هەرێمی کوردستان و ژیانکردن لەناو تیۆری جەنگی داڕوخاندنی (یوری بێزمینوڤ)

” کاتێک نەتەوەیەک دەبێتە قوربانی شکستێکی دەروونی، ئەوە نیشانەی کۆتایی و نەمانی ئەو گەلەیە”

   ( ئیبن خەلدوون )[1]

یور ی بێزمینۆڤ لە ١١/١٢/١٩٣٩ لە مۆسکو لەدایک بووە، ئەفسەر بووە لە سوپای سۆڤیەت. بەهۆی باوکییەوە لە پەیمانگای زمانە ڕۆژهەڵاتییەکان وەرگیراوە، ئەم  پەیمانگایە  سەر بە دەزگای (K.G.B) هەواڵگیری سۆڤیەتی بووە. پاش دەرچوون لە بەشی زمان بۆ هندستان دەگوازرێتەوە، خزمەتی سۆڤیەت دەکات و سۆڤیەتیش چەندین ڕێگای جیاوازی بەکاردەهینا بۆ بنکۆڵکردن و لاوازکردنی گەلانی دیکە، تا خۆی بە سەرداری سۆسیالستەکانی جیهان بمێنێتەوە.

یوری بێزمینۆڤ لە هندستان گوازرایەوە بۆ ( ئاژانسی ڕۆژنامەوانی نۆڤۆستی )کە ناوەندی سەرەکی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە بوو لە دەزگای هەواڵگری سۆڤیەت لە مۆسکۆ. کاری سەرەکی دەبێتە بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست لەسەر وڵاتە بیانییەکان بە ئامانجی بەرزکردنەوەی پایەی سۆڤیەت و تێکدانی دۆخی ناوخۆیی وڵاتانی دوژمن.

دواتر کاتێک یوری بێزمینوڤ لە ئەمریکا نیشتەجێ دەبێت، لە ساڵی ١٩٨٤ یەکێک لە پەرتووکە هەرە گرنگەکانی خۆی بەناوی ( نامەیەکی خۆشەویستی بۆ ئەمریکا) دەنووسێت، ئەم پەرتووکە یەکێکە لەو بەرهەمانەی باسی خاپورکردن و بۆمببارانکردنی کەلتووری دەکات.

بێزمینۆڤ دەڵێت بۆ خاپورکردنی هەر نەتەوەیەک چوار قوناغ گوزەرکردن پێویستە، کەم بەم جۆرە دابەش دەبێت:

  1. قۆناغی یەکەم ( لەناوبردنی ڕەوشت و بەهاکانی کۆمەڵگا )

ئەم قۆناغە پێویستی بە ماوەی ( ١٥ ـ ٢٠ ) ساڵ هەیە، لەم ماوەیەدا کار دەکرێت بۆ دروستکردنی نەوەیەکی نابەرپرس و بێ باک. چونکە پێش ئەوەی بتەوێت هەر وڵاتێک تێکبدەیت، دەبێت هێزی بەرەنگاری لەناوبەریت و خەڵکانێکی دەست بکەیت کە تەنها داوای ماف بکات بێ ئەوەی بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت. ئامانج لەم هەنگاوە لابردنی هەموو ئەو ئاستەنگانەیە کە دێنە پێش ئایدۆلۆژیا نوێیەکەی وڵاتی روخێنەر، کە دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە هەموو بنەما بەهێزەکانی ئایدۆلۆژیەتی نەتەوەیی ئەو وڵاتە لەناو بەرێت. قۆناغی یەکەم کۆمەڵە ئاستێک لەخۆدەگرێت:

  • ئاستی یەکەم ( لەم ئاستەدا کار دەکرێت بۆ لەناوبردن و بێ سەربەرکردنی ئەو ناوەندانەی کە تاکەکان پەروەردە دەکەن وەک

یەکەم ـ بواری ئاینی ـ تێکدانی بنەمای ئاینی زۆر دەستکەوتی دەبێت، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە چەند ڕێگایەک بگیرێتە بەر وەک بەسیاسیکردنی پیاوانی ئاینی، دروستکردنی پێکدژی و ڕقەبەرایەتی لە نێوان پیاوانی ئاینی، کارێک بکرێت پیاوانی ئاینی متمانەی خۆیان لەدەست بدەن لای هاوڵاتیان.

