▪ دەمارگیری ‘لۆ مارێ’
د. ئادەم بێدار
ئەم رۆژانە پێكهاتە نەتەوەییەكانی كوردستان كەوتوونەتە بەردەم شەپۆلێكی بەهێزی رقلێبوونەوە، شەپۆلەكە لەكاردانەوەی بڕیارەكەی دادگەی باڵای فیدراڵی عێراقەوە هات.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی چوارشەممە، 21-02-2024، رایگەیاند، دەبێت ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 100 تێنەپەڕێت، هاوکات کورسیی کۆتای پێکهاتەکانیشی بە نادەستووری دانا، دوای بڕیارەکە، پێكهاتە نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستان كەوتنە بەردەم شەپۆلێكی بەهێزی گوتاری رقلێبوونەوە، من لێرە چەند كۆمێنتێكی خەڵك دادەنێم وەك نموونە كە لەسەر سێ پۆستی پەیجی رووداو لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووكەوە نووسراون، لەوانە: “ئەبلە لۆ مارێ”، “قارداش لۆ مارێ”، “جۆزم لۆ مارێ”، “ئیشتە لۆ مارێ”، “یەرەبەبەم یەرە”، “سۆنە دەم لۆ مارێ”، “ئەرمەنی لۆ مارێ”، ئەوانە و سەدان كۆمێنتی دیكەی هاوشێوە، گاڵتەكردنێكی روونە بەو پێكهاتانە، لەگەڵ ئەوەشدا بانگەشەكردنە بۆ ئەوەی ئەو پێكهاتە نەتەوەییانەی كوردستان (توركمان، كلدان سریان ئاشوور، ئەرمەن) بڕۆنە دەرەوە لە كوردستان.
ئەو رقلێبوونەوەیە تەنیا بە گاڵتەپێكردن نەوەستاوە، بەڵكو سنوورەكەی پەڕیوەتەوە بۆ تۆمەتی قورس وەك جاشایەتی، ئەمانەش نموونەی ئەوەن: “ئەگەر تۆسقاڵێ مووی پياوەتی هەبووايە لە سەرکردە کوردەکانمان، تورکمانەکانيان دەناردنەوە تورکيا”، “بەس زیاده بوون، ماڵی دادگای فیدراڵی ئاوابێت، جەمال لۆ مارێ”، “ئێوە وڵاتی خۆتان هەیە، ئەرمینیا، بەس پێم بڵێ چ ئیشتان بە کوردستانە، بۆ ناچنەوە وڵاتی خۆتان”، “بڕۆن ئاو ئاو بڕۆن دەوڵەتی خۆتان هەیه چ دەكەن لێره جاشینه”، “بڕۆنەوە ئەرمەنستان لەوێ 5 کورسیتان پێدەدەن”، “هەی جاهيلی نەفام ئێوه جاشی توركن”!
بەداخەوە ئەو جۆرە هزرانە خەمهێنن و جێگای هەڵوەستە لەسەركردنن، بۆ دەبێت توركمانەکان، كە خەڵكی رەسەنی هەرێمی کوردستانن، بە لایدە و بێگانە و “جاش” ئەژمار بكرێن، داواشی لێبكرێت وڵاتی باب و باپیرانی بەجێبهێڵێت و بچێتە وڵاتێكی دیكە، كە پەیوەندی بەوەوە نییە؟! بۆ دەبێ داوا لە ئەرمەن بكرێت بچنە ئەرمینیا لەكاتێك ئەو ئەرمەنانەی ئێرە خەڵكی ئێرەن و بەلای كەم سەدەیەكە لێرە دەژین؟!
مێنتاڵێتی دەركردنی خەڵك لەسەر ماڵ و موڵكی خۆی و زێدی رەسەنی خۆی جگە لەبیرێكی تووندڕەوی دەمارگیری تیرۆریستی زیاتر، هیچی دیكە نییە!
