رووخساری راسته‌قینه‌ی مامۆستا له یاده‌وه‌ری قوتابییه‌كانیدا
مه‌عروف حه‌مه‌دسه‌عید
مامۆستای سه‌ركه‌وتوو ئه‌و مامۆستایه‌یه كه به‌هۆی توانا و كارامه‌یی خۆی و وه‌رگرتنی زانست و زانیاری و به سوود وه‌رگرتن له ئه‌زموونی كه‌سانی دیكه به به‌رده‌وامی په‌ره به چاككردنه‌وه‌ی شێوازی هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ قوتابیان ده‌دا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕۆڵی مامۆستا لە پۆلدا کۆتایی نایەت و له پشتگیری‌کردن و هاوکاریکردن و بەهێزکردن و چاندنی متمانە بەخۆبوونی قوتابییه‌كانی خۆی ده‌بینێته‌وه. توانا و كارامه‌یی مامۆستای ڕاستەقینە تا كۆتایی له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانیدا ده‌مێنێته‌وه و زۆرترین جار لە مێشکیاندا ناسڕێته‌وه. پێویسته مامۆستا شێوازێكی نه‌رم و نیان و زانستیانه په‌یڕه‌و بكات و به‌ر له‌وه‌ی ده‌ست به خوێندنی بابهتهكان بكات سه‌رنجی قوتابیان بۆ لای خۆیدا رابكێشێت و له‌گه‌ڵیدا هه‌ست به ئاسووده‌یی بكه‌ن و خۆشیان بوێت، ده‌بێ ره‌چاوی ئه‌وه بكا كه كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانیدا ده‌مێنێته‌وه ته‌نانه‌ت دوای ده‌رچوونیان له‌و قوتابخانه و قۆناغه‌ی كه تێیدا وانه‌یان پێ ده‌ڵێته‌وه. قوتابییه‌ك دوای چه‌ندین ساڵ مامۆستاكه‌ی به‌بیر دێته‌وه و به سه‌رسامییه‌وه باس له شێوازی فێركردن و بونیادنانی كه‌سایه‌تی قوتابییه‌كان ده‌كات، وه‌كو نموونه‌یه‌كی جوان و باڵا ده‌گێڕێته‌وه كه: مامۆستاكه‌مان هیچ كاتێك پێینه‌ده‌گوتین (وڵامه‌كه‌تان هه‌ڵه‌یه)، پێیدهگوتین (له وڵامی راست نزیكبوونه‌ته‌وه… كێ ده‌توانێت وڵامێكی دیكه‌م پێ بڵێت؟)، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جوانترین ده‌سته‌واژه كه مامۆستا له‌به‌رامبه‌ر وڵامی هه‌ڵه‌دا پێی ده‌گوتین ئه‌وه‌بوو (ئافه‌رین… ئه‌مه وڵامێكی زۆر راست و به‌جێی پرسیارێكی دیكه‌یه).
مامۆستا هه‌رچه‌نده زیره‌ك و پر له زانست و زانیاری بێت ئه‌گه‌ر وانه‌كات قوتابییه‌كانی خۆشیان بوێت، ئه‌وا چێژ و سوود له‌و وانه‌یه نابینن و فێر نابن و به‌مهۆیه‌وه له قۆناغه‌كانی دواتری خوێندنیشیان رقیان له‌و بابه‌ته ده‌بێته‌وه و ئاستی زانستیان باش نابێت. وه‌كو نموونه‌یه‌ك له‌مرووه‌وه قوتابییه‌ك یاده‌وه‌رییه‌كی زۆر ناخۆش و تاڵی له خه‌یاڵدانی خۆیدا هه‌ڵگرتووه، به تێپه‌ڕبوونی ده‌یان ساڵ نه‌یتوانیوه له‌بیری بكات. ئه‌و به‌ده‌م هه‌ستێكی توڕه‌ی په‌نگخواردووی نێو ناخیدا رۆژانی قوتابخانه و مامۆستایه‌كی وا باس ده‌كات: ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی منداڵێكی كهمدو و شه‌رمن بووم