▪  ڕۆڵی مەلکیشی یەکان لە دەوڵەتی ئەیووبی.


نووسینی: حوسێن بڵباس.

پایتەختی شانشینی مەلکیشی (Melkîşî)
شار و قەڵای (چەمشگزەک) بووە، بۆیە زۆر جار بە شانشینی چمشگزک تۆمار کراوە.
لەسەرچاوە مێژووییەکاندا، ناوی شانشینی مەلکیشی بەم جۆرە تۆمار کراوە (مەلکیشی، چەمشگزەک، کوردستان)، بەڵام ناوە درووستەکەی (مەلکیشی)یە و بە کوردستان ناسراو بوو و چەمشگزەک ناوی پایتەختەکەیەتی کە دەکاتە شاری دەرسیمی ئێستا.
ئەم شانشینە دەکەوێتە باشووری ئەرزینجان و باکووری دیاربکر، سنووری شانشینی مەلکیشی سنوورێکی فراوان بووە، شارەکانی (دەرسیم، عەرەبگیر، خەربووت، مووش، بینگول، بەشێک لە ئەلازێر، بەشێک لە دیاربکر، بەشێک لە ئەرزنجان، بەشێک لە ئەرزەڕۆم، بەشێک لە سیواس و بەشێک لە بەدلیس)…هتد لەخۆ گرتووە.
شانشینی مەلکیشی شانشینێکی کۆنی کوردانی هەزەبانییە، کە لەپێش زایین هەر بەشێک بووە لە هەزەبان (هیزولان)، بەڵام لەسەردەمی پاشا مەلکیشۆ هەزەبانی (بڵباس) ئەم شانشینە زۆر بەهێزتر بووە و 34 قەڵا 16 شار لەژێر قەڵەمڕەویدا بووە.
پاشا مەلکیشۆ لەدەوروبەری ساڵی 1045ی زایینی فەرمانڕەوایی کردووە. پاشا مەلکیشۆ هەزەبانی کوڕی پاشا کاتان(قەحتان) و نەوەی پاشا ئەبولهیجا موسەک کوڕی پاشا چەکۆی هەزەبانییە.
مەلکیشییەکان نەوەی بێگەردی هەزەبانییەکانن و بە بڵباسیش ناسراون، هەزەبانی خاون دەوڵەتێکی کوردی بەهێز بوونە لە کوردستان، ئەتوانین بڵێین لە دەوڵەتە هەرە بەهێزەکانی کوردستان بوونە، کە شاری هەولێر پایتەختیان بووە، سنووری دەوڵەتی هەزەبانی تەواوی باشووری کوردستان و زۆربەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێک لە وڵاتی ئێستای عێراق و ئێران و بەشێک لە باکوور و ڕۆژاوای کوردستانی دەگرتەوە.
دەوڵەتی مەلکیشی (کوردستان) دەوڵەتێکی هەزەبانی بووە، یاخود ئەتوانین بڵێین دوایین دەوڵەتی کوردیی هەزەبانی بووە.
میر شەرەف خانی بەدلیسی و ڤیلادیمێر مینۆرسکى و ئەمین زەکى بەگ و چەندین سەرچاوەی دیکە، سەبارەت بە ملکیشى دەنووسن، مەلکیشییەکان بە زۆرى قەوغایى و حەشامەت و دارایى، سەرتۆپی هۆزەکانى کوردستانن، لە سەدەى 7 و 8 کۆچی، نزیکەى هەزار ماڵێکیان لە ڕیزى میرانى لاى پادشاى ئێران بوون، مەلکیشى هەمیشە فەرمانڕەواى سەربەخۆ وخۆماڵییان بەسەرەوە بووە و بەرفراوانیى وڵاتەکەیان و زۆریى حەشامەتەکەیان لە ڕادەیەک دایه، کە هەموو کەسێک و تەنانەت پادشایانى زەمان، لە دەفتەر و پسوولەکانى دیواندا بە وڵاتەکەیان دەڵێن (کوردستان).
شەرەف خانی بەدلیسی ئاماژە بەوەش دەکات، کە دەوڵەت و پاشایانی زلهێزی وەک جەنگیز خان و تەیموور گۆرگان و شاهرۆخ میرزا و قەرە یوسفی تورکمانیش دەستیان بۆ نەبردوون و نەیان توانیوە لێیان زەوت بکەن.
شانشینی مەلکیشی بێجگە لەوەی دەوڵەتەکەی خۆی ڕۆڵێکی باڵای گێڕاوە لەسەردەمی فەرمانڕەوایی ئەیووبی و هەمیشە پاڵپشتی ئەیووبیەکان بوونە لە ڕووی سەربازی و دارایی و سیاسی، لەسەردەمی پاشا بەهائەدین خەلیل کوڕی پاشا مەلک ئەلعادل محەمەد کوڕی پاشا مەلیک ئەلعادل مەلکیشۆ لەسەرکردە هەرە گەورە و باڵاکانی مەلیک عادل و مەلیک کامل ئەیووبی بووە، هەروەها فەرمانڕەوای جەزیرە و حەران و ڕوها و فەرمانڕەوای شام و فەرمانڕەوای قاهیرە بووە و لە هەمان کاتدا سوپاسالاری سوپای ئەیووبی بووە (قائد الجیوش المنصورة) و وەزیری دارایی ئەیووبی بووە و ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕاوە لە شەڕی نێوان ئەیووبی و سەلجووقیدا.
هەروەها لە شەڕی نێوان ئەیووبی و سەلجووقی کاتێک ئەیووبیەکان دەشکێن لەم شەڕە و لە قەڵای خرت پرت گیر دەخۆن بەهادین خەلیل مەلکیشی وەک نوێنەری الملک المظفر ایوبی و دەوڵەتی ئەیووبی دەچێتە لای پاشای سالجووقی عەلادین کەیقوباد و دەتوانێت قەناعتی پێبێنێت کە کۆتایی بە شەڕ بێنن.

