▪ فیراقستان ــ زێیێ بادینان

ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی


(1)
چ فیراقستانێكه‌ ؟؟؟
ئێواره‌ له‌ كاسه‌ی‌ سه‌رما دانیشتووه‌،
له‌ هه‌موو كوچه‌كانی‌ ڕۆحما،
مۆمه‌كان خه‌وتوون..
ئه‌مه‌ هه‌نسكی‌ ژنێك بوو،
ده‌ژمێری‌ متمانه‌ ،
له‌ حه‌رفی‌ هه‌ناسه‌كانیا قرتا،
شكانی‌ شه‌و له‌ چاوه‌كانییا!
(2)
كه‌ ووڵاتی‌ من فیراقستان بێ،
شه‌هید ده‌مێكه‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ ،
كرده‌ شانی‌ و تفه‌نگ گریا،
خاكیش خستییه‌ منداڵانی‌ !
(3)
له‌ ئاسمانێكا كه‌ فڕین قاچاخ بێ،
فیراق باڵنده‌ ده‌كاته‌ به‌ری‌،
قه‌فه‌س چڵی‌ كه‌لتورێكه‌ ،
باوك سالاری‌ !
(4)
چۆن نه‌كه‌وم به‌سه‌ر فیراقا،
له‌ خه‌یاڵی‌ په‌نجه‌ره‌یه‌كه‌وه‌ هاتی‌،
له‌ كافتریاو شه‌قام و باخچه‌دا،
خۆم هه‌ڵكێشا له‌ تۆ..
ئه‌مێستا كه‌ فیراق هاڕه‌ ده‌كا،
من له‌ گریانی‌ ده‌رگایه‌كه‌وه‌
تا قیامه‌ت خۆم ده‌ته‌كێنم له‌ تۆ..
(5)
ئه‌وه‌نده‌ ته‌نافی‌ فیراقیان لێ هه‌ڵخستم
ئه‌وه‌نده‌ به‌ ده‌ست ڕێژی‌ شه‌ره‌ف ،ڕۆحیان كوشتم..
شێتیم لێ ڕواو چوومه‌ سه‌ردانی‌ ،
سه‌رگه‌ردانی‌ و ژنبوونم له‌ت له‌تبوو،
به‌ فیراق !
(6)
ڕه‌شنووسی‌ فیراق هه‌ڵده‌كا…
سپی‌ سپی‌ من خۆشم ده‌ویستی‌،
ڕه‌ش ڕه‌ش تۆ جێمده‌هێڵی‌…
شین شین شیعرت بۆ ده‌نێرم،
به‌ عه‌تری‌ عاتیفه‌..
عه‌به‌س عه‌به‌س عاتیفه‌م فڕێ ده‌ده‌یته‌
زومی‌ زبڵخانه‌!
وای‌ له‌ تۆ چه‌ند پیاوی‌ له‌ ،
هه‌ڵگیرسانی‌ فیراق..
وای‌ له‌ من چه‌ند نه‌خۆشم به‌ ،
فه‌تاره‌تی‌ فیراق !
(7)
من له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ تامه‌زرۆ بووم به‌ فیراق،
من ده‌زانم ئه‌و بارانی‌ به‌رائه‌ت ،
له‌ ڕۆحیا ڕوو له‌ من ده‌كا
نور…ئه‌ی‌ نوری‌ چاوه‌كانم،
له‌ ڕۆحم ڕامه‌كه‌ ،
من باڵم شكسته‌ و
هه‌موو جه‌سته‌م ڕه‌هێڵه‌ی‌ فیراق !
(8)
فڕین كه‌ ده‌بێته‌ فیراق،
باڵنده‌ نابێته‌ كرێچی‌ له‌ ئاسمانا…
باران كه‌ ده‌كه‌وێت به‌سه‌ر فیراقا،
بیابان قاقا لێ ئه‌دا…
دره‌خت كه‌ فیراق ده‌گرێ،
خۆر نه‌فره‌تی‌ لێ ده‌كا..
من و تۆش كه‌ده‌گه‌ینه‌ كه‌وشه‌نی‌ فیراق،
وتنێك ناوترێ له‌ بێده‌نگییا!
(9)
فیراقستان ناوی‌ نیشتمانی‌ منه‌..
له‌ سایكسبیكۆوه‌ تا ئێستا،
به‌له‌می‌ ڕووبارێكم بێ كه‌نار!
هه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌بارێ و
دڵۆپ دڵۆپ شه‌سته‌ بارانی‌ سێو،
هه‌ر نه‌زیفی‌ شه‌نگاله‌ و
ده‌نك ده‌نك كچێنی‌ هه‌نار!!
(10)
كه‌ زه‌وی‌ هه‌مووی‌ خولیای‌ فیراق بێ،
حه‌سره‌ت ،خه‌فه‌ت ،نه‌فره‌ت
هه‌موو بكه‌ره‌ به‌ری‌ داهۆڵێك،
تاچۆله‌كه‌و بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌ تێبگه‌ن،
كێڵگه‌و بێستان واته‌ حه‌سره‌تی‌ له‌ بارچوون..
تا بولبول و هۆزه‌كه‌ی‌ تێبگه‌ن ،
گوڵ و باخچه‌ واته‌ خه‌فه‌تی‌ نه‌خۆشخانه‌..
تا هه‌ڵۆو عه‌شیره‌تكه‌ی‌ تێبگه‌ن،
چه‌ند به‌رز بفڕن له‌ ئاسمانا،
نیشتنه‌وه‌ له‌ زه‌وییا واته‌ نه‌فره‌تی‌ له‌ناو چوون!
(11)
ئیتر چۆن بڵێم من كچێكم له‌خۆزگه‌؟
تۆ هه‌موو خۆزگه‌كانت فڕێدا،
ئه‌و كاته‌ی‌ من نووچم دایه‌ نوێژێك،
تۆ ئاسمانم بووی‌ !
ئه‌مێستا مردنم چۆڵ و چۆڵ و
خۆشه‌ویستیت ته‌نگه‌ بۆ به‌رم…
ئیتر لێره‌وه‌ زرنگه‌ی‌ خۆزگه‌كان و
زه‌نگی‌ ئومێد له‌ چاوه‌كانا ناژین،
ئێمه‌ خۆمان كوشت و به‌سه‌ر فیراقا كه‌وتین!

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.