و وه‌كو ئه‌وانی دیكه نه‌مده‌توانی به‌شداری گفتوگۆیه‌كانی نێو پۆل بم، مامۆستاكه‌م له‌به‌رده‌م هاوپۆله‌كانم به هه‌ڵچوونه‌وه پێی ده‌گوتم (تۆ نه‌خۆشی ده‌روونیت هه‌یه، بریا نه‌ك مامۆستا… به‌ڵكو دكتۆری ده‌روونی بام تاكو چاره‌م كردبای). بوونی نموونه‌ی وا رۆژانه و ساڵانه دووباره ده‌بنه‌وه. كێ ده‌توانێت كۆتایی به‌و كێشه و مه‌ینه‌تییه بهێنێت… بێگوما ن مامۆستا. زۆر گرینگه مامۆستا به زه‌وق و سه‌لیقه بێت و به وته‌ی جوان و شیرین و پاداشتكردن و پاڵپشتیكردن و هاوكاریكردنی قوتابییه‌كانی هه‌وڵی ئه‌وه بدا په‌ره به لایه‌نی په‌روه‌رده‌یی و زانستی‌یان بدات. له كاتێكدا كه پرسیار له قوتابی ده‌كات و وه‌ڵامه‌كه‌ی نازانێت ئه‌وه به‌و واتایه نیه كه مرۆڤێكی به‌تاڵ و بێ كه‌ڵكه و شایسته‌ی ئه‌وه نیه بایه‌خی بدات، به پێچه‌وانه‌وه مامۆستا ده‌بێ هه‌وڵی دۆزینه‌وه هۆكاری نه‌زانین و ئاسته‌كه‌ی بدات. مامۆستا ده‌توانێت رۆڵی داهێنه‌رانه‌ی له پیشه‌كی خۆیدا هه‌بێت و رێگه‌چاره بدۆزێته‌وه. وه‌كو ئه‌وه‌ی مامۆستایه‌كی ئه‌مریكی به‌ناوی كایتی شوارتز له قوتابخانه‌یه‌كی شاری دینفه‌ر له ویلایه‌تی كلۆرادۆ، هه‌ست به‌وه ده‌كا كه درزێك كه‌وتۆته نێوانی ئه‌و و قوتابییه‌كانیدا و رۆژانه ئه‌و درز و دووركه‌وتنه‌وه‌یه له فراوانبوون و گه‌وره‌بووندایه. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكات، پرۆژه‌یه‌كی بچووكی به‌ناوی (بریا مامۆستاكه‌م بیزانیبووایه) ئاماده كرد. پرۆژه‌كه‌ی وابوو كه هه‌ر قوتابییه‌ك پارچه كاغه‌زێكی پێی بدا كه ئه‌و پرسیاره‌ی لێ نووسرابوو(ده‌ته‌وێ چ شتێك له‌باره‌ی تۆوه بزانم؟).
مامۆستا به وڵامی قوتابییه‌كانی تووشی شۆك بوو، یه‌كێك له منداڵه‌كان نووسیبووی (خۆزگه مامۆستاكه‌م ده‌یزانی كه هاوڕێم نیه یاری له‌گه‌ڵدا بكه‌م). یه‌كێكی دیكه گوتبووی (خۆزگه مامۆستاكه‌م بیزانیبووایه كه‌وا چه‌نده بیری باوكم ده‌كه‌م… رۆژانه ده‌چمه ژووره‌كه‌ی كه‌چی له‌وێ نیه، ئه‌و بۆ مه‌كسیك دیپۆرت كراوه‌ته‌وه و منیش بێ باوك ماومه‌ته‌وه)، قوتابییه‌كی دیكه نووسیبووی (خۆزگه مامۆستاكه‌م ده‌یزانی كه له ماڵه‌وه هیچ قه‌ڵه‌مێكم نیه تاكو ئه‌ركه‌كانی ماڵه‌وه‌ی پێ بنووسم). قوتابییه‌كی دیكه باسی له‌وه كردبوو كه خوشكه‌كه‌ی نابینایه و به درێژایی رۆژ یارمه‌تی ده‌دات و هیوای خواستبوو كه مامۆستا هه‌ست به‌و دۆخه‌ی ئه‌و بكات، یه‌كێكی دیكه بێزاری خۆی له كه‌شی ماڵه‌وه باسكردبوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دایك و باوكی هه‌رده‌م ناكۆكن و له‌گه‌ڵ یه‌كتری به‌شه‌ڕ دێن و گوتبووی بریا مامۆستا له‌جیاتی لێپیچینه‌وه بیزانیبووایه بۆچی نه‌مخوێندوه.