کاتێک ئاژاوە و کێشە دەکەوێتە نێوان چەند هۆزێکی عەرەب وەک (جرم و جذام و ثعلبة) و دوچاری شەڕ دەبن لەگەڵ یەکەتر و کوشتارێکی زۆر روو دەدات لە نێوانیان تەنانەت سەرۆکی هۆزێک دەکوژرێت بە ناوی (شێخ شمخ بن نجم)، مەلیک عادلی ئەیووبی میر بەهادین خەلیل مەلکیشی دەسپێرێت کە بچێت و کێشەکانیان چارەسەر بکات، بۆیە میر بەهادین خەلیل مەلکیشی بە سوپاکەی ڕوو دەکاتە ناوچەکانیان و کێشەکانیان چارەسەر دەکات و کۆتایی بە کێشەکانیان دێنێت.

هەروەها میر عزەدین کوڕی پاشا مەلک ئەلعادل محەمەد کوڕی پاشا مەلک ئەلعادل مەلکیشۆ لەسەرکردە باڵاکانی ئەیووبی بووە و ماوەیەک فەرمانڕەوای شام بووە.
میر ئەسعد کوڕی پاشا محەمەد کوڕی پاشا مەلکیشۆ لە میران و سەرکردەکانی ئەیووبی بووە.
میر فەخرەدین محەمەد کوڕی میر ئەسعەد کوڕی پاشا محەمەد کوڕی پاشا مەلکیشۆ، سوپاسالار و لە میران و سەرکردە هەرە باڵاکانی مەلیک ناسری ئەیووبی بووە، و فەرمانڕەوای شاری حەلەب بووە تا نەمانی دەوڵەتی ئەیووبی بە دەست مەمالیک و ڕازی نەبوو بە هاتنە سەر دەسەڵاتی مەمالیک.

میر وەهسوزان ئەبوو یەعقوب کوڕی میر مەنسور کوڕی میر وەهسوزان کوڕی پاشا مەلکیشو بڵباس کوڕی پاشا کاتان کوڕی پاشا ئەبوهێجا موسەک کوڕی پاشا چەکۆ/شاکۆی هەزەبانی.
میر وەهسوزان لە هەولێر لە دایکبووە و لە میرانی هەزەبانی هەولێرە و هەروەها لە میرە هەرە بەناوبانگەکانی سوڵتان سەڵاحەدین یوسف ئەیووبی بووە، هەروەها لە دوای سوڵتان سەڵاحەدین سوپاسالاری سوپای ئەیووبی بووە لە سەردەمی برای سەڵاحەدین پاشا مەلیک عادل ئەبوبەکری ئەیووبی دواتر لە خزمەتی پاشا مەلیک ئەوحەد نەجم دین ئەبوو فەتح ئەیووبی و سەرکردەی سوپاکەی بوو کە شاری ئەخلاتیان رزگار کردووە لە دەست دوژمنان.
دواتر بە دەستت مەمالیک شەهید کرا لە ساڵی 613 کۆچی.
میر وەهسوزان میرێکی بەناوبانگ و شاعیرێکی ناودار بووە.

یەکێکی دیەکەی میرانیان میر ئەحمەد ناسراو بە سەڵاحەدینی کوردی مەلکیشی هەولێری هەزەبانی لە سەرکردە هەرە باڵاکانی ئەیووبیەکان بووە و له میرانی الملک المغيث کوڕی مەلیک عادل ئەبوبەکری ئەیووبی و دواتر لەگەڵ مەلیک کامل ئەبی المعالی محمد بن ابوبکر بن ایوب خزمەتی کردووە هەروەها شاعرێکی بە ناوبانگ بووە و چەندین دیوانی شعری هەیە.
بنەماڵە و پاشایان و میرانی مەلکیشی کە لە نەوەی پاشا ئەبووهێجا موسەک هەزەبانین، هەمیشە پشتگیری دەوڵەتی ئەیووبیان کردووە و خزمانی نزیکی سوڵتان سەڵاحەدین بوون.

سەرچاوەکان :

تاريخ ابن ابو الهيجاء.
النجوم الزاهرة.
صبح الاعشی.
السلوك لمعرفة دول الملوك ج ۱
مفرج الكروب في اخبار بني ايوب.
كنز الدرر و جامع الغرر، ج٤
ذيل مرأة الزمان.
عيون التواريخ المجلد۲۱، الصفحة ٤٦۷.
تاريخ دمشق، ابن القلانسي.
قلائد الجمان في فرائد شعراء هذا الزمان.
ملوك و رؤساء صنعوا التاريخ.
تاريخ اربل.
تاريخ الملك الظاهر.
دياربكرية، ابو بكر طهراني.
شرف نامه، شرف خاني بدليسي.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.