دووەم ـ پەروەردە ـ سیستەمی پەروەردە تێک بدە، ماموستا و خوێندن بێ بەها بکە، بڕوانامە بخە پێش فێربوونەوە، تکی نەزان دروست بکە کە هیچکات ئاشنایەتییان لەگەڵ کتێب نەبێت، وا لە تاکەکان بکە مێژووی خۆیان نەزانن و خۆیان کەم ببینن، کۆمەڵێك گەنجی توڕە دروست بکە کە بەهیچ ڕازی نەبن، خۆیان هیچیان پێ نەکرێت و نەزانن چییان دەوێت، هەوڵ بدە قوتابی لە وڵاتانی بەئامانج کراو بهێنێتە وڵاتی خۆت و ئاشنای وڵاتی خۆتی بکەیت و دواتر بیاننێریتەوە تاکو نوێنەرایەتی کەلتوورەکەت بکەن لە وڵاتی خۆیان، ئاستی زانستی لە زانکۆکان لەناوبەرە، با قوتابی بڕوانامەی هەبێت بەڵام زانستی پێ نەبێت، واتە کارێک بکە نە تاک پەروەردە بکرێت نە فێربکرێت، ئەوکات نەوەیەکی نەزان و ناهۆشیار دروست دەبێت کە گەمژاندنیان زۆر ئاسان بێت.

سێیەم ـ راگەیاندن ـ ڕاگەیاندن بێ سەروبەر بکە، ڕاستییەکان بشێوێنە، سۆزی خەڵک ڕابکێشە، بیروباوەڕی خۆتی تێدا بڵاوبکەوە، نەیارەکان بێدەنگ بکە، سمبوولە نیشتیمانییەکان ناشرین بکە، کێشە سەرەکییەکان بشارەوە، ڕاگەیاندن بکە هۆکارێک خەڵك کات بەفیڕۆ بدات و نەتوانن خۆی دروست بکات و بیر لە بەرەنگاری و شۆڕش بکاتەو.

چوارەم ـ کەلتوور ـ پێویستە ڕۆشنبیر و هونەرمەندەکان ڕابکێشیت و بیانکڕیت، کاربکرێت بۆ دروستکردنی کەسانێک کە وەک ڕۆشنبیر دەناسرێن و لەڕێگەیەوە ئایدۆلۆژیای خۆتی پێ بڵاوبکەرەوە، پێویستە ئەم کەسانە وا گەورە بکرێن تاکەکان بێ ئەوەی نەخۆیان بزانن شوێنیان بکەون و لاساییان بکەنەوە، بێزمینۆڤ ئەو ڕۆژنامەوان و نووسەر و شاعێرانەی ناوی ناون ( بێئاگا بەسووددەکان )