مامۆستاكه له‌باره‌ی ده‌ره‌نجامی پرۆژه‌كه‌ی ده‌ڵێت: به‌هۆی وڵامی راستگۆیانه‌ی قوتابییه‌كان ئاگاداری لایه‌نه شاراوه و نادیاری ژیانی ئه‌وان بووم كه كاریگه‌ری به‌سه‌ر نزمبوونی ئاستی زانستی‌یان و دووركه‌وتنه‌وه‌یان له من و قوتابخانه هه‌بوو، بۆیه یه‌ك یه‌كه سه‌ردانی ماڵباته‌كانیان ده‌كات و ئه‌وه‌ی له توانای ئه‌ودایه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان ده‌یكات. لە هەمووی گرنگتر مامۆستاكه ئاگاداری بارودۆخی قوتابییه‌كانی بوو… لە ژێر ڕۆشنایی ئەوەدا مامەڵەی لەگەڵدا كردن و وایكرد قوتابخانەکە بکاتە هۆكاری پشتیوانی بۆیان، نەک بارگرانی به‌سه‌ریانه‌وه. ئه‌وه‌بوو دواتر پرۆژه‌ی مامۆستاكه گواسترایەوە بۆ زۆرێک لە قوتابخانەکان و بە شێوەیەکی و فه‌رمی جێبەجێ کرا.
مامۆستا نابێت هیچ قوتابییه‌ك پشتگوێ بخات و ده‌بێ هه‌مووان به‌یه‌ك چاو سه‌یر بكات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌وه بكه‌ن دڵسۆز و په‌رۆشی پاشه‌ڕۆژی ئه‌وانه. ئه‌وه‌ی ئاستی زانستی باش نیه و ئه‌و قوتابییانه‌ی كه لاسار و سه‌ره‌ڕۆن زۆرتر هه‌وڵیان له‌گه‌ڵ بدرێ و ترس و دڵه‌ڕاوكێیان له‌لادا نه‌مێنیت . فه‌رامۆشكردنیان له‌لایه‌ن مامۆستاوه و به‌شداری نه‌كردنیان له چاڵاكییه‌كانی نێۆ پۆل و گفتوگۆدا واده‌كات له خوێندن و ئاماده‌كردنی ئه‌ركه‌كانی زیاتر داببڕێت.
دواجار بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی مامۆستایان راكێشین كه كه‌سایه‌تی و هه‌ڵوێست و هه‌ڵسوكه‌وتیان چه‌نده كاریگه‌ری به‌سه‌ر قوتابییانه‌وه جێده‌هێڵێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئاسه‌وار و یاده‌وه‌رییه‌كی خۆش له هزری قوتابییان جێ بهێڵیت و زۆر به وریایی و دڵسۆزی و لێزانییه‌وه ره‌فتاریان له‌گه‌ڵدا بكات… خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و نامه‌یه‌ی كچه قوتابییه‌ك كه بۆ مامۆستاكه‌ی نووسیوه؛ زۆر لایه‌نی تاریك له كه‌سایه‌تیمان وه‌كو مامۆستا رۆشن ده‌كات، زۆر پرسیارمان به‌ڕوودا ده‌كاته‌وه و ده‌مانخاته به‌رده‌م لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ خۆماندا كه تا چه‌نده ئه‌و چهوتییانهمان كردوه و تا چه‌نده به‌رده‌وامین له‌سه‌ری.
