▪پارتى داینامۆى دیموکراسى وهەڵبژاردن


رێبوار حەمەلاو شوانى
مێژوو گەواهیدەرە کە ئەوەى بونیاتنەر و دامەزرێنەرى پرۆسەى دیموکراسى و هەڵبژاردن و بە دامەزراوەیی کردنى هەموو دەزگەکانى باشوورى کوردستان بووە پارتى و بارزانى بوو ، ئەوەى لە پێناو پارێزگارکردن و بەهێزکردنى ئەزموون و قەوارەى هەرێمى کوردستان باج وقوربانى بەخشیی و ڕووبەڕووى دەیان کۆسپ و ئاڵنگارى نەیارانى کوردستان بووە هەر پارتى و جەماوەرە خۆڕاگرەکەى بووە کە بەرگریان لە دۆزى ڕەواى گەل و نیشتیمانەکەى کردووە و هەرگیز سلى نەکردووە لە ئەنجامدانى هەڵبژاردن و پارێزگاریکردن لە مافى گشت پێکهاتەکان و خەڵکى کوردستان بە شێوەیەکى گشتى.
پارتى و ستراتیژییەکەى هەمیشە داینامۆى بەڕێوەچوونى پرۆسەى هەڵبژاردن و دیموکراسى بووە ، هەمیشە پێشەنگ و یەکەمى بێ ڕکابەر بوو هەرگیز پشت لە هەڵبژاردن نەکردووە بەڵکو ئامانجى سەڕەکى خزمەتکردنى کورد وکوردستان بەهێزکردنى سەنگ وپێگەى سیاسى هەرێمى کوردستان بووە ، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە داواى هەڵبژاردنێکى دیموکراسیانە و ئازادانە ، بە جۆرێک کە تەنها ڕەنگدانەوەى دۆزى رەواى گەل و نیشتیمان بێت دوور هەموو دەستوەردان و ئەجێندایەکى دەرەکى .
دواى چەند جار دەستنیشانکردنى وادەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بۆ خوڵى شەشەم ، لە کۆتایدا بریاردرا رۆژى 20ى ئۆکتۆبەرى 2024 ، هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت ، تا لەوڕێگەیەوە خەڵکى کوردستان بتوانن نوێنەرەکانى خۆیان هەڵبژێرن و زیاتر خزمەت بە ئەزموون دیموکراسى و قەوارەکەى و گەلەکەیان بکەن ، چونکە بەشداریکردن لە پرۆسەى هەڵبژاردن ئەرکێکى نیشتیمانى و یاسایی و ئایینى ونەتەوەییە تا کو دەنگى خۆت ئازادانە بدەیت ، چونکە پرۆسەى هەڵبژاردن لە سەر بنەماى دەنگدان بە یەکێک لە گرنگترین پرۆسەکانى دیموکراسى هەژمار دەکرێت ، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە هەمووان کار بۆ بەدیهێنانى بەڵێنەکانیان بکەن کە ئەویش خزمەتکردنى گەل و وڵاتەکەیانە .
ئەوەى راستیەکى حاشاهەڵنەگرە لە پرۆسەى سیاسى و هەڵبژاردنى کوردستان ئەوەى کە تا ئێستا حزبى یەکەم و پێشەنگى دیموکراسییە پارتى دیموکراتى کوردستان ، لەگەڵ ئەوەى کە خاوەن زۆرینەى کورسییەکان بوو لەیەکەم خوڵى پەرلەمان تا خولى پینجەمیش ، بەڵام بینیمان کە هۆى کورسى پەرستییەوە پرۆسەکە کرایە 50 بە 50 ، لەگەڵ ئەوەى کە پارتى زۆرینە بوو بەڵام لە پێناو بەهێزکردنى ئەزموونى هەرێمى کوردستان ئەوا حکوومەتى کوردستان پێکهێنرا و بۆ خوڵەکانى تریش بەهەمان شێوە پارتى هەر هەمیشە فیداکارى کردووە ، بەڵام هەموو ئەو حزب ولایەنانە نەک هەر پابەندى هاوبەشى و ئەرکەکانى نەبوونە ، بەڵکو لە پەناى هاوبەشى ئەوا کاریان لە سەر زیانگەیاندن بە پارتى و پرۆسەى دیموکراسى کوردستان گەیاندووە ، بۆیە ئیتر کاتى ئەوە هاتووە کە چیتر دەنگ و کورسى حزبێک نەکرێتە قوربانى حزب ولایەنێکى تر و بە پاساوى بێ بنەما و لە بارنەبوونى بارودۆخ و هەرشتێکى تر پێوستە بەهەمان سیستەمى جیهانى دیموکراسى لە کوردستانیش هەمان ڕێنماییەکان پیادە کرێت ، ئەگینا هەڵبژاردن هیچ واتایەکى نییە و ئەگەر یەک کورسى بێنێت و یان 50 کورسى هەر وەک خۆىلا بێت ئیتر هەڵبژاردن بۆ چى بکرێت ؟
گرنگە ئیتر هەموو بریارەکان و هەڵبژاردن و ئەنجامەکانى بکرێنە کردار ، هەڵبژاردن وەک خۆى جێبەجێ بکرێت و چیتر ماف و دەنگى هیچ هاووڵاتییەک بۆ کەس و حزبى تر نەکرێتە قوربانیی تا زیاتر پرۆسەى دیموکراسى و ئازادى کوردستان و ئەزموونەکەى بەرەو پێشەوە بچێت و زیاتر پرۆسەى دیموکراسى و هەڵبژاردن ببێتە هەوێنى خزمەتکردن و بەرژوەندییە باڵاکانى گەل و نیشتیمان و پارتى دیموکراتى کوردستانیش هەمیشە لەو پێناوەدا پێشەنگ و ئاڵاهەڵگر بووە .

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.