▪ فاشیزمەکانى بەغدا دەیانهەوێت دۆزى کورد لە ( مووچە ونەوت )دا بچووک و بێ بایەخ بکەن
رێبوار حەمەلاو شوانى
لەسەرەتادا گرنگە بزانین کە ، پرسى کورد لە عێراق ( پرسى خاک ، زمان و ناسنامەیە)، نەک تەنها لە مووچە ونەوت بچووکمان بکەنەوە ، دامەزراندنى دەوڵەتێک بەناوى عێراق و بەزۆر سەپاندن و لکاندن و خەزاندنى چەندین گەل و پێکهاتەى جۆراجۆر و بەتایبەتى دوو جوگرافیا و نەتەوە و مێژوو و شوناس و زمانى لەیەکتر جیاواز نەک هەر نەبووە هۆى سەقامگیرى و ئاسایش و متمانە بەڵکو رۆژ بە رۆژ لێکترازان و ڕق و کینەى زیاتر کردووە ، بەتایبەتى کە هەموو ئەو ڕژێمانەى کە هاتنەسەر کورسى دەسەڵات هەر لە ڕژێمى پاشایەتیەوە بگڕە بە ئێستاى حکوومەتى شیعی مەزهەبییەوە ، بەهۆى ستەمکارییەکانیانەوە ، هۆکارى شەڕ وخەباتى چەکدارى و سەرهەڵدانى شۆڕش بوونە .
شۆڕشەکانى شێخ مەحمود و شێخ عەبدولسەلام بارزانى و شێخ ئەحمەد بارزانى و شۆڕشى مەزنى ئەیلوول و ئینجا شۆڕشى گوڵانى پێشکەوتنخواز و ڕاپەڕینە شکۆمەندەکەى بەهارى ساڵى 1991 ئاماژەیەکى روونن بەوەى کە هەمیشە دەسەڵاتدارانى عێراق کاریان بۆ چەوساندن و ڕەتکردنەوەى کوردوکوردستان و پێشێڵکردنى مافەرەواکانى کردووە و هەمیشە هەوڵى ئەوەیان داوە تا گەلى کورد ژێر دەست و پاشکۆ و زۆرجاریش خەونیان بە ڕیشەکێشکردنى مۆڕکى نەتەوایەتیی و شێواندنى جوگرافیا و شوناس وزمانى بینیووە ، پاشگەزبوونەوە لە ڕێککەوتننامە و بەڵێن یەکێکە لە خەسڵەتە هەرە خراپەکانى حکوومەتە یەک لەدواى یەکەکانى بەغدا بەرامبەر بە دۆزى کورد ، بەتایبەتى ڕێککەوتننامەى 11ى ئادارى 1970 کە بەمەزنترین دەستکەوتى مێژوویی بۆ گەلى کورد دادەنرێت ، بەڵام لەوەشدا عێراق نەک هەر وەڵامى دەخوازیییەکانى کوردستانى نەدایەوە ، بەڵکو کارى بۆ گەلەکۆمەکى و پیلانگێرى و سەرکوتکردنى گەلى کورد ، دواى سەرهەڵدانى شۆڕشى گوڵان بۆ ماوەیەکى کەم لە پیلانگێرى لە دژى شۆڕشى مەزنى ئەیلوول کە خەونەکەیان دیاربوو ئەویش لە ناوبردنى دۆزى کوردوکوردستان بوو ، وەک چۆن دواتر پرۆسەى ڕاگواستن و گڕتن و ئەنفالکردن لە بارزان و ئینجا کیمیابارانى هەڵەبجە و ئەنفاڵى 182 هەزار رۆڵەى کورد و خاپوورکردنى زیاتر لە 4500 گوند و لادێ و باغ و دارستان و کانیاو و ئینجا ڕاگواستنى زۆرە مڵێ وخەونى گۆڕینى دیموگرافیایی کوردستان .
ئەوەش هەمووى بۆ سیاسەتى دڕندانەى ڕژێمى بەعسى رووخاو کە درێژەپێدەرى پیلانگێرى و ستەمکارى ڕژێمەکانى پێش خۆى بوو لە دژى کوردوکوردستان بزافە رزگاریخوازەکەى ، بەڵام گەلى کورد هەرگیز بەو کردەوە نامرۆڤانەیەى دەسەڵاتدارانى بەغدا بێ ئومێد نەبوو ، بەڵکو رۆژ بە رۆژ رژدبوو لە سەرخەبات و بەرخودان تا ئەو کاتەى ڕاپەرینى کرد و ئینجا کۆڕەوێک بۆ ڕەتکردنەوەى ستەمکارى وەک ڕێفراندۆمێک ، دواتر هەڵبژاردنێک لە ساڵى 1992 و ئینجا راگەیاندنى فیدڕاڵى و تا ڕووخاندنى ڕژێمى بەعس لە ساڵى 2003 و هەرێمى کوردستان لە نێودەستوورى هەمیشەیی لە ساڵى 2005 بووە دیفاکتۆ وڕاستییەک تاکو زیاتر مافەکانى بەشێوازى یاسایی ودەەستوور لە چوارچێوەى عێراقێکى فیدڕاڵ و دیموکرات بەدەست بێنێت ، لەوەشدا زۆرى نەخایاند وئەوانەى کە خۆیان بە ستەملێکراو دەزانى ، هەر کە شوێن پێى خۆیان بەهێزکرد بە سیاسەتى زۆرینە و کەمینە و پەراوێزخستن هەنگاوەکانیان بۆ سزادانى بەکۆمەڵکى خەڵکى کوردستان دەستپێکرد ، ئەویش بەڕێگەى پەرچەکردارى ئابوورى و سیناریۆى جۆراجۆر ، لە پێناو لاوازکردن و شکاندنى ئیرادەى خەڵکى کوردستان و نەهێشتنى قەوارەى هەرێمى کوردستان کە بەرهەمى خوێنى شەهیدان و خەباتى دەیان ساڵەیە نەک ئەوەى لەلایەن هیچ ڕژێمێکى عێراقەوە بە ئێستاشەوە وەک دیارى پێیبەخشرا بێت ، بەکارهێنانى چەکى ئابوورى و دادگە و پەڵاماردانى سەربازى و میلیشایی پێمانى گووت کە نەک هەر زێهینیەتى خۆسەپێن لەعێراقدا کۆتایی نەهاتووە بەڵکو بەخێرایی بنەماکانى هاوبەشى و سازان وهاوسەنگى وەک دەوڵەتێکى فیدڕاڵ کارى پێناکرێت ، ئەوە هەڵوێستە ستەمکارانەى دەسەڵاتدارانى ئێستاى بەغدا لەکاتێکدایە کە تا ئێستا عێراق ئامادە نییە قەرەبووى کەسوکارى سەربەزى ئەنفال وکیمیاباران و زیندانیانى سیاسى وناوچە زیان لێکەوتووەکانى سەردەمى ڕژێمەکانى رابردوو بکاتەوە ، لەوەش گرنگتر تا ئێستا ئامادە نییە بە کردەوە ماددەى 140 دەستوورى تایبەت بە کەرکووک وناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان جێبەجێ بکات و بەتایبەتى لە دواى 7 ساڵ لە داگیرکردنى کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکاتى تر وهەر رۆژەوە زیاتر گوشار و ستەمکارییەکانى زیاتر دەکات ، ئەوەش ئاماژەیە بە قۆرخکارى و ستەمکارى لە نێو خوێن و مێشکى دەسەڵاتدارانى بەغدا بۆ دژایەتیکردنى قەوارەى هەرێمى کوردستان .
بۆیە، دەتوانین بڵێن کە هەموو ئەو هەنگاوانە ئاماژەن بەوە کە هەر لە سەرتاى دروستکردنى دەوڵەتێک بەناوى عێراق کە بە ئەمرۆشەوە ، پێمان ئەمە بۆ داهاتووش ڕاستە ، هەر لە عێراق بە هەردوو مەزهەبى شیعى و سوننەوە ، هەرگیز کورد و هاوبەشى کورد نەبوونە و ڕاستگۆش نەبوونە و نابن ، هەرکاتێک کێشەیان هەبێ پەنا بۆ گەلى کورد و سەرکردایەتییەکەى دێن بۆ چارەسەرى کێشەکانیان ، بۆیە، ئەوەى لە زێهینەتى دەسەڵاتدارانى بەغدا دەخوێندرێتەوە ئەوەیە کە خەونى ئەوە دەبینن کە دۆزى کورد ومافەرەواکانى لە ( مووچە و نەوت ) ، بچووک بکەنەوە ، گشت هەنگاوەکانى رابردوو و ئێستاشیان لە چوارچێوەى لاوازکردنى سەنگ و پێگەى قەوارەى هەرێمى کوردستانێکە کە بەهەرمى خەبات و قوربانیدان و خوێنى هەزاران شەهیدە ، پرسى کورد لە عێراق پرسى خاکە ، پرسى زمان و ناسنامەیە ، بۆیە ، نابێت چیتر هەنگاوە دوژمنکارەکانى عێراق بە سادەیی وەربگرین وپاراستنى ئەم قەوارەیە و دەستکەوتەکانى ئەرک و بەرپرسیاریەتیی مێژوویی وکوردانەیە .
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.