وەزارەتی بەرگری ڕووسیا هەواڵی هێرشی مووشەکی بۆسەر کۆبوونەوەی ئەفسەرانی سەربازی ئۆکرانیا و ڕاوێژکارانی ڕۆژئاوای بڵاوکردەوە.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند، دوێنی5 ی نیسان 15 مووشەکی ئاراستەی کۆبوونەوەی ئەفسەرانی سوپای ئۆکرانیا و ڕاوێژکارانی ڕۆژئاوا لە ڕێستۆرانتێکی شاری کریڤی ڕیه کردووە.
هەروەها ڕووسیا ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا لانی کەم ٨٥ کەس کوژراون.
بە گوتەی کاربەدەستانی ئۆکرانیا، هێرشەکەی دوێنێی ڕووسیا بۆ سەر شاری کریڤی ریە بە یەکێک لە خوێناویترین هێرشەکانی ئەمساڵی مۆسکۆ دادەنرێت.
ئۆکرانیا ژمارەی کوژراوەکانی هێرشەکە بە 19 کەس دەخەمڵێنێت کە نۆ کەسیان منداڵن.
هەروەها وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە 4ی نیسان ڕایگەیاند، سوپای ئەو وڵاتە لە ئۆپەراسیۆنێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە دۆنێتسک، 100 سەربازی ئۆکراینییان کوشتووە.
ڕووسیا لە 24 شوباتی 2022 ئۆپەراسیۆنی سەربازی خۆی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و لەو کاتەوە پێکدادانی کوشندە لە نێوان هەردوو وڵات بەردەوامە.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی؛ سەرۆکی ئۆکرانیا پێشتر ڕایگەیاندبوو، لە سەرەتای لەشکرکێشی ڕووسیا تا ئێستا 43 هەزار سەربازی ئۆکرانیا کوژراون و 370 هەزار سەربازیش برینداربوون.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.