تێکدانی پەیکەربەندەکان

مەهێڵە سوپای نیشتیمانی درووست ببێت، ئەگەرهەشی بوو، ململانێی نێوان سەرکردە سەربازییەکان قوڵ بکەوە و وایان لێ بکە لەیەک ناوەندەوە فەرمان وەرنەگرن.  سوپایەکی لاوازی بێ ئینتیما دروست بکە، لەبواری ئاسایش وایان لێ بکە بە پارە بەگری لە نیشتیمان بکەن و بێ پارە نیشتیمان بەهی خۆیان نەزانن، لەبواری سیاسەتی ناوخۆ، پارتی سیاسی زۆر و پێکدژ دروست بکە. سمبوولە نیشتیمانی و نەتەوایەتییەکان تێک بدە و سمبوولی زۆر دروست بکە، با نەبنە خاوەن یەک سمبوول و پیرۆزی.گرفتی ژیان زۆر بکە تاکو خۆکوشتن زۆر بێت. دانیشتوان بگوازەوە و دیاردەی کۆچ دروست بکە، ڕق و ناکۆکییەکان قوڵ بکەوە، دواتر وایان لێ بکە بڵێن هیچ بە ئیمە چارەسەر ناکرێت، هەوڵبدە بەرپرسەکانی دوژمن فێری لوتبەرزی بکە و دووریان بخەرەوە لە هاوڵاتیان، مەهێڵە دەروونی بەرپرسەکان ئارام بێط و بیر لە خزمەت بکاتەوە، هەمیشە لەناو گرفت سەرقاڵیان بکە تاکو ئاگای لە خزمەتکردن نەبێت، پاراستنی بەرژەوەندی تایبەت و تەماح چاوی بەرپرس کوێر دەکەن ئەمە بکە بە کەلتوور لایان. ( هەمیشە داگیرکردنی کۆمەڵایەتی باشترە لە داگیرکردنی سەربازی، یەکەم هەنگاوی هێرش دەبێت کۆمەڵایەتی بێت، پاش چەند سالێک ئینجا هێرشی سەربازی دەست پێ دەکات ) پێش ئەوەی هێرش بکەیت بۆ هەر وڵاتێک، هاوڵاتییەکان لە دەسەڵاتی خۆیان تووڕە بکە، تووڕەکان یارمەتیت دەدەن لە داگیرکردنی وڵاتەکەیان، ئەگەر وا نەکەییت قوربانی زۆر دەدەیت لە داگیرکردنی هەر وڵاتێک، وا لە دوژمن بکە نەزانێت بەرگری لە کوێ بکات.

  • قۆناغی دووەم ( ناسەقامگیری )

دوای سەرکەوتنی قۆناغی یەکەم، ئەم قوناغە سەرهەڵدەدات ئەم قۆناغەش پێویستی بە (٢ ـ ٥ ) ساڵ هەیە بۆ جێبەجێکردنی، لە ئەنجامی ڕووخانی بەهاکان و لەدەستدانی هیوا و ورەکان، هاوڵاتیان پەنا بۆ هەرکەسێک دەبەن کە بەڵێنی هاوکاری و باشترکردنی ژیانیان بدات، قوڵکردنی ناکۆکی و دەمارگیریی تائیفی، دانانی کەسی نەشیاو لە شوێنی شیاو، کارکردن بۆ ناچارکردنی بە ئەنجامدانی کاری هەڵە، بڵاوپێکردنی سیخوڕ، قەرزارکردنی وڵات و دروستکردنی ناسەقامگیری سیاسی، کۆنترۆڵکردنی  سەرچاوە ئابوورییەکان، ناچارکردن لەوەی هەرچۆن چاکی بکات لەلایەکی ترەوە خراپ بێت، ( ئەگەر ویستت هەیە هەر دەسەڵاتێک بنکەن بکەیت وا لە سیاسییەکان بکە بەڵێنەکانیان لە کردارەکانیان زیاتر بێت و توانای چارەسەرکردنی کێشەکانیان لێ بستێنە) وا لە هاوڵاتیان بکە لە سیاسەت و سیاسەتمەدارەکان بێزاربن و هەمیشە بەپەلە بن لە چارەسەرکردنی دۆخی کۆمەڵگە، لە کاتێکدا ئەم گرفتانەی کە هەیە بە ئاسانی جارەسەرنابن.

  • قۆناغی سێیەم ( قەیرانەکان )

ئەم قۆناغە بۆ ئەنجامدانی، دوو تا شەش مانگ دەخایەنێت، لەم قوناغەدا کاردەکرێت بۆ چالاک کردنی خانە نووستووەکان لە وڵاتی بە ئامانج کراو، سوود لە سەلێشێواوی هاوڵاتیان وەردەگیرێت تاکو لە خزمەت بەرژەوەندییەکان بەکار بێت. لەم قوناغەدا وڵاتی ڕووخێنەر پێویستی بە هێزی سەربازی نابێت بۆ داگیرکردنی وڵاتی بە ئامانج کراو، چونکە هەموو جومگەکانی ئەو وڵاتە کەوتوتە دەست پیاوە نزیکەکانی خۆی، وڵاتی داگیرکار دەوانێت موڵک و سامانی وڵاتی بە ئامانج کراو بخاتە خزمەتی خۆی. بەویستی خۆی بڕیاری سیاسی لەو وڵاتە دەربکات، لەم قۆناغەدا وڵاتی داگیرکار نە هێزی بەکارهێناوە، نە هیچ کەس پێی دەزانێت، وڵاتێکی داگیر کردووە، نە وڵاتی داگیرکراو بەئاسانی دەتوانێت هەڵبستێتەوە و سەروەری خۆی بەدەست بهێنێتەوە، ناشتوانێت هیچ بەرگرییەک بکات و نازانێت لەکوێوە دەست بە چاکسازی بکات.

