▪  لە ڕۆژی جیهانی ژینگەدا دوو پرسی پەیوەست بەژینگە بەکورتی”

یەکەم/ گرنگی ئاوڕدانەوە لە فەلسەفەی ژینگە.

دووەم/ بنەماکانی بیری ژینگە دۆستی لە دەڤەری بارزان.

پێشەکی:

لە ڕۆژی جیهانی ژینگەدا باسکردن لە فەلسەفەی ژینگە دەتوانێت ئیلهام بەخش بێت بۆ بیرکردنەوەیەکی تەندروست دەربارەی ژینگە بەشێوەیەکی گشتی.
مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی ژینگە و خوێندنەوە بۆ پرسەکانی تایبەت بەژینگە پێویستیمان بە خوێندنەوەیەکی قووڵی فەلسەفییانە دەبێت بۆ شیکردنەوە و شرۆڤەکردنی چەمکە گشتییەکانی پەیوەست بەم پرسە هەنوکییەوە
یەکەم:
پێناسەکردنی فەلسەفەی ژینگە
فەلسەفەی ژینگە بریتییە لە گەڕان بەدوای بوارێکی فەلسەفەدا کە پرسیارە ئەخلاقی و میتافیزیکی و چەمکییەکانی دەوروبەری پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ جیهانی سروشتیدا دەکۆڵێتەوە. تیۆری و دیدگای جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت کە هەوڵدەدەن بەرپرسیارێتیەکانمان بەرامبەر بە سروشت و بەهای بوونە غەیرە مرۆییەکان و پەیوەندییەکانی هەموو فۆرمەکانی ژیان تێبگەن و بیخەنەڕوو.

لە کاتی باسکردنی دیدگا ئەخلاقییەکان سەبارەت بە ژینگە، دەتوانیت چەندین دیدگای سەرەکی بکۆڵیتەوە کە تێگەیشتنمان لە بەرپرسیارێتییە ئەخلاقییەکان بەرامبەر بە سروشت لە قاڵب دەدەن.
ناساندنی هەندێک لەو چەمکانەی پەیوەستن بە ئەخڵاقی ژینگەییەوە:
مرۆڤسەنتەریزم: Anthropocentrism
ئەنترۆپۆسێنتریزم: بریتییە لەو باوەڕەی کە مرۆڤەکان ناوەند یان گرنگترین بوونە لە جیهاندا.
ئەخلاقی مرۆڤ-سەنتەری: ئەم ڕوانگەیە پێداویستی و بەرژەوەندییەکانی مرۆڤ بە گرینگی سەرەکی دەزانێت. زۆرجار پاراستنی ژینگە بە سوودەکانی بۆ تەندروستی مرۆڤ و خۆشگوزەرانی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان ڕەوا دەبینرێت. ئەمە وادەکات مرۆڤ هەموو ئەو شتانەی کەوا لەناوسروشتدا هەن بەڕەوایان ببینێت بۆ سوود و قازانجی خۆی بەبێ ئەوەی ڕەچاوی هەموو ئەو زیندەوەر و ڕووەکانە بکات کەوا لە پاڵ مرۆڤ لەناو ئەم گەردوون و ژینگەیەدا ژیان دەکەن.

