▪ چەند سەرنجێکی هەنوکەیی سەبارەت بە بۆردوومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر مقاومەی ئیسلامی

بڕوا ئیبراهیم

بۆردوومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاوە وەکو پەرچەکردارێکن بەرانبەر کوشتن و بریندارکردنی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئوردن. ئەمریکا دەوڵەتێکە خاوەن سەروەریی (sovereignty)ییە، ئیمپڕاتۆریا و زڵهێزێکی جیهانییە، ئەگەر هاتوو وەڵامی میلیشاکان نەداتەوە، هەتا هەڵومەرج و باردۆخیش لەبار نەبێت، ئەوە شکۆ و پێگەی دەشکێت یاخود کەم دەبێتەوە، بۆیە وەڵام دانەوە بە هەر شێوەێک بێت، هەتا ئەگەر وەڵام دانەوەیێکی ڕووکەشیش بێت، ئەوا ناچارییە.
واپێدەچێت دیبلۆماسییەتی نهێنی/شاراوە لە نێوان ئەمریکی و ئێرانییەکان ئەنجام درابیت، ئەوەی گومانەکانمان زیاتر دەکات سەبارەت بە دیبلۆماسییەتی شاراوە و نهێنی؛ بڵاوبوونەی هەواڵەکان بوو، کە ئەمریکی و ئێرانییەکان لە قەتەر کۆبووینەوە، هەروەها قەبارەی زیانەکانی مقاومەی ئیسلامی/حەشدی شەعبیە، کە وەکو پێویست نەبوو، زیانێکی زۆریان بەرنەکەوت بە بەراود بە پێگە و شکۆ و سەروەری ئەمریکا!.
هەم ئێران هەموو جۆرە هێرشێکی هەڕەمەکی ناکاتە سەر بنکەکانی ئەمریکا، و هەم ئەمریکاش هێرشی هەڕەمەکی ناکاتە سەر ئێران و هەروەها میلیشیاکانیشی، ئەمەش بە ئامانج و مەبەستی ‘خۆ بەدوور گرتن’ لەشەڕ و پێکدادانی ڕاستەوخۆ، کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیەوە وڵاتە زڵهێزەکان، کە خاوەنی گشت ڕەهەندەکانی هێزن، خۆیان بە دوور دەگرن لە جەنگی ڕاستەوخۆ، هیچ لایەنێک نابێتە براوەی!. هەڵبەت ئەگەرهاتوو ئەمریکاییەکان هێرشێکی ڕاستەوخۆ بکەنە سەر نێوخۆی ئێران (هەرچەندە ئەگەرێکی دوورە) یان هێزە پڕۆکسییەکانی، یاخود ئاستی هێرشەکان فراوان بکەن، قەبارەی زیانەکان زۆرتر لە ئێران یان پڕۆکسییەکانی بدەن لە ئێراق و سوریا، ئەوا ئەو کاتە ئەگەری شەڕی ڕاستەوخۆ زیاتر دەبێت، بە تایبەت ئەگەرهاتوو ڕاستەوخۆ لە نێوخۆی ئێران بدەن، ئەمەش مانای ئەوە دەگەینێت لە سەروەری ئێران دەدەن، ئەو کاتە ڕەنگ بێت ئێران پەرچەکرداری هەبێتەوە، بە تەنیا نەبێت و ڕوسیاش بێتە بەرەیێکی جەنگ لەگەڵ ئەمریکا لە ناوچەکە بە هاوپەیمانییەتی ئێران، کە هەردوو دەوڵەتەکە هاوپەیمانێکی ستراتیژیی یەکترن. بۆیە خۆپاراستن لە جەنگی ڕاستەوخۆ بەشێکە لە ستراتیژی سەربازی ئەو دوو دەوڵەتە و [بە ئەگەرێکی دوور] دادەنرێت. خالێکی تر، کە وەزیری بەرگری ئەمریکا(پینتاگۆن)، دووپاتی کردۆتەوە، کە هێرشەکان بەردەوام دەبن، ئەمەش دەوستێتەوە سەر زەمەن و ڕوداوەکان، کە میلیشیاکانی ئێران پەرچەکرداری بەهێزیان دەبێت یاخود نا.
هەروەها لەو هێڵەی لە میلیشیاکان دراو لە سوریا، دەروازەی سنوری ئەبو کەمال، هەمیشە هەڕەشەی ئاسایشی و ماددەی هۆشبەریان [کاپتاگۆن] هەبووە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (بارۆس). ساڵی ڕابردوو بە پاڵپشتی میلیشیا ئێرانییەکان ڕژێمی سوریا، پاڵپشتی هۆزی عەگیدیان کرد لە شحێل و زیبان، کە هۆزێکی شەڕکەرن، لەو دیوی دێرزوور، بە ئامانجی لێسەندنەوەی ئەو ناوچەیە لە هەسەدە، کە ناوچەکە دەوڵەمەندە بە نەوت، یەکەیێکی پڕ بایەخە لە سەرچاوەی ئابوری بارۆس/ڕۆژئاڤای کوردستان. دەکرێت ئەم لێدانە لە میلیشاکان، لاوازییان بکات لەو ناوچەیە، بچێتە خزمەتی بەرژەوەندی ئاسایشییەکانی ڕۆژئاڤای کوردستان.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.