ده‌قی نامه‌ی كچه قوتابییه‌ك بۆ مامۆستاكه‌ی:
ئه‌وه‌تا حه‌فت ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونم له‌و قوتابخانه‌یه تێدپه‌ڕێت كه جه‌نابت تێیدا وانه‌ت پێده‌گوتین. تاكو ئێستاش وشه‌كانت له‌نێو گوێم‌دا ده‌زرینگێنه‌وه دڵ و ده‌روونم ئازار ده‌ده‌ن، من كه‌سێكی بێكهڵك و شكستخواردوو نه‌بووم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چێژم له وانه‌كه‌ت نه‌ده‌بینی كه زۆرترین كات به شان و باڵی خۆتدا ده‌گوت و باست له پاڵه‌وانێتی خۆت ده‌كرد. هه‌ر كه قوتابییه‌ك به‌ده‌م قسه‌كانت وه‌نه‌وزی بدایه و چاوی له‌سه‌ر ده‌مت نه‌بووایه سه‌رزه‌نشتت ده‌كرد و پێتدهگوت: (هاااااا، چویته كوێ…. بۆ ئاگات لێم نیه …. تۆ له‌ژیانتدا نابیته هیچ و ته‌نها كه‌سێكی فاشیلیت و هیچی تر). سه‌یره تۆ ئه‌و پرسیاره‌ت له‌خۆت نه‌كرد و به‌خۆت نه‌گوت (ئاخۆ من ئه‌و كه‌سه‌م قوتابییان وه‌كو پێشه‌نگ و نموونه قه‌بوڵم بكه‌ن و شوێن قاچه‌كانم بكه‌ون؟). ئاخر مامۆستا پێم ناڵێیت تۆ چ داهێنانێكت كرد… تۆ بۆ ماوه‌ی بیست ساڵ و رۆژانه ته‌نها بابه‌ته‌كانی یه‌ك په‌رتووكی پرۆگرامی خوێندنت دووباره كرده‌وه، من له ئێستادا قۆناغی زانكۆم زۆر به سه‌ركه‌وتوویی تێپه‌ڕاند… ئه‌و كاته‌ی له‌سه‌ر ره‌حله‌یه‌ك له‌به‌رامبه‌رت دانیشتبووم جێی بایه‌خی تۆ نه‌بووم، تكا ده‌كه‌م مامۆستا له ئه‌مڕۆدا خه‌می منت نه‌بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من كۆڵنادهم تاكو رێگای دواڕۆژی خۆم نه‌بینمه‌وه.
هه‌رگیز ئه‌وه له‌بیر ناكه‌م كه رێگات به كوڕی هاوڕێیه‌كه‌ت ده‌دا له تاقیكردنه‌وه‌دا گزی بكا و تووڕه‌یی خۆتت به‌سه‌رمدا هه‌ڵده‌ڕشت كه نمره‌ی باشم به‌ده‌ست نه‌هێنایه، له ئه‌مڕۆدا زۆر به لێهاتوویی و زانابوونه‌وه فێری زمانی ئینگلیزی بووم و ئه‌وه‌م بۆ ئاشكرا بوو كه فێرنهبوونمان له‌و كاته‌دا تۆ هۆكاره‌كه‌ی بوویت نه‌ك ئێمه.
مامۆستا گیان، ژیان هیچ كاتێك ته‌نها یه‌ك كۆپی نه‌بووه تاكو هه‌مووان پێیوه‌ی پابه‌ند بن. هیچ پێویستیم به‌وه نیه له پزیشكیدا بخوێنم تاكو بۆ جیهان بسه‌ڵمێنم كه من شایانی ئه‌وه‌م تێیدا بژیم، سه‌ركه‌وتن ته‌نها له قوتابخانه‌دا به‌دی نایه… ده‌شێ له‌گه‌ڵ دایك و باوك و كه‌سوكارم مرۆڤێكی سه‌ركه‌وتوو بم و ئه‌وه‌نده به‌لای منه‌وه به‌سه، تكا ده‌كه‌م له‌و نموونه‌یه‌ی باسم كرد سه‌رت سوڕ نه‌مێنێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ئه‌مڕۆدا زۆر كه‌من ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌سوكاریاندا باشن و چاكه ده‌نوێنن، خۆت به پرسیاركردن له‌باره‌ی منه‌وه سه‌خڵه‌ت مه‌كه، ئه‌وه‌تا حه‌فت ساڵ به‌سه‌ر ناخۆشیدا تێپه‌ڕی و بێگومان كاتی به‌خشینی ئارامی و ئاسووده‌یی بۆ رۆحه‌كان به‌ڕێوه‌یه.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.