▪  پێشمەرگە سیمبولی کوردایەتی

ئەسرین عاسی شوانی

پێشمەرگە ئەو گیانفیدایە خۆنەویستەیە کە بەنرخترین و بەبەهاترین، سەروەتی خۆی کە خوێنی گەش و گوڵڕەنگیەتی ، لە پێناوی گەل و شکۆمەندی نیشتیمان دەیبەخشێت، گەر هەر لە ناوەکەیەوە دەست پێ بکەین کە ووشەیەکی لێکدراوی کوردی ڕەسەنە، تێدەگەین کە پێشمەرگە چەندە مرۆڤێکی گەورەیە، وەک ووتمان ووشەیەکی لێکدراوە، وپێک هاتوە لە پێش ومەرگ ،واتا ئەو کەسەی نازناوی پێشمەرگە بە خۆی ڕادەبینێ مەرگی خۆی لە پێشی خۆیەوە دادەنێت، و سڵ لە مەرگ ناکاتەوە،کاتێ دەبێتە پێشمەرگەو پارێزەری گەل و نیشتمانەکەی ، مەرگ بە شتێکی ئاسایی دەچوێنێت و بەر لە هەموو شتێک گیانی خۆی ئەسپاردە دەکات، وەک دەبینین پێشمەرگەی کوردستان لە بەرامبەر دوژمنان و داگیرکارانی خاکی کوردان شەهید بونیان کردۆتە ناسنامەو جێگای شانازی و بۆ گەلەکەمانیش بونەتە سومبوڵ و شانازی.
هەر بەو بۆنەیەوە لەم چەند ڕۆژە خوێنی سورئاڵی چەند قارەمانێک ،چەند پێشمەرگەی گیانفیدای گەلەکەمان خەمی بەباڵای هەموان دا بڕی و ئازاریان خستە دڵمانەوە،ئەو پێشمەرگانەی بە خوێنی سوری خۆیان سەلماندیان کە پێشمەرگە پارێزەروو شورای بەهێزی بەرگریە لە نیشتمان و ئەوەیان سەلماند کە گەلی کورد تا پێشمەرگەی هەبێت باکی نابێت لە دڕندەترین دوژمن و لە پێشکەوتوترین تەکنەلۆجیای چەکی سەردەم و لە دزێوترین سیاسەتی سەردەم،چونکە ئەوە پێشمەرگە بوو بەربە دڕندەترین ڕێکخراوی تیرۆرستی وەک داعش بونەوەو کردیانن بە پەندی زەمانە،کێوماڵیان کردن،ڕێکخراوێک کە تەپ و ترسی خسبوە دڵی سەرجەم دانیشتوانی جیهانەوە،بەڵام لەسەر دەسی پێشمەرگەو گیانفیدایی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان دەرسێکی وایان وەرگرت تا دونیایە بیریان نەچێتەوە،بۆیە ئێستاش ئەو ڕق و قینەی لە پێشمەرگە هەیانە بیریان نەچوەو کە هەڵیان بۆ بڕەخسێت دەس لە کاری وەحشیانەیان هەڵناگرن و پەلاماری پێشمەرگە دەدەن لە ناخافڵا شەهیدیان دەکەن،بەڵام باڵای پێشمەرگە زۆر لەوانە زرافترە تا پلانی داعش و هاوشێوەکانی بتوانێت ورەی بەرزی پێشمەرگە بچەمێنێتەوە، چونکە پێشمەرگە باڵای بەقەد باڵای شاخە سەربەرزەکانی کوردستانەو هەرگیز بە دوژمنان و شەمشەمەکوێرەکانی داعش نانەوێت ،بۆیە لووت ژەنینی داعش لە ورەی پێشمەرگەو گەورەیی و ناوناوبانگی پێشمەرگە هەر خەیاڵێکەو خەونێکی بەدینەهاتوی دوژمنانمانەو هەرگیز ناگەنە مەقسەد،ئەوەی دەکرێت و ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە گەلی کورد تا خاوەنی پێشمەرگە بێت ئاڵاکەی هەر شەکاوەو سەری گەلەکەشی هەر بەرز دەبێت ،درود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردو کوردستان سەرشۆڕی بۆ دوژمنان و داگیرکاران.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.