  • قوناغی چوارەم ( ئاساییکردنەوە )

دوای ئەوەی هاوڵاتیان ویست و توانای بەرەنگاریان لەدەستدا، کارکردن لەسەریان ئاسان دەبێت. بایەخ بە سوپا و هێزی سەربازی و هەواڵگیری دەدرێت، هەموو بەرەنگارییەک لەناو دەبرێت، سەرکردەیەک لە دەسەڵات دادەنرێت کە گوێ لەمست و دارەدەست بێت، سەبارەت بە ( بێئاگا بەسوودەکان ) کە ( رۆژنامەنووس و شاعێر و نووسەر و خۆفروشەکان ) زۆربەیان دەخرێنە زیندان و هەندێکیشیان لە سێدارە دەدرێن لەبەرئەوەی هیچ بەهایەکیان نامێنێت، بێگومان هیچ بوارێک نادرێت بە ڕەخنەگرتن لە رژێمی نوێ  و ئایدۆلۆژیای نوێ.[2]

بۆ ئەوەی لەقوڵایی ئەم تیۆرە تێبگەین و کاریگەرییەکانی بە وردی شیکارمان کردبێت، دەگەرێنەوە بۆ (گۆستاف لۆبۆن ) فەیلەسوفی گەورەی فەرەنسی کە باسی جەماوەرەکان دەکات، بێگومان ئەم تیۆرەی ( جەنگی داڕوخاندن ) وەک دیار بوو بنەرەتی جێبەجێکردنی بریتییە لە پرۆسەی لەهاوڵاتیبوون خستن و لە نەتەوەیبوون خستنە، بەجەماوەرکردنی تاکەکانی کۆمەڵگا بە ئامانج گیراو.

گۆستاف لۆبۆن دەڵێت ” چەند هۆکارێک لە پەیدابوونی تایبەتمەندییەکانی نێو سروشتی جەماوەر و کۆمەڵە کاریگەرن، یەکەم هۆکار ئەوەیە کە هەریەک لە تاکەکانی کۆمەڵە و جەماوەرێک، تەنیا بەهۆی هەبوونی لەنێو کۆمەڵەکەدا، هەست بە توانایەکی لەببنەهاتوو و هەرگیز تێکنەشکاو دەکات، ئەمەش ڕێگەی بۆ خۆش دەکات ملکەچێ هەندێک ڕەمەک بێت، ئەگەر  ئەو هەستەش نەبووایە ملکەچ نەدەبوو. تاکەکە بە ویست و بژاری خۆی ملکەچیی دەنوێنێ چونکە جەماوەر بە سروشتی خۆی بێئاگا و دەبەنگە هەر بۆیە هەست بە بەرپرسیارەتی ناکان، جا لەبەر ئەوەی هەستکردن بە بەرپرسیارەتی تاکەکان جڵەو دەکات و ڕێگرییان لێ دەکات، بەڵام لە دۆخێکی وەهادا بەتەواوی برز دەبێت و دەسڕێتەوە.[3]

بەمجۆرە لۆبۆن پێمان دەڵێت تاکی بەجەماوەر بوو کۆمەڵە تایبەتمەندی هەیە لەوانە :

  1. لە ئەقلانییەت دابران و لەنائەقلانیەت شوناس وەرگرتن.
  2. تەواوی جووڵەکانی لەژێر کۆنترۆڵی ئەو لایەنەدایە کە لە ڕێگەی ئایدۆلۆژیا و پروپاگەندە و هەژموونی دەروونی، دەستی گرتووە بەسەر جەماوەردا.
  3. هەموو کردەوەکانی تاک دەچنە چوارچێوەی ( بێئاگایی )
  4. تاک وەک ئامراز بەکاردەهێنرێت بۆ گەیشتن بە ئامانجی بەرامبەر کە زۆربەی جار ئەم ئامانجە دژی بەرژەوەندی و سەروەری تاکەکانە.

