەرتى ئابوورى و کشتوکاڵی بدات کە کلیلى سەرکەوتنى هەر گەل و نەتەوەیەکە لە پێناو فەراهەمکردنى خوشگوزەرانى و پشت بەستن بە خۆت و وڵاتێکى ئاڕام و سەقامگیر ، روون وئاشکرایە ، جوگرافیایی کوردستان خاوەن خاکێکى دەوڵەند و بەپتە و خاوەن بناغەیەکى باش بۆ سەرمایەگوزارى لە رووى ئابوورییەوە لە گشت بوارەکاندا کە بەرهەم سوودى زۆرى چ بۆ ناوخۆ و بۆ هەناردەکردنى دەرەوەهەبێت ، گرنگە لە هەموو ناوچەکانى کوردستان بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکان و ئینجا گوندەکان ئاوەدان و پرۆژەى گرنگ ئابوورى لە گشت ڕوویەکەوە بونیات بنرێت و کار بکرێت بۆ ئەوەى ئەو ناوچانە لە رووى ئاسایش و سەقامگیرى گرنگیان پێبدرێت تا دەرفەت بڕەخسێت بۆ جوتیاران و ئاژەڵداران و بوارەکانى تر کە بەرهەمەکانیان زیاتر بکەن .
ئەوەى لە ماوەى رابردوو سەرۆک وەزیرانى کوردستان دەستى داوەتێ لەگەڵ هەستکردن بە ئەرک و بەرپرسیاریەتى لەو بارەیەوە ، نەک تەنها گرنگیدان بووە بە کەرتى کشتووکاڵى و هاوکارى کردنى جوتیارانى کوردستان ، لە هەمان کاتیشدا هەلومەرجێکى باشى ڕەخساندووە تا کو ڵە ڕێگەى هەناردەکردنى بەرهەمەکانیان بۆ بازارەکانى ناوچەکە وجیهان زیاتر کەرتى کشتووکاڵى بەرەو بوژانەوەى زیاتر بڕوات و لە هەمانکاتیشدا هاندەرێک گرنگ بێت تا پەرەى زیاتر بە بوارى کشتوکاڵى و بەروبوومى جوتیاران بدات و لە هەمان کاتیشدا ، ئاسایشى نەتەوەیی خۆراکى کوردستان زیاتر پارێزراو بێت ، هەروەها دیپلۆماسى ئابوورى و کشتووکاڵى هەرێمى کوردستان وا دەکات کە پەیوەندییەکانى وڵاتانى ناوچەکە و دوونیایش زیاتر بەهێزتر و پتەوتر بێت ، هەروەها هەڵى زۆر دەرەخسێنێت بۆ زیاتر ڕاکێشانى سەرنجى کۆمپانیاکانى جیهان بەرەو رووى کوردستان ، هەروەها گرنگە ئەو راستییە بزانین کاتێک ئاسایشى ئابوورى و خۆراکمان فەراهەم بێت و پشت بەخۆمان ببەستین ، ئەوا دوژمنان و نەیارانى ئەم گەل و نیشتیمانە هەرگیز ناتوانن وەک کارتێک لە دژى لاوازکردن و نەهێشتنى قەوارەى هەرێمى کوردستان وەک چۆن ئێستا کارتى بڕینى مووچە و نەهێشتنى هەناردەکردنى نەوتى کوردستانیان بۆ فشارخستنە سەر هەرێمى کوردستان بەکاردێنن ، گرنگە لە هەموو هەنگاوانەکانى داهاتووماندا پشت بە ئیرادەى خۆمان ببەستین و حکوومەت و گەل و نیشتیمانەکەى خۆمان لە هەموو بابەتێکى تر زیاتر خۆش بوێت و نەکەوینە داویی ناحەزانى کورد وکوردستان کە تەنها خەون بە ژێردەستکردن و پاشکۆکردنمان دەبینن وهەرگیز نایانهەوێت خاوەنى خۆمان بین و پشت بەخۆمان ببەستین .
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.