زیرەکیی دەستکرد و مرۆڤسەنتەریی
بازنەیەک دەکێشین، هەموو چەمک، بابەت، بوار و لایەنە پێوەندیدارەکانی زیرەکیی دەستکرد کۆدەکەینەوە بۆ قسەلێکردن و شی و شەن و شیتەڵ و شرۆڤەکردنیان، بەڵام دەبێ لە نێوەڕاست و چەقی ئەو بازنەیەدا بە گەورەیی بنووسین (مرۆڤ)، لەگەڵ بینینی هەموو ئەوانی تردا، دەبێ چاومان لەسەر (مرۆڤ) لانەبەین، دەبێ ڕێک وا بکەین، چونکە ئێمە، ئەوانەی لە بواری کەلتووردا کار دەکەین، مرۆڤ تەوەر و سەنتەر و ئارمانجمانە، ئێمە بەدوای قازانج، کۆنتڕۆڵ، هەژموون و لایەنداریی نامرۆڤییەوە نیین، هەر ئەوەش دەبێتە جۆرێک لە چارەسەر، تایبەت لەم قۆناغەدا، کە گرفت زۆرترە لە چارەسەر.
مرۆڤ ماندوو و شەکەتی گرفتەکانە، ژیان قورس بووە و هەندێ لە چەمکە مرۆڤییەکان لە گرێژنە دەرچوون و هەندێکییش لە مەترسی و هەندێکیشییان لەبەردەم پرسیاری گەورەدان، سیاسەت، کە کایەی بەڕێوەبردنی وڵاتە، تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا، خەریکە دەبێتە جۆرێک لە گرفت و، خۆ بوارەکانی ئایین، ئابووری، بازرگانی و، تەنانەت زانستییش، وەک دکتۆر ئالان دۆنۆ، لە کتێبە بەنێوبانگەکەی خۆیدا:(سیستەمی پڕوپووچی ـ نظام التفاهة) باسی دەکات، دەبێتە بەشێک لە لارەڕێ و ناڕاستی!..
بۆ قسەکردن لە زیرەکیی دەستکرد، وەک ئاماژەمان بۆ کرد، دەبێ (مرۆڤ) سەنتەر بێت، جگە لە مرۆڤسەنتەریی، سەبارەت بە زیرەکیی دەستکرد پێویستمان بەجۆرێک لە حەزەر و پرسیار هەیە، نابێت بە خۆڕادەستکردنەوەوە قسە لەو بوارە پڕ پرسیارە بکەین، چونکە ئەگەر بە خۆڕادەستکردنەوەوە داخڵی قسەکردن بووین، باش نابینین، گۆشەکان ناپشکنین، لە پشتەوەی بابەت و ماناکانیان حاڵی نابین، ئەمەش وا دەکات بکەوینە نێو چاڵی نەبینینەوە.
کەلتوور بینینمان بۆ دروست دەکات، شیانی پرسیارمان لا دەچێنێت و دەستمان دەگرێت بۆ جۆرێک لە گومان، گومانێک، کە قودرەتی دۆزینەوەی یەقینی هەبێت، ڕاستە لە ئێستادا زیرەکیی دەستکرد وەک دەرفەت دەبینرێت و هەموومان بەرخوردی دەگەڵدا دەکەین و سوودی لێ دەبینین، بەڵام ئایا هەروا دەمێنێت؟.. ئایا نابێتە مەترسی؟.. نابێتە هەڕەشە؟.. مرۆڤ بێ ڕۆح ناکات و ڕەنگگۆڕیی لە چەمک، تێگەیشتن، بەها و چێژەکان ناکات؟.. دەبێ بە پرسیاری قووڵەوە داخڵی ئەم گفتوگۆیە بین، گفتوگۆیەک حەزەر دەگەڵ خۆیدا هەڵگرێت بۆ دڵنیایی، دڵنیایی مرۆڤ لە بەیانی، لە دەوروبەر، لە تەکنەلۆژیا، کە سەراپای ژیانی لێ وەرگرتۆتەوە، بۆیە دەبێ بازنەکەمان لەبەرچاو بێت، ئەو بازنەیەی لە دەستپێکی ئەم وتارەدا باسمان کرد، ئەو بازنەیەی مرۆڤ سەنتەرە و ئەوانی تر دەوریان داوە، لە تەک بازنەی یەکەم، کە (مرۆڤ) مان لە چەق و بینیندا وەک سەنتەر جێکردەوە، دەبێ هاوکێشەیەکی تریش بکێشین، هاوکێشەکەش ئەمەیە: زیرەکیی دەستکرد لەنێوان دەرفەت و مەترسیدا دابنێین، بەمەش لە خۆڕادەستکردنەوەوە دەربازی ئەقڵانییەتی گفتوگۆیەک دەبین، کە بەرهەمەکەی مرۆڤ و سالاریی مرۆڤ دەیدوورێتەوە.
دونیا، تایبەت نێوەندە بازرگانییەکان لە مشتومڕ و مقۆمقۆی ئەوەدان، جۆرێک لە چێکردنی دوودڵیی سەبارەت بە زیرەکیی دەستکرد بخەنە نێو نێوەندە زانستییەکانەوە، زانستیش مژوولی شەن و کەوکردنێکی ناتەکنەلۆژیانەی ئەو بوارەیە، کوردیش هێشتا لە شۆک و ڕامان و سەراسیماییدایە و نەپرژاوەتە سەر گفتوگۆیەکی ڕژد، ئەم هەنگاوەی گۆڤاری هەردەم ناویەتی، بەڕاستی جێی دەستخۆشییە و بەدڵنیاییەوە دەبێتە سەرەتای زەمینەسازیی ئەو گفتوگۆ ڕژدەی چاوەڕێ دەکرێت.
دکتۆر سالار عوسمان
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی
بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
———————
سەرچاوە
گۆڤاری هەردەم: ژمارە 3، ساڵی 2024
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.