بۆچی هاووڵاتییەكی دڵسۆزی ئەم هەرێمە بە جاش ئەژمار بكرێت كە زۆر بە دڵسۆزییەوە خزمەتی خاك و خەڵكەكەی دەكات؟! تەنیا لەبەر ئەوەی زمان و نەتەوەكەی جیاوازە؟! ئەوە چ بیركردنەوەیەكە؟!
كاتێكیش كەسایەتییەكی ئەرمەن بەناوی یەروانت نیسان ماركۆس ئەمینیان، گوزارشت لە كاریگەرییە خراپەكانی ئەو بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵی دەكات لەسەر پێكهاتەكەیان و دڵی خۆی بۆ رووداو دەكاتەوە و هۆشداری دەدات: رەنگە شەپۆلێکی کۆچکردن دەستپێبکات. دەبینین چۆن وەڵامی دەدرێتەوە لەلایەن هەندێك خەڵك: “بەخوا پێمخۆشە برۆن شتاقو لێرە نەمینی”، “بە هەزاران گەنج کۆچیان کرد لەبەر پشتیوانییەکانی ئێوە و پلە دووی ئێوە”، “صەڵاحەدین دەمیرتاش بە پێنج ملیۆن دەنگەوە لە زیندان دایە و ناوی تیرۆریستیان لێناوە لە لایەن تورکی مەغۆل کاکی تورکومانیش بە 200 دەنگەوە جێگر پەرلەمان و وەزیرن، کەچی هێشتا خۆیان بە مەغدور دەزانن بەس سەدام حوسێن باشی دەناسین و وەک چۆن گوتی تورکمان لە عێراق نییە ئەوەی پێیوایە تورکمانە ئەوە تورکیا بابڕواتەوە بۆ ئەوێ”، “ئێ ئەتوو مافت لۆ چییە ئەتوو لەناو کوردستان دەژی نان و ئاوی کوردستان دەخۆی لۆ خۆت لە کورد جیادەکەیەوە”.
تۆ وەرە سەیری ئەوە بكە كە بانگەشەی روونە بۆ لێسەندنەوەی ناسنامە و شووناس و هەژماركردنیانە بە كورد لەكاتێكدا ئەوان نەتەوەیەكی جیاوازن، بانگەواز بۆ ئەوەی لێرە بڕۆن و خەریكە وڵاتبەدەریان دەكەن لەكاتێك ئێرە وڵات و خاكی خۆیانە!
لەگەڵ ئەوەشدا رەوایەتیدان بەوەی سزابدرێن بەهۆی شێوازی مامەڵەی توركیا لەگەڵ پرسی كورد بانگەشە بۆ سزادانی خەڵكانێك بەهۆی تاوانی ئەوانی دیكە، كە هیچ پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە، ئەمەیش وەك پەرچەكردار، ئێ باشە توركیا چ پەیوەندی بە ئەوانەوە هەیە؟! توركیا فەرمانی لەو توركمانانەی لای خۆمان وەرگرتووە تاوەكو ئەو جۆرە كەسانە بەو شێوازە بیربكەنەوە و داوای تۆڵەكردنەوە لە توركمانەكانی لای خۆمان بكەن؟!
كێشە گەورەكە ئەوەیە ئەو جۆرە بیركردنەوانە تەنیا لە سنووری خەڵكی ئاسایی قەتیس نەماوەتەوە، بگرە خەڵكی دەستەبژێریشی گرتووەتەوە، فەرموو ئەوە كۆمێنتی یەكێكە لە پەرلەمانتارانی پێشووی پەرلەمانی كوردستان: “دەموت: ئيوە نەتەوەن ئێمەش نەتەوەین بۆ ئێوە بە (200 دەنگ) بێن و من (20 هەزار) ! دەشموت: یەک رۆژ دەسەڵاتم هەبێ کۆتای تورکمان ناهێڵم”.