لێرەدا بەرچاوروونی تەواومان بۆ دروست بوو لەبارەی ئەم جەنگی داڕوخانەی بێزمینۆڤ، ئەتوانین گشتگیری بکەین و خاڵێکی ورد کۆی بکەینەوە، ئەم تیۆرە ئەچێتە خانەی ( جەنگی دەروونی ستراتیژی )

ئەم جەنگە دەروونیە ئاراستەی هەموو ئەندامانی دوژمن دەکرێت، بە خەڵکی مەدەنی و سەربازەوە، بە چەندین شێواز بەکاردەهێنرێت، ئەم شێوە جەنگە دەروونییە لە ڕووی زەمەنیەوە لەپێش پێکانی ئامانجەکان بە دووربینی ناسراوە، واتە دوور ئامانجە بە کات و شوێنی دیاریکراو و پەیوەست نییە، ئامانجی بەدەستهێنانی پەیوەندیکردنی جەماوەرییە کە ئاڕاستەی خەڵکانێکی زۆر و شوێنێکی فراوان دەکرێت و مەبەستیشی لێی کارکردە بۆ سەر ڕاوبۆچوون و ڕەفتار، دەرەوەی مەبەستی بەدەستهێنانی ئامانجەکانی وڵاتە.[4]

جەنگی دەروونی و دۆخی هەرێمی کوردستان

لە پاش ریفراندومی سەربەخۆی کوردستان، جەنگی دەروونی لەسەر کوردستان بە رووخسارێکی نوێ دەستی پێی کردووە، قوناغێکی نوێ دەستی پێی کردووە و دەزگا میدییاییەکانی وڵاتی دەوروبەر و هەندێک لە دەزگا خۆمالییەکانێس ڕۆڵێکی یەکجار گەورە لەم جەنگەدا دەگێرن، تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە بەررەی جەنگی سەرەکی و لەهەمان کاتدا بوونەتە ئامرازی سەرەکی جەنگ. ئەم لایەنانەی ئەو جەنگەیان بەرپاکردووە، مەبەستی سەرەکییان هەیە ئەوێش کوشتنی گیانی فیداکاری و بەرگری و ملکەچکردنە بە مەرجەکانی داگیرکەران.[5]

سەرچاوەکان

  1. کتێبی سیاسەت ( ڕاڤەکردنی هزرە مەزنەکان بە زمانی سادە )، کۆمەڵێک نووسەر، وەرگێرانی رەسوول سولتانی، کۆمەڵگای فەرهەنگی ئەحمەدی خانی، ٢٠٢٠.
  2. کۆمەڵناسی جەنگ، سورین ئەکرەم، چاپخانەی تاران، ٢٠٢٠.
  3. سایکۆلۆژیا جەماوەر، گۆستاف لۆبۆن، وەرگێرانی سەڵاح سەعدی، چاپخانەی ڕۆژهەڵات ـ هەولێر، ٢٠١٧.
  4. جەنگی دەروونی، د.ئاراس فریق زەینەڵ، چاپخانەی چوارچرا، ٢٠١٩.\
  5. جەنگی زانیاری ( سیخوڕی ـ سێکس ـ فریودان )، سیروان حسێن بیەیی، چاپخانەی رۆژهەڵات ـ هەولێر، ٢٠١٨.

[1] کتێبی سیاسەت، ١١٤.

[2] کۆمەڵناسی جەنگ، ٨٥ـ ١٠٠.

[3] سایکۆلۆژیای جەماوەر، ٥٣.

[4] جەنگی دەروونی، ٣٦.

[5] جەنگی زانیاری، ١٨٨.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.