ڕەخنەگران دەڵێن مرۆڤسەنتەریزم” دەبێتە هۆی ئیستغلالکردنی سەرچاوە سروشتییەکان و بەهای ناوەکیی بوونەوەرە زیندووەکانی دیکە و ئیکۆسیستەمەکان پشتگوێ دەخات.
بایۆسەنتریزم:
ئەو ڕوانگەی ئەخلاقییە کە هەموو زیندەوەرە زیندووەکان بەهای سروشتییان هەیە و شایەنی ڕەچاوکردنی ئەخلاقین.
ئەخلاقی سەنتەری ژیان: ئەم ڕوانگەیە خەمی ئەخلاقی بۆ هەموو بوونەوەرە زیندووەکان درێژ دەکاتەوە نەک تەنها مرۆڤ. بەهای ناوەکی ئاژەڵ و ڕووەک و فۆرمەکانی تری ژیان دەناسێتەوە.
ڕەچاوکردنی هەموو پێکهاتەکانی ژینگە بە زیندەوەر و نازیندووەکانەوە ئەرکی سەرەکی مرۆڤی تێگەیشتە ئەخڵاقی ژینگەیی رێنمایمان دەکات ژینگە وەک یەک پاکێج سەیربکەین و باڵانسی سروشتی ژینگە رێکخراوە ئەگەر بۆ مەبەستێکی دیاریکراو و لەژێر کاریگەری بیرکردنەوەی مرۆڤ-سەنتەریدا، هەنگاوێک بنێین دەبێتە هۆی لەنگکردنی ئەو هاوسەنگییە سروشتییەی کەوا لەناو ژینگەی سروشتی گەردوونیدا هەیە و باڵانس تێکدەچێت و ئەم گەردوونە رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو وێرانی و لەناوچوون دەبێتەوە.
ئیکۆلۆژیای قووڵ
ئیکۆلۆژیای قووڵ بزووتنەوەیەکی فەلسەفی و کۆمەڵایەتییە کە بانگەشە بۆ گۆڕانکارییەکی قووڵ لە هۆشیاری مرۆڤدا دەکات بۆ ناسینی بەهای سروشتی هەموو بوونەوەرە زیندووەکان.
دووەم:
گەشەسەندنی بیری ژینگە دۆستی لە دەڤەری بارزان:
ئەگەر بەکورتی لەم رۆژە گرنگەدا تیشک بخەینە سەر ئەوهەنگاوانەی نراون بۆ بەروپێشبردنی هزری گەشی ژینگە پارێزی لە دەڤەری بارزان
بەبێ خوێندنەوە بۆ هزری ڕەسەنی بارزان و تێگەیشتن لەخۆدی بارزان، ناتوانین لەو شوڕشە هزرییەش تێبگەین کەوا لەبارزان سەری هەڵدا بۆ لە ئامێزگرتنی ژینگە بەگشتی.

هەربۆیە تکام وایە لە هەموو خوێنەر و نووسەر و لێکوڵەران بەسادەیی باسی هزر و فەلسەفەی بارزان مەکەن، چونکە پێم وایە ئەمە ستەمێکی گەورەیە دەرحەق بەمێژووی هزری گەشی بارزاندا دەکرێت بەتایبەتی سەبەرەت بەو میراتە گەورەیەیی هەیەتی لە پاراستنی ژینگە و ئەو هەموو ڕێنمایی و ئەمر و ڕاسپاردانەی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر هەموو چین و توێژەکانیدابەشکردووە و تاوەکو ئێستاش بەبێ هیچ زەبرێک وەک بەرپرسیاریەتییەکی ئەخڵاقی و مرۆڤایەتی پەیڕەوی دەکەن و بۆتە بەشێک لە بوونییان، ئەم فەرهەنگە وا بەئاسانی و سادەییەوە دروست نەبووە، هەر بۆیە دەبێت ئێمە لێکوڵینەوەی ووردی لەبارەیەوە بکەین و شانازیی بە مێژوو و هزری گەشی کوردییەوە بکەین، هەروەها ئەمە ئەرکی لایەنی پەیوەندیدارە بە پەروەردە و فێرکردنەوە بەتایبەتی لەزانکۆکانی کوردستان نابێت تەنها هزر و فکری رۆژئاوا(غەرب)،هاوردەی ناو پرۆسەی خوێندن بکەن، چونکە خەریکبوونمان بەهزری دەرەوە لێدانە لە تێگەیشتنمان، فەرهەنگمان، بوونمان، ڕابردوومان،ئەمە خەتەرە دەبێت هزری گەشی کوردی بەنموونە فەرهەنگی ژینگەپارێزی بارزان بکرێتە هەوێنی هزری گەشی کوردی نەوەکانمان لەسەر ئەم تێگەیشتنە پەروەردەیان بکەین، ئەمە خاڵی وەرچەرخانی کوردە لەرووی خوێندنەوە و پەروەردەوە ئەگەر جۆرئەتی ئەم هەنگاوەمان هەبێت بیهاوێژن
رێدیار عبدالرحمن عمر
5-6-2024

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.