هەموو ئەو هێرشانە لەبەر بوونی كۆتای پێكهاتەكانە، بیانووی بەشێك لەوانە ئەوەیە كە پارتێكی دەسەڵاتدار سوود لەو كۆتایانە وەردەگرێت و لەبەر ئەوەش ئەوانە دڵخۆشیی خۆیان دەربڕیوە بەو بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵی، لێرەوە بە پێویستی دەزانم چەند خاڵێك بخەمە روو:
یەكەم: كۆتا مافێكی رەوای پێكهاتەكانە بەپێی بەڵگەنامە یاسایی و سیاسییە نێودەوڵەتییەكان، هاوكات بەپێی دەستووری عێراقی 2005 مادەكانی (14، 20، 49، 125) بەڕوونی جەخت لەسەر مافی بەشداریی سیاسی لە پەرلەمان و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان و دامودەزگاکانی دیکەی دەوڵەت كراوەتەوە، لە پراكتیتكیشدا نۆ كورسی وەك كۆتا بۆ پێكهاتە ئایینییە – ئیتنیەكانی عێراق دیاریكراون، پێنج بۆ كرستیان، كوردانی ئێزدی، سابیئەی مەندائیی، شەبەك و كوردی فەیلی هەر یەكە و كورسییەك، باشە ئەی بۆ ئەوە نادەستووری نییە و بگرە دادگا خۆی پێشتر بڕیاری دابوو ژمارەی كورسییەكانی كوردی ئێزدی لە یەكەوە بۆ پێنج زیاد بكات، بەڵام بە قودرەتی قادر بڕیارەكە جێبەجێ نەكراوە تائێستا! كەواتە دادگاكە خۆی بڕیاری دژ بەیەكی داوە یان پێدەچێت باسی دەستووری شوێنێكی دیكە بكات نەك عێراق!
” بەداخەوە ئەو جۆرە هزرانە خەمهێنن و جێگای هەڵوەستە لەسەركردنن”
دووەم: كۆتا لە بنەمادا جیاكاریێكی ئەرێنییە بۆ رەخساندنی دەرفەت لەبەردەم كۆمیونیتییە لاوازەكان بۆ ئەوەی دەنگیان بگات و بەشدار بن لە ئیدارەدانی وڵات، ئاخر زمانی ژمارە زۆر سانایە و تێگەیشتنی لەو پرۆسەیەدا زانستی ناوەكی نییە تا خەڵكانێك تێی نەگەن، پێمناڵێن چۆن كەمینەیەكی وەك ئەرمەن كە ژمارەیان كەمە بتوانن كێبڕكێی زۆرینە بكەن لە بەدەستهێنانی دەنگی زۆر وەك نرخی كورسی! بەڕاستی بەلامەوە سەیرە خەڵكانێك كە خۆیان وەك دەستەبژێری كۆمەڵگە و پسپۆڕی بواری هەڵبژاردن بناسێنن و زۆر بەسادەیی بەرگری لەو بڕیارە ناڕەوایە نادەستوورییەی دادگای باڵای فیدراڵی بكەن و بڵێن ئێمە نەتەوەین و ئەوانیش نەتەوە، با پێكهاتەكان لەسەر كورسییەكانی زۆرینە كێبڕكێ بكەن؟! ئاخر پێویستە ئەوانە تۆزێك لەگەڵ ویژدانیان بدوێن ئایا پێكهاتەیەكی وەك ئەرمەن كە بەلای كەم 100 ساڵ زیاترە لە هەرێمی كوردستان دەژین و ژمارەیان بەپێی چالاكڤانێكی ئەرمەنی لە 2000 كەس تێپەڕ ناكات، چۆن بتوانن كێبڕكێی نەتەوەی كورد بكەن؟! حەتمەن ئەنجامەكە روونە و هەرگیز ناتوانن كورسییەك بەدەست بێنن و سەرەنجامیش هەرگیز دەنگیان نابیسترێت لە بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان و بەو شێوەیە دەخرێنە دەرەوەی پرۆسەكە، ئەمەیش پێچەوانەی بەندەكانی دەستووری عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەكانە.
