دیدگایی روونى سەرۆک بارزانى بۆ چارەسەرى ئاشتیانەى دۆزى کورد لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا
رێبوار حەمەلاو شوانى
زیاتر لە یەک سەدەیە داگیرکەرانى کوردستان هەموو جۆرە زەبر و چەک و ستەمکارى و کۆمەڵکوژییەکیان بۆ ڕێشەکێشکردن و سڕینەوە و گۆڕینى دیموگرافیایی کوردستان گڕتەبەر و تاقى کردەوە ، بە هەزاران رۆڵە ئەم نیشتیمانەیان کە تەنها داواى گەراندنەوەى مافى ئازاد و سەربەستى نیشتیمانەکەیان دەکرد شەهید و شوێن بزر کرد، بەڵام لێرەدا ئەوەى جێگەى هەڵوەستەکردن و گرنگە نەیاران و دوژمنانى ئەم خاک و نەتەوەیە بزانن ، بەکوێ گەیشتن ؟ ئایا توانیان ئیرادەى خۆنەچەمێنى کوردستان شکست پێبێنن یانیش ناچارى بکەن دەستبەردارى ئامانج و مافەرەواکانى بێت ؟ پرسیارەکەشى روون و ئاشکرایە ، شۆڕش و راپەرین و خۆڕاگرى نەتەوەکەمان وایکردووە کە لەلایەک پارێزگارى لە شوناس و مێژوو مان بکەین لەلاەیەکى تریشەوە خەبات لە پێناو بست بە بستى ئەم نیشتیمان درێژەى هەیە و پاشگەز بوونەوەش نییە و ئاگر و ئاسن و گەمارۆدان و برسیکردن نەیانتوانى کاروانى خەبات و بەرخودانمان بوەستێن.
هەموو ئەم راستییانەى دوێنى و ئێستا لە هەڵوێست و ووتارە مێژووییەکەى سەرۆک بارزانى لە لە پێنجەمین کۆڕبەندى ئاشتى و ئاسایش لە رۆژهەڵاتى ناڤین کە بە ( مێپیس )ناسراوە ، کە دەیان سەرکردە و کەسایەتی سیاسى و ئاکادێمى و دیپلۆماتکار لە سەر ئاستى ناوچەکە و جیهانى بەشداریان کردبوو بە روون و راشکاوەى ئاماژەى پێکرا کە جێگەى سەرنج و بایەخى هەمووان بوو .
یەکەم،، سەرۆک بارزانى، بە روونى ئاماژەى بە سەرکەوتنى دیموکراسى هەرێمى کوردستان لە هەڵبژاردنەکانى 20ى ئۆکتۆبەرى 2024 دا کە ، قەوارەى هەرێمى کوردستان کە بەرهەمى خەبات وقوربانیدانى دەیان ساڵەى گەلى کوردە چەندە گرنگ و جێگەى بایەخە ، چەندە سەروەرى و بەهێزى و یەکپارچەى هەرێمى کوردستان کە خۆى لە ( یەک هەرێم ، یەک پەرلەمان ، یەک حکوومەت و یەک هێزى پێشمەرگە ) دەبینێتەوە ، ستراتیژى و ویستى هەموو کوردێکى نیشتیمانپەوەر و دڵسۆزە لەناوچەیەکى پر کێشە وململانێدا ، ئەوەش ئاماژەیە کە ، ئەم ڕوانگە و پەرۆشیە پێمان دەڵێت کە کوردستان خاوەن ڕابەر و پێشمەرگەیەکى فیداکارە کە ، توانیوێتى لە ناوچەیەکى پر ئاڵۆزدا هەرێمى کوردستان بکاتە نموونەیەکى جوانى دیموکراسى وئاشتى و پێکەوەژیان .
دووەم ،، ستراتیژى و دیدگاى هەمیشەیی سەرۆک بارزانى ، بۆ پرسە گرنگ و چارەسەنووسازە نەتەوەیی ونیشتیمانییەکان ئاشتى و گفتوگۆیە کە هەمیشە جێگەى بایەخى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و دۆستانى گەلى کوردبووە ، هەر ئەوەش لە ووتارە گرنگ و مێژووییەکەى سەبارەت بە تایبەتمەندى دۆزى کورد لە بەشەکانى ترى کوردستان بە وردى ئاماژەى پێکرد ، کە دەبێت و گرنگە بە پێى تایبەتمەندى هەر بەشێکى ترى کوردستان مامەڵە لەگەڵ ماف و پرسى کورد بکرێت ، لە هەمان کاتیشدا ، چارەسەرى ئاشتى و دیالۆگ باشترین ڕێگە چارەسەرە ، ئەوەش وەک هەمیشە بیروباوەرى پتەوى سەرۆک بارزانى لە رووى نیشتیمانپەوەرى و کوردپەوەرى بۆ دۆزى کورد و لە هەمانکاتیشدا هەموو کات پیشتیوانى ئاشتى و پێکەوەیی خستۆتەڕوو بۆ ئایندەى رووداو و پێشهاتە چاوەروانکراوەکانى ناوچەکە .
سێیەم ،، بۆ سەرۆک بارزانى ، سەروەرى و تایبەتمەندییەکانى گەل و نیشتیمانەکەى لە رووى ئاینى و کەلتوورى و مێژووى و زمان وەک کۆمەڵگەى کوردوارى و پابەند بە داب و نەریتەکانى بەشێکى تایبەت و گرنگى ووتارە مێژووییەکەى بەڕێزیان بوو لە کۆڕبەندى ئاشتى و ئاسایشى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، ئەوەش ئاماژەیە بەوەى کە هەرگیز خۆسەپێنى و دەوڵەتێکى دروستکراو و سەپێندراو لە ئێستا و ئایندە بۆ گەلى کورد قبووڵ ناکات و دەبێ هەموو تایبەتمەندییە نەتەوەیی و ئاینى و داب و نەریتییەکانى وەک خۆى پارێزراو بێت و ئەوەش ویستى هەموو خەڵکى کوردستان بە هەموو نەتەوە و پێکهاتە و ئایین و ئایینزاکانییەوە .
بە شێوەیەکى گشتى و بە ئاماژەدان ووتارە مێژووییەکەى سەرۆک مسعود بارزانى لە کۆنفرانسى ( مێپیس )، ئەو راستییە روونە کە هەرێمى کوردستان و سەرکردایەتییەکەى بە تایبەتى بارزانى باوەرێکى تەواوایان بە ئاشتى و پێکەوەژیان هەیەو و بریارى خۆسەپاندن و پیلانگێرى و گەمارۆدان و هەر جۆرە سیناریۆیەکى تر ناتوانێت لە ستراتیژ و ئامانجەکانمان دوورمان بخاتەوە ، لە هەمانکاتیشدا هەرێمى کوردستان وەک قەوارەیەکى یاسایی و دەستوورى ژیرانە مامەڵە لەگەڵ گۆرانکارى و پێشهاتەکان دەکات و نابێتە بەشێک لەو شەڕ و ململانێیانەى کە لە ناوچەکە دەستی پێکردووە ، بەڵکو هەمیشە ئامرازێکى بەهێز بۆ پاراستى ئاشتى و ئاسایش و پێکەوەژیان و هەر بە پێشەنگى دەمێنێتەوە و هەمیشەش نموونەیەکى جوان بوو لە دیموکراسى و پێکەوەیی و ئارامى و سەقامگیرى کە دەبێتە ببێتە وانەیەکى باش .
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.