سووربوونی موسلمان لەسەر پەرستش و پشتگوێ خستنی پەروەردە

سووربوونی موسلمان لەسەر پەرستش و پشتگوێ خستنی پەروەردە…

ئەسکەندەر چاربۆتی ، زێ بادینان :
ئیسلام ئایێنێکی پیرۆزە، دەبێت بزانین هاتنی ئیسلام وەرچەرخانێکی گەورە بوو و لەسەردەمی خۆیدا پێشکەوتنێکی گەورەی بۆ مرۆڤایەتی هێنا، بەڵام هێشتنەوەی لە چوارچێوەی ژیانی سەرەتایی بەسووربوون لەسەر بەکارهێنانی (نەعال و سیواک و چەقۆ و ریش و …)، بە بیانووی جێبەجێکردنی(سوننەت)، ژیانی عەرەبایەتی جارانیان تێکەڵ بەم ئایینە کرد، بۆیە بەهۆی موسلمانانەوە، کەس نابێت بە موسلمان!


زۆربەی موسلمانان سیخۆری دەکەن، بۆختان دەکەن، بە پشتەملێ باسی خەڵک دەکەن، نێوانی خەڵک تێکدەدەن، لەلایەکی تر کۆشتن، خیانەت، گەندەڵی، دزی و … لەناو موسلمانان دا زۆرە، هەروەها زەکاتێکی کەم دەدەن، نابەخشن، هەموو ئەمانە بووەتە هۆکار کە رۆژانە دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی دروست ببێت، بەڵام کەس هەڵوێستی وەرنەگرێت و کەس ئەمانەی بە دۆژمنی ئیسلام نەناساند و بەردەوام ئۆفەری تەوبەکردن پێشکەشیان کراوە، بۆیە موسلمان هەرگیز نایەوێت تێبگات کە دۆژمنی ئیسلام (سەما کردن و باوەش و کاریکاتێر و … )نییە، بەلکو دۆژمنی ئیسلام پەروەردەی خراپە.


سەرچاوەی دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگای موسلمان پەیوەندی بە کاریکاتێر و عەلمانییەتەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە کەلەرەقی موسلمانانەوەیە، بۆیە نە کومەڵگایەکی موسلمانان، نە حوکمڕانییەکی موسلمانان، نەبوویتە نموونەیەک کە جیهان چاوی لێ بکات! بەلکو هەر لەو قۆناغەدا ماون کە کافرکردنی خەڵک گەورەترین داهێنان بێت، تەنیا ئەو کەسانەیان خۆش دەوێت کە بەپێی بیرکردنەوەی خۆیان قسە بکات، کەواتە ئیسلام بە دەست موسلمانەکانەوە گیری خواردووە، دەماری غیرەت هەر لەژێر کاریگەری ژیرە شەرانگێزەکەیە.


لەئێستادا دەبێت بگەینە ئەو ئاستەی بیرکردنەوە، کە جەخت کردنەوە لەسەر تەوەری پەرستش(عیبادەت) بۆ سەردەمێک بوو کە خەڵک بتپەرست بوو، ئێستا پێویستە جەخت لەسەر زانست و پەروەردە و ئەخلاق بکرێتەوە، بۆیە هەروەک چۆن لەگەڵ ئەمەدا نیم کە موسلمانێک لە هاندەران لەسەر شەقامی گشتی رێگا بگرێت و نوێژ بکات، لەگەڵ ئەمەشدا نیم کە بە سەما کردن و خۆ فروشتن، کردارێکی دوور لە عورف و کولتووری خەڵک ئەنجام بدرێت.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.