سێیەم: بەشێك لەوانەی دژی بابەتی كۆتا بوون و ئێستاش هەر دژی وەستاونەتەوە و هەلهەلەیانە بۆ ئەو بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵی، بیانوویان سوودوەرگرتنی پارتێكی سیاسیی باڵادەستی كوردستانە لەو كورسییانە، باشە خۆ خەڵكانێكی خەمخۆر بە روونی پێشنیازیان خستەڕوو بۆ ئەو لایەنانە و دادگای ناوبراویش، هاواریان كرد چارەسەری ئەوە زۆر ئاسانە: تۆماری دەنگدەرانی تایبەت بە پێكهاتەكان ئامادە بكرێت و بازنەی هەڵبژاردنی تایبەت بەخۆیان هەبێت، ئەو كات بۆ نموونە تەنیا توركمانێك دەیتوانی دەنگ بە نوێنەرەكەی بدات و بەمەیش ئەو دەرگایە دادەخرا كە لێیەوە ئەوان تۆمەتبار بكرێن بەوەی نوێنەرایەتیی راستەقینەی نەتەوەكانی خۆیان ناكەن، بەڵام بۆ ئەو كەس و پارت و بگرە دادگایەشی لافی لیبراڵی و دیموكراسی و مافی مرۆڤ لێدەدەن، هیچ گوێیان بەو داوا و دەنگە خەمخۆرانە نەدا؟!
چوارەم: وای دەبینم دادگا دەستی بۆ بابەتێكی یەكجار گرنگ بردووە كە هەرێمی كوردستان تێیدا لە پێش بەغداوە بوو، ئەویش لە هەرێمێكی حەوت ملیۆنی 11 كورسی بە پێكهاتەكان دراوە لەكاتێكدا لە عێراق تەنیا نۆ كورسی كۆتاكان هەبوو، ئەمەیش وەك خاڵێكی پرشنگدار لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكان سەیر دەكرا، ویستیان ئەوە نەمێنێت و دڵنیاش بوون كە بە ئاسانی بۆیان دەچێتە سەر، چونكە بەردەوام پێكهاتە-کەمینەکان وەك لاوازترین ئەڵقەی كۆمەڵگە سەیر دەکرێن، لە گۆڕانکارییەکانیشدا زۆر بەسانایی دەستیان بۆ دەبرێت!
پێنجەم: لێرە و لەوێ چەندینجار خەڵكانێك رەخنەیان لە ئێمەومانان دەگرت كە لەسەر پێكەوەژیان و بنیاتنانی ئاشتی كار دەكەین بەوەی ئێمە كارێك دەكەین كۆمەڵگەكەمان پێویستی پێی نییە و بۆ ناوبانگ یان وەك بزنس ئەو كارەمان کردووە، ئەو كات و هەمیشەش گوتوومە ئێمە لە هەنگاوی یەكەمی پێكەوەژیانین ئەویش یەكتر ناسینە، بەداخەوە هێشتا تاكی كوردستانی هۆشیاری نەگەیشتووەتە ئەو رادەیەی پێكهاتەكانی دیكە بناسێت، بەمەیش دژیان دەوەستێتەوە و لە كەمترین قەیرانیش بەڕوونی ئەوە دیارە، نزیكتریان ئەو هەموو كۆمێنتەیە كە رەوایەتی دەدات بە نەخوێندنەوەی پێكهاتەكان و سەندنەوەی ماف لێیان و بگرە كردنە دەرەوەشیان، ئێستا پێموایە زۆر روونە پێویستمان بە كاركردنە لەسەر پێكەوەژیان بۆ ئەوەی لەبری یەكدی سڕینەوە پشتگیری لە یەكدی بكەین، سەرنجامیش دەڵێین: دەمارگیری لۆ مارێ!
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.