ئەم شەرە دەرونییەی راگەیاندن لەگەڵ خەڵکی کوردستان لە پێناو چی؟
هشیار شکاک
راگەیاندن ( بە تۆرەکانیشەوە ) ئێستا ڕۆلێکی گرنگ و کاریگەری لەسەر هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا هەیە ، تەنانەت کاریگەری لە سەر ڕای گشتی و ڕۆلی لەسەر گۆڕانکاریەکان لە گشت بوارەکانی ( سیاسی و سەربازی و ئایینی و کۆمەلایەتی و ئابوری ) هەیە ، جا بەکارهێنەرانی راگەیاندن دەتوانن لە هەموو بارەدۆخ و هەڵو مەرجێکدا شوێن پەنجەی خۆیان بە ئەرێنی یاخود بە نەرێنی لە ناو کۆمەڵگا و ولاتدا دروست بکەن ، ئەمەش لە سەر ئەو هەواڵ و بابەتە بلاۆکراوانە دەمێنێتەوە کە ئایا رۆخێنەر یاخود بنیاتنەر بن ، لە هەرێمی کوردستان گەر سەیری راگەیاندنی بینەر و بیسراو بکەین دەبینین ئەوەندەی کار لە سەر لایەنی دەرون و نەمانی شیرازەی خێزانی و خراپی بارەدۆخی ئابوری خەڵک و قوڵتر کردنی کیشە و گیرۆگرفتەکانی حکۆمداری و بەرێوەردن دەکەنەوە ، ئەوەندە هەوڵی چارەسەرکردن و بلاۆکردنەوەی بابەتی بەرهەمدار ناکەنەوە ، هەروەک دەبینین راگەیاندنی کوردی هەموو بنەمایەکانی راگەیاندنی تەندروستی پشت گوێ خستووە ، رۆژانە دەرون و عەقلی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرەو ماندوویەتی و رۆخاندن دەبەن ، ئەمەش تەنها لەپێناو بەرژەوەندیی سیاسی و ئابوری خۆیان ئەم کارە دەکەن ، گەر رۆژانە سەیری راگەیاندنی کوردی بە گشتی بکەین چی دەبینین ؟
رووداو نوسیووە فلان کچە مودێل خاوەنی پارەیەکی زۆر و ئۆتومبێلی رەنجی پێیە !
کوردستان۲٤ دەلێ لە شاری هەولێر کورێک باوکی خۆی
کۆشت !
ئێن ئار تی دەلێ حکۆمەتی کاربەرێکەری هەرێم لیستی مووچە
بە دروستی رەوانە ناکات !
کەی ئێن ئێن دەلێ حکۆمەتی هەرێم زانیاری مووچەخۆران بە
وەزارەتی دارایی عێراق نادات !
گەڵی کوردستان دەلێ حکۆمەتی هەرێم دژی خەڵکی سلێمانییە!
کورسات دەلێ یەکێتی ئامادەیە بە راستەوخۆ لیستی مووچەی
مووچەخۆرانی سلێمانی بۆ دارایی عێراق بنێرێت!
کوردستان تیڤی دەلێ دارایی عێراق هەر جارێ بیانوێ لە لیستی
مووچە دەگرێ و نایەوێ رێکەوێ!
ئەرێ بەرهەم و ئامانجی ئەم جۆرە هەواڵانە بەرەو کوێ؟
ئەرێ ئەم شەرە دەرونی و بەرژەوەندی خوازە لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆچی ؟ لە بەرامبەر چی ؟
لە دونیای سەردەم ئۆپۆسیون و بێ لایەن و دەسەلاتدار هەن ، لە بارەدۆخە ئاسایی و خۆشەکاندا تا سەر ئێسکان هەوڵی شکاند و سەرکەوتن بە سەر یەکتریدا دەدەن جا بە شێوەی رووبەروو بێت یاخود بە شێوەیەک لە شێوەکانی راگەیاندن بێت ئەمە شتێکی ئاسایی و نۆرماڵە ، بەلام ئاسایی نییە و ناکرێت لە کاتی هەبوونی کێشە و گیروگرفتەکان بە دەرفەتی بزانی لە پێناو بەرژەوەندییە تایبەتیەکان لایەنی دەسەلاتداری پێ عەیبدار و تۆشی شکست بکەی بێ ئەوەی بیر لە دەرون و بەرژەوەندی خەڵک و کۆمەڵگا و وڵات بکەیەوە ، نکۆڵی لەوە نەکرێت کە هیچ کۆمەڵگا و وڵاتێک بێ کێشە و گیروگرفت نین و نابن ، بەلام بوونی راگەیاندنێکی تەواو تەندروست وا دەکات کە تیشک بخاتە سەر تێكڕای گیروگرفتەكانی كۆمەڵگا و وڵات ، بە هەموو لایەنەکانەوە هەوڵ و بەدواداچوون بۆ ئەو كێشە و گیروگرفتانە بکەن كە ڕووبەڕووی كۆمەڵگا و وڵات بوونەتەوە و دەبنەوە ، بەتایبەتی سێكتەرەكانی بەڕێوەبردنی حكومرانی بە سیستەمی ئابوری و کارگێڕی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و وڵاتەوە ، ئەمەش وا دەکات لە جیاتی مانەوەی ئەو کێشە و گیروگرفتانە و قوڵتر بوونیان ئەوا بەرەو چاسەر کردن و نەمان دەچن ، بەمەش کۆمەڵگا و وڵات رێچکەیەکی جوانی حکۆمداری و بەرێوەبردن بە گشت سێکتەرەکانی بە خۆیەوە دەبینێ ، تەنانەت راگەیاندن دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەر لە دەست نیشانکردن و چارەسەرکردنی كێشەو گیروگرفتە دەرونی و کۆمەڵایەتیەکان ببینێت و سیمایەکی جوانی حکۆمداری و بەرێوەبردن و کۆمەلایەتی و ئاشتی و پێکەوە ژیان بە کۆمەڵگا و وڵات بدات .
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.