▪   شۆڕشی گوڵان.. ھیوا بۆ کوردستانیان و هەڵتەکاندنی فکر و ھێزی بەعس

فرسەت سەید شکور

٢٤/٥/٢٠٢٤

 

 

جەنەراڵ مستەفا بارزانیی، ڕابەری درێژترین شۆرشی مێژووی گەلی کورد: هیچ شۆرشێک بەبێ قیادەی حزبێکی مونەزەم سەرکەوتوونابێ.


26ی گوڵانیی 1976، بڵێسەی شۆڕشی گوڵان، گوند و شار و چیا و دۆڵ بە دۆڵی كوردستانی گرتەوە، بەوەش پێشمەرگە و فەرماندە و سەركردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول، بەتایبەتیش سەرۆک مەسعود بارزانی و کاکە ئیدریسی هەردەم لەیاد و یاوەرانی، نەیانهێشت خەونی دوژمنان بێتەدی، كە بەنیاز بوون شۆڕشی كورد بۆ هەتاهەتایی لەناو ببەن.

نسكۆی 1975 دەرەنجامی گەلەكۆمەكییەكی ناوچەیی و نێودەوڵەتییش بوو، بەڵام بەرپاكردنەوەی شۆڕش هیوایەكی نوێی بە گەلی كوردستان بەخشییەوە.

شۆڕشی 26ی گوڵانى نیشتمانیی پێشكەوتنخواز، لە قۆناخێکی زۆر سەخت و دژواردا درێژەپێدەر و هەڵگری پەیام و ئامانجە پیرۆزەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و شۆڕشەكانی دیكەی گەلی كوردستان بوو. شێوازێكی نوێی خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی و کۆمەڵایەتی بوو بۆ ئازادی و ڕزگاری و سەربەخۆیی کورد و کوردستان.

لە هەلومەرجێكی قورسی سەربازی و سیاسی و بە رێنمایی (بارزانیی نەمر) تەنیا دوای سێ‌ رۆژ لە پیلانی (جەزائیر)، سەركردایەتی بیری لە سەرلەنوێ‌ بەرپاكردنەوەی شۆڕش كردەوە و چەندین كادر و پێشمەرگە و فەرماندەی بۆ گوند و شار و ئاواییەكانی کوردستان ناردەوە، مەفرەزەی بچووكی پارتیزانی دروست كردەوە و هەنگاوە یەكەمینەكانی شۆڕشێكی جەماوەریی پێشكەوتنخوازی هاوێشت و ورەیان بە جەماوەری شۆڕشگێڕی كوردستان بەخشییەوە. شۆڕشی گوڵان لە ناوجەرگەی كوردستانی عێراق و لە باوەشی جەماوەری گەلی كوردستانەوە بەرپا كرایەوە و سەرلەنوێ‌ وزەیەكی بەگوڕی بە رێكخستن لەناوە و دەرەوەی وڵات دایەوە و زۆر كەسایەتی و فەرماندە و سەركردەی پێشووی شۆڕشی ئەیلوول بەو هۆیە و لەدەرەوەی وڵاتەوە گەڕانەوە و چالاكیی سیاسی و پێشمەرگایەتییان دەست پێ‌كردەوە، بەجۆرێك، لە ماوەیەكی كورتدا پێشمەرگەكانی لەشكری شۆڕشگێڕی كوردستان لەناو شارە گەورەکاندا وەکو جاران لە قەڵاکانی داگیركەرییان دەدایەوە.

لەماوەی بەردەوامیی شۆڕشی گوڵان، دەیان داستانی مێژووی،ی لە شکاندنی نەیارانی گەلی کوردستان تۆمار کران، پۆلێک لە خەباتگێڕانی کوردستان و ڕێبازی بارزانی چوونە ڕێزەی نەمرانەوە، ئەمە جیالەوەی، بە خەباتی شاخ و شار بڵێسەی شۆڕش تەواوی ناوچەکانی کوردستانی گرتبووەوە. شۆڕشی گوڵان بە ڕابەرایەتیی سەرۆکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد، چەندین دەستکەوتی گەورە و مێژوویی لێھاتنە بەرھەم، لەوانەش ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی 1991 و دامەزراندنی پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاوەدانی و پێشکەوتنەکانی ھەرێم بە نوێنەرایەتیی ملیۆنان کورد و کرانەوەی کورد بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دونیای دەرەوە، بەرھەمی شۆڕش گوڵان و بزووتنەوە چەکدارییەکانی دیکەی گەلی کوردستانن.

شۆڕشی گوڵان، لە ڕوانگەی بیر و باوەڕی كۆمەڵێك حزب و لایەن هاتە كایەوە، لە هەمان كاتیشدا، شۆڕشی ئەیلوول، لە قۆناغی بەرگریكردندا بوو و تاكە حزبێك ڕابەرایەتیی شۆڕشی دەكرد، بەڵام شۆڕشی گوڵان بە شێوەی پارتیزانی هاتە مەیدان، پاشان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ڕۆڵێكی گرنگی بینی، لە هەمان كاتیشدا ڕێكخستنەكانی خۆی لەسەر بنەمای ڕێكخراوەیی دامەزراند.

لەبارەی قۆناغی شۆرشگێری و پاراستنی دەستکەوتەکانی خەباتی چەکداری و سیاسی، سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێت: ئەوەی وڵاتێک ڕزگار بکات دەبێت قوربانی بدات، ئەوەی سەرکەوتن بپارێزێت دەبێت قوربانی بدات.

کەواتە لە دیدی سەرۆک بارزانییەوە، چەندە ئازادی وڵات و سەربەخۆیی پێویستە، هێندەی تر پاراستنی بنەما و پایەبەندیی جووڵانەوە شۆرشگێرییەکان پێویستە.

ئێستا گرنگە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان لە بەغدا و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بخرێتە پایەی سەرەکیی کۆکبوون و یەکدەنگی، بۆ ئەوەی دەرهاوێشتەکانی داهاتووی ناوچەکە لە بەرژوەندیی گەلی کوردستان بێت و لێکەوتە نەرێنییەکان بەرپەرچ بدرێنەوە.
ھەروەک بیرمەند (لەیلا گیفتی ئاکیتا) دەڵێت: «جوانیی دەسەڵات لە یەکگرتووییدایە و پێویستە ھەموان لە دڵ و دەرووندا یەکگرتوو